نیاز حامید: پەکەکە ویژدانی گەلە و دەبێت لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت

نیاز حامید شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوە و کاپیتالیزمەدایە و وتی، "هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا بەواتای پێشگرتنە لە پرۆژە چارەسەریی ئاشتییانەی پەکەکە...

نیاز حامید شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوە و کاپیتالیزمەدایە و وتی، "هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا بەواتای پێشگرتن لە پرۆژە چارەسەریی ئاشتییانەی پەکەکە دێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان".

نیاز حامید شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی کەمپەینی جیهانی بۆ دەرهێنانی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لیستی تیرۆر، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەنجامدا و رایگەیاند، "پەکەکە ویژدانی گەلە و دەبێت لە لیستی تیرۆر دەربهێنکرێت".

سەرەتا لەبارەی گرنگی دەرهێنانی پەکەکە لەو لیستە وتی: دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین گرنگە، پەکەکە ئیتر تەنها پارتێک نییە، بەڵکو پرۆژە چارەسەرییەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، هەروەها خاوەنی چارەسەرییە بۆ هەموو ئەو ئاڵۆزییانە، کە دەوڵەت-نەتەوە و کاپیتالیزم لە ناوچەکەدا دروستییان کردووە.

نیاز حامید وتیشی: پەکەکە ڕێباز و فەلسەفە و چارەسەرییە، لە بواری کرداریشدا پێکەوەژیانی دروستکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان، بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ڕێگایەکی بۆ هەموو جیهان دیاریکردووە، هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بەواتای درێژکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دێت، هەروەها بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، پەکەکە خاوەنی ئایدۆلۆژیا و تیۆر و فەلسەفەیە، ویژدانی گەلە بەتایبەتی گەلی کورد کە بەسەر چوار دەوڵەت – نەتەوەدا  دابەشکراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی وت: "هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپا، گەورەترین ئاستەنگییە لەبەردەم ئاشتی هەرێمایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، هەروەها هێشتنەوەی فاشیزم و درێژکردنەوە کۆمەڵکوژی و داگیرکردنی کوردستانە، هەروەها ڕێگرتنە لە پرۆژە چارەسەری ئاشتی، بۆیە دەبێت کۆتایی بەمە بهێنن و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت.

نیاز حامید شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییشدا وتی: هەموو دەزانین، کە هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر پێچەوانەی یاسا و  مافی مرۆڤ و مافی چارەی گەلانە، تەنها پیادەکردنی سیاسەتێکی چەپەڵە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکان، پەکەکە فیگەرێکی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و نوێنەرایەتی ٦٠ ملیۆن کورد دەکات، بۆیە دەبێت لە لیستی تیرۆر دەربکرێت.

ژ.ت