پەکەکە کۆمەڵگایەکی هەستاندە سەرپێ کە هەڵوەشێندرابووەوە' -٢-

جەمیل باییک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی ٤٢مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە قسەی کرد و وتی، "پەکەکە کۆمەڵگایەکی هەستاندە سەرپێ کە لەبەریەک هەڵوەشێندرابوو و بۆ مرۆڤایەتی کردە هێوا."

جەمیل باییک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و لەبارەی ٤٢مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە قسەی کرد.

پەکەکە لەهەمان کاتدا خۆی بە بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتی پێناسە دەکات. لە بارودۆخی ئێستادا هەموو کەس دەڵێت، کاپیتالیزم لە قەیرانێکی قوڵدایە. ئەوەش بۆ مرۆڤایەتی کێشەى گەورە دروست دەکات. پەکەکە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا رۆڵی چی دەبێت؟

رێبەر ئاپۆ کاتێک تازە پەکەکەى دامەزراند، لەسەر بنەمای ئینتەرناسیۆنالیست دایمەزراند. پەکەکە هەر لە سەرەتاوە بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتی بوو. ئەگەر رێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە سەرەتادا بەها مرۆڤایەتییەکان و ئینتەرناسیۆنالیزمیان نەکردایەتە بنەما، ئەوا پەکەکە دەبووە بزووتنەوەیەکى ئاسایی. نەیدەتوانی بۆ مرۆڤایەتی و بۆ گەلی کورد بجوڵێتەوە. چونکە ئەوانەى لە یەکەم رۆژەکانی دەستپێکردندا هاوڕێیەتیی رێبەر ئاپۆیان کرد، کورد نەبوون، خەڵکی کوردستان نەبوون. هەڤاڵ حەقی و هەڤاڵ کەمال پیر بوون. هەم لەبەر ئەوە بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتیی ئافراند و هەمیش ئەو دوو هەڤاڵە کادێر و جەنگاوەری ئینتەرناسیۆنالیست بوون. هاوڕێیەتیی ئەوان لەگەڵ رێبەرایەتی زۆر گەورە بوو.

هێشتا هیچ لە گۆڕێ نەبوو ئەوان پێکەوە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ جوڵانەوە. رێبەر ئاپۆ بزووتنەوەکەى لەسەر ئەو بنەمایانە دامەزراند. ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە بووە بە بزووتنەوەیەکی ئینتەرناسیۆنالیست هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا هۆکاری تریش هەیە. کێ بیەوێت کێشەى کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئازادی چارەسەر بکات، دەبێت بزووتنەوەکەى لەسەر بناغەى ئینتەرناسیۆنالیست دابمەزرێنێت، چونکە کێشەى کورد کێشەیەکی ئاسایی نییە، ئیدی بووەتە گەردوونی. ئەوانەى دەیانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن دەبێت هێڵی ئینتەرناسیۆنالیست بۆ خۆیان بکەنە بناغە، تێکۆشان لەسەر ئەو بنەمایە بەرێوەببەن. لەو کاتەدا بزووتنەوەیەکی دیموکراتیک، ئازادیپارێز و سۆسیالیست بەدی دێت.

هەموو شتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئافرێنرا و جیهان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا. هەر چۆن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بناغەى جیهان، کوردستانیش بناغەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. شۆڕشی نیۆلۆتیک (کشتوکاڵ) لەسەر ئەم خاکە روویدا. ئەوە بۆ جیهان شۆڕشکێ گەورەیە. لەبەر ئەوانە کێشەى کورد نەک تەنها کاریگەری لەسەر کوردستان دەکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکات. لەبەر ئەوەش کوردستانیان پارچە پارچە کرد و سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردیان خستەگەڕ. ئەوەى بیەوێت لە کوردستان بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی، دیموکراتیک و ئازادیپارێز دروست بکات، ئەوەى بۆ دەردەکەوێت کە هەموو جیهان لە دژیەتی. ئەی چۆن لە بەرامبەر ئەو جیهانە بوەستێتەوە؟ ئەگەر ئینتەرناسیۆنالیست بۆ خۆی بکات بناغە ئەوا دەتوانێت بوەستێتەوە. رێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە ئەو هێڵەى بۆ خۆی کردە بنەما. بزووتنەوەى پەکەکە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا و هێشتاش لەسەر ئەو بنەمایە تێدەکۆشێت.

"گەورەترین کێشەى مرۆڤایەتی سیستمی کاپیتالیستە"

لەبەر ئەوەى بزووتنەوەکەمان لەسەر بناغەى ئینتەرناسیۆنالیست دامەزراوە، کاتێک رەئال سۆسیالیزم هەڵوەشایەوە، هەموو ئەوانەى خۆیان بە سۆسیالیست پێناسە دەکرد رایانکرد، کەس خاوەنداریی لە سۆسیالیزم نەکرد، بەڵام رێبەر ئاپۆ وتی، "پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرییە لەسەر مرۆڤایەتی". خاوەنداریی لە سۆسیالیزم، بەها مرۆڤایەتییەکان و کۆمەڵگە کرد. رێبەر ئاپۆ و پەکەکە هەرگیز تەنها کورد و تەنها چارەسەرکردنی کێشەى کوردیان بۆ خۆیان نەکردووەتە بناغە، لەگەڵ ئەوەدا بە بەردەوامی چارەسەریی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤایەتیان کردووە بە بناغە. لەبەر ئەوەش هەر کەس رێبەر ئاپۆ و ئەو بزووتنەوەیە بۆ خۆی بە هیوا و ئومێد زانی. رێبەر ئاپۆ تەنها بە رێبەری گەلی کورد نازانن، بەڵکو بە رێبەری خۆشیانی دەزانن. لەگەڵ گەلی عەرەبدا چەند گەلێکی تریش ئەوەیان راگەیاندووە.

لەبەر ئەوەش رۆژ بە رۆژ باشتر خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ و بیر و رامانەکەى دەکەن. بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ کەمپەین رێکدەخەن و رۆژ بە رۆژ ئەو کەمپەینە بەهێزتر دەکەن. بۆ؟ چونکە خاوەنداری لە خۆیان دەکەن. لە کەسایەتیی ریبەرایەتیدا ئامانج و هیواکانی خۆیان دەبینین. چونکە ئەو بزووتنەوەیە چارەسەریی کێشەکانی مرۆڤایەتیی لە ئەستۆ گرتووە، لە رۆژی دەستپیکەوە بۆ دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی دەجوڵێتەوە. مرۆڤایەتی بە کام پارادیگما کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەوەى بۆ خۆی کردە بناغە. هەم لە بیر و راماندا و هەم لە کردەوەدا ئەوەیان پێکهێناوە.

گەورەترین کێشەى مرۆڤایەتی چییە؟ سیستمی کاپیتالیستە. ئەو سیستمە بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەڕەشە و مەترسییە. نەک تەنها ئێمە، ئیدی هەموان ئەوە دەڵێن. دەڵێن، ئەو سیستمە کۆتایی بە مرۆڤایەتیی هێناوە، کۆتایی بە ژیان هێناوە. پاندمی (پەتای جیهانگیری کۆرۆنا) ئەوەى زۆر بە روونی خستە بەرچاو. لەبەر ئەوە مرۆڤایەتی ئیدی گفتوگۆ لەبارەی خۆ رزگارکردن لەو سیستمە دەکات. بە دوای ئەڵتەرناتیڤ دا دەگەڕێن. رێبەر ئاپۆ لە بەرگرینامەکەیدا ئەوەى دەستنیشانکردووە. یانی بۆ رزگاری لەو سیستمە پارادیگمای ئافراندووە. لەبەر ئەوەش لەسەر شێوازی ئافراندنی کۆمەڵگەى دیموکراتیک راوەستاوە.

ئەگەر ئێوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکتان دەوێت دەبێت ئازادیی ژن بۆ خۆتان بکەنە بناغە

ئەگەر ئێوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەئافرێنن دەبێت ئەو شتانە، کە ژیان بە مرۆڤایەتی دەبەخشن بۆ خۆتان بکەنە بناغە. ئەو شتە چییە؟ ئیکۆلۆژی (ژینگەیە). راستە لە جیهاندا زۆر لەسەر ژینگە رادەوەستن، بەڵام کێ شۆڕبووەتەوە بۆ بناغە و رەگە مێژووییەکانی ژینگە؟ رێبەر ئاپۆ. هیچ کەس بە ئەندازەی رێبەر ئاپۆ نەچووەتە قوڵایی بناغە مێژووییەکانی ئەو کێشەیە. لەبەر ئەوەیە رێبەر ئاپۆ لێرەدا خزمەتێکی گەورە دەکات. هەروەها بۆ ئەوەى ئێوە بتوانن کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیات بنێن دەبێت ئێوە ئازادیی ژن بۆ خۆتان بکەنە بناغە. چونکە ئازادیی ژن بناغەى هەموو ئازادییەکانە. ئەگەر ئێوە ئازادیی ژن بۆ خۆتان نەکەنە بناغە، ئێوە ناتوانن کەس ئازاد بکەن و تێکۆشانەکەتان بێ ئەنجام دەبێت.

لەبەر ئەوەش رێبەر ئاپۆ پارادیگمای خۆی لەسەر ئازادیی ژن، ژینگە و دیموکراسی بونیاتناوە. سیستمەکەى سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. بۆ گەلان سیستمێکی بێ دەوڵەت و بێ دەسەڵاتداریی خوڵقاند، ئەوەى بۆ مرۆڤایەتی ئافراند. لە دژی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست گەورەترین چەکی دایە دەستی مرۆڤایەتی. بەوەش رێزی بۆ سۆسیالیزم زیاتر کرد. هێرشی کاپیتالیزمی بۆ سەر رەئال سیۆسیالیزم پووچ کردەوە.

ئەوانەى پێداگری لەسەر مرۆڤایەتی دەکەن، ئەوانەى دەیانەوێت کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر بکەن، بۆ خۆیان سۆسیالیزم دەکەنە بناغە. ئەو دۆخە رۆژ بە رۆژ تێگەیشتنی زیاتری بۆ دروست دەبێت. هەموو کەس باشتر خاوەنداری لە پارادیگمای رێبەرایەتی دەکەن، بۆ خۆیان بۆ هیوای دەزانن. ئەو هیوایە رۆژ بە رۆژ باشتر گەشە دەکات و گەورە دەبێت. ئەوەش بۆ ئێمە شەرەفێکە.

هەڵمەتی "گۆشەگیری، داگیرکەری و فاشیزم بەسە، کات کاتی ئازادییە" لە مانگی ٣هەمیندایە. دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قۆناغەکانی بە کوێ گەیشتوون، تاوەکو ئێستا ئێوە چ ئەنجامێکتان لێ بە دەستهێناوە؟

دەبێت ئێمە باش ببینین، کە هەڵمەتەکە لە چ بارودۆخ و هەلومەرجێکدا دەستیپێکرد. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆن هەم لە ناوەوە و هەمیش لە دەرەوە شەڕێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. گوشار، زوڵم، نادادی بێسنوور بوو. سەرباری ئەوانەش شەڕێکی تایبەتی دەروونی و سایکۆلۆژییان بەڕێوەدەبرد. هەموو رۆژێک لە راگەیاندنەکانیاندا راگەیاندراو و لێدوانیان بڵاودەکردەوە و دەیانەوت، "هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە سەرکەوتون، ئەنجامی زۆر باش بە دەست دەهێنن". بۆ ئەوەى کەس لە دژیان نەوەستێتەوە و بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بە ئاسانی بەڕێوەببەن ئەوانە دەکەن. لە ناوچەکە شەڕی جیهانیی سێیەم روودەدات. لەو هەلومەرجەدا لە نێوان لایەنەکانیشدا کێشە هەبوو، هەر کەس دەیخواست بەرژەوەندیی خۆی بەهێز بکات. ئەوەیان هەموو کات بۆ خۆیان بە هەل دەزانی و هەم لە دەرەوە و لە ناوەوە خواستیان دەسەڵاتەکەى خۆیانی پێ بەهێز بکەن.

زوڵمیان لە کوردان، دیموکراتەکان و هەموو ئەو کەسانە دەکرد، کە لە دژی دەسەڵاتەکەیان بوو. ئێمە لەو هەلومەرجەدا هەڵمەتەکەمان راگەیاند. چونکە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆن دەیانخواست لەو رێگەیەوە ئیرادە و بڕوای هەموو کەسێک تێکبشکێنن. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هەڵمەتەش نیشاندانی ئەو ساختەکارییەی دەسەڵات بوو. زوڵم و زۆردارییەکەیان بە مانای ئەوە نییە، کە سەرکەوتون. بەپێچەوانەوە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لاواز دەەبن. بۆ ئەوەى لاوازیی خۆیان بشارنەوە ئەو پڕوپاگەندانە دەکەن.

ئێمەش هەم بۆ ئەوەی ساختەکاریی دەسەڵات نیشان بدەین و هەمیش ئیرادە، بڕوا و تێکۆشان لە دژی هێرشی بێ ئیرادەکردن بەهێز بکەین، دەستمان بەو هەڵمەتە کرد. هەر خۆی بزووتنەوەکەمان و شەڕڤانانی ئازادیمان بە قوربانیدانی زۆر گەورە تێدەکۆشن و پیرۆزباییان لێدەکەم. ئەوە هەڵمەتی تێکۆشانی بەهێزتر کرد. ئێمە رووی راستەقینەى دەسەڵاتمان ئاشکرا کرد و پڕوپاگەندەکانیانمان لە دژی گەل پووچ کردەوە. هەڵمەتەکەمان وا دەکات کە رۆژ بە رۆژ تێگەیشتنی زیاتر و باشتر لەبارەی دۆخی ئێمەوە دروست ببێت. لە دژی بێ ئیرادەکردن، ئیرادە و لە دژی ورەشکاندن ورەبەرزی، لە دژی نائومێدی، ئومێد و لە دژی ترسنۆکی ئازایی دەئافرێنین.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن مایەپووچ بووە

دوای هەڵمەت ل دژی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن، هەڵوێستێکی بەهێز نیشاندرا. ئەوەش دەسەڵاتی لاواز کرد. ئەوەش بووە هۆکاری ئەوە لە نێوانیاندا کێشە دروست بێت. ئەگەر ئێمە ئەو هەڵمەتەمان دەستپێنەکردایە، بەو هەڵمەتە ئیرادە، باوەڕ و هیوا نەئافرێندرایە، ئەوا دەسەڵات بەرنامەکانی خۆی بە ئاسانی درێژە پێدەدا. ئاشکرایە، کە زۆر ناڕەحەتی و سەختی دەکێشن و کێشەى زۆر زۆریان بۆ دروستبووە. کێ ئەوە دەکات؟ پەکەکە دەیکات. تێکۆشانی گەریلا ئەوە دەکات.

ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە ناوەندی ئەو هەڵمەتەدایە. لەبەر ئەوەش بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە جیهاندا کەمپەین دەستیپیکرد. کەمپەینەکە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت. دەزانن رێبەر ئاپۆ لە دژی سیستمی کاپیتالیست ئەڵتەرناتیڤی ئافراندووە، بۆیە باشتر خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ و بیر و رامانەکانی دەکەن. یانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن مایەپووچ بووە. لە دژی ئەوەش پەکەکە لەلای  گەل و مرۆڤایەتی قازانج دەکات و سەردەکەوێت. لە ئێستا بە دواوەش قازانج دەکات و سەردەکەوێت.

لە نێوان بەغدا و هەلێردا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بۆ کۆنترۆڵکردنی شەنگال رێککەتنێک ئیمزا کرا و چەند رۆژ لەوە پێش سوپای عێراق هێزێکی گەورەی رەوانەی شەنگال کرد. ئەنجوومەنی شەنگال لە دژی ئەوە لێدوانی دا و راگەیاندراوی بڵاوکردەوە. ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟.

داوای ئەنجوومەنی شەنگال لە جێی خۆیدایەتی. دەبێت عێراق بە ئیرادەی هەندێک لە دەوڵەتانی دەرەوە نەجوڵێتەوە. دەبێت بەرژەوەندیی خۆی بکاتە بناغە. دەبێت بە گوشار و شەڕ ئەنجام بە دەست نەهێنێت، ئەوە هەڵەیە. ئەوە خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناکات. هەر خۆی عێراق چەندین کێشەى قوڵی هەیە و بەو کارانەش کێشەکانی عێراق قوڵتر دەکەنەوە. ئەو دۆخە خزمەت بە تورکیا دەکات. تورکیا دەیەوێت بەو شێوەیە بێت. لەبەر ئەوەش دەبێت عێراق کێشەى خۆی لەگەڵ شەنگال لە رێگەى دیموکراتیکەوە چارەسەر بکات. کۆمەڵگەى ئێزدی کۆمەڵگەیەکی مەزڵومە. نایەوێت جارێکیتر فەرمانیان بەسەردا بێتەوە. چونکە کەس ئەوانی نەپاراست، نە عێراق و نە حکومەتی باشووریش.

کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، کۆمەڵگەى ئێزدی بێ رێکخستنکراو و بێ چەک رادەستی چەتەکانی داعش کرا. داعش کۆمەڵکوژیی کرد، ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی دیلکرد، زۆرێکیانی فرۆشت و زۆرێکیشی کوشتن. کۆمەڵگەى ئێزدی لە دژی ئەوە تێکۆشا. لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا ناوچەکانی خۆیان رزگارکرد و خاوەندارییان لە خۆیان کرد. دام و دەزگایان بۆ خۆیان دروستکرد و خۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن. ئەگەر دەوڵەتی عێراق توانیویەتی جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ شەنگال ئەوە لە سایەی ئەو تێکۆشانەوە بووە. ئەگەر ئەو تێکۆشانە نەبوایە، عێراق نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە. ئەگەر عێراق توانیویەتی بچێتەوە شەنگال دەبێت سوپاسی کۆمەڵگەى ئێزدی بکات. کۆمەڵگەى ئێزدی بە تێکۆشان ئەو دەرفەتەى ئافراند. ئێستا بە گوشار لەسەر کۆمەڵگەى ئێزدی دەیانەوێت بەپێی خواستی هەندێک وڵات دۆخی شەڕ دروست بکەن، ئەوە راست نییە. کۆمەڵگەى ئێزدی خزمەتێکی گەورەی پێکردوون، دەبێت عێراق ئەوە ببینێت. دەبێت نەڕوات بۆ شەنگال.

شەنگال چیی دەوێت؟ دەوڵەتیان ناوێت، نایانەوێت جیا ببنەوە، خۆبەڕێوەبەرییان دەوێت، دەیانەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و بپارێزن. ئەوە زیان لە کەس نادات. بۆ عێراقیش باشترە. چونکە کارێک دەکەن، کە عێراق دیموکراتیک ببێت و لە جیهاندا رێزی لێبگرێت. عێراق بۆ ئەوە قبوڵ ناکات، لێی تێناگەین. کێشەکان بە هێزی سەربازی چارەسەر نابن. بەڵێ بەوە کۆمەڵگەى ئێزدی زیانی پێدەگات، بەڵام زیان هەرە گەورەکە بەر عێراق دەکەوێت. دەبێت حسابی ئەوە بکەن. دەبێت کۆمەڵگەى ئێزدی، گەلی کورد و مرۆڤایەتی گوشار و زوڵم و شەڕ لە دژی ئێزدییەکان قبوڵ نەکەن. دەبێت لە دژی ئەوە بوەستنەوە. کۆمەڵگەى ئێزدیش ئەوەی دەوێت، رۆژ رۆژی خاوەنداریکردنە لە کۆمەڵگەى ئێزدی.

ژ.ت