پەرلەمانی فەرەنسا سەربەخۆیی قەرەباغی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا بە زۆرینەى دەنگ سەربەخۆیی قەرەباغی پەسەند کرد و دەوڵەتی فەرەنساش خۆی لە پەسەندکردنی سەربەخۆیی قەرەباغ بە دوور دەگرێت.

پرۆژە پێشنیازی پەسەندکردنی سەربەخۆیی قەرەباغ لەلایەن فراکسیۆنی کۆماریی راستڕەو (LR)، کە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسایە، پێشکەشی پەرلەمان کرا و بە ٣ دەنگی دژ و بە ١٨٨ دەنگی بەڵێ سەربەخۆیی قەرەباغ پەسەند کرا.

لە بڕیارەکەدا داوا کراوە سەربەخۆیی قەرەباغ پەسەند بکرێت و پرۆسەى ئاشتی دەستپێبکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە سیناتی فەرەنسا (ئەنجوومەنی باڵا) بڕیاری سەربەخۆیی قەرەباغ پەسەند کرابوو.

ئۆلیڤەر فاوری پەرلەمانتاری سۆسیالیست، کە بڕیارە لە رۆژانی ٦ – ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سەردانی قەرەباغ بکات رایگەیاند، "ئێمە لەو بڕوایەدا نین، کە بەهۆی باڵادەستیی رووسیاوە و لە دوای رێککەوتنی ئاگربەست، چارەسەریەکی هەمیشەیی بۆ کێشەى قەرەباغ بەدی بێت".

قەرەباغ لە ساڵی ١٩٨٨ تاوەکو ١٩٩٤ گۆڕەپانی شەڕێکی گەورە بوو لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا. لە دوای ماوەیەک لە راوەستانی شەڕ دووبارە لە ٢٠٢٠دا ئازەربایجان بە پشتیوانی تورکیا دەستی بە شەڕێکی نوێ لە قەرەباغ کرد و لە ماوەى ٦ هەفتە  هەزاران کەس کوژران و برینداربوون و ئازەربایجان بەشێک لە ناوچەکەى داگیرکرد.

لە رۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و لە ژێر گوشاری کرملین دا، ئەرمینیا تووشی شکست کرا و ئاگربەستێکی پێ واژۆ کرا، کە بووە هۆی لەدەستدانی چەندین شار و ناوچە.

ژ.ت