قۆناغی ٢٥ی نۆڤەمبر دەستی پێکرد: ژنان لە گوندی ئاکارسەل کۆبوونەوە

تەژەئا ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەلی بە بیرهێنایەوە و دەستی بە چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبر) کرد.

بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە دروشمی " لە دژی فاشیزم و کۆمەڵکوژی ژنان، ئێستا کاتی ئازادییە"، لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی تێکۆشان لە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان،لە گوندی خالیکانی ناوچەی جیهانبەیلی کۆیا سەردانی گۆڕی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوە ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەلی کرد، کە لە باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرابوو. ژنان بەو سەردانە دەستیان بە چالاکییەکان کرد.

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ئایشە ئاجار باشاران، پەرلەمانتار فاتمە کورتولان، گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، شەڤین جۆشکون، ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی، رێکخستنی هەدەپەی ئەنقەرە و ناوچەکان، کەسوکاری ئاکارسەل و ژمارەیەک زۆر لە ژنان بەشدارییان لە سەردانی گۆڕستاندا کرد.

رێگرییەکانی پۆلیس و سەربازان

ژنان لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ گوندەکە لەلایەن جەندرمەوە رێگرییان لێکرا، دوای پشکنین چوونە ناو گوندەکەوە. ژنان کە چوونە سەردانی گۆڕستان لەلایەن پۆلیسەکانەوە گەمارۆ دران، قوماشێکی مۆر، بەیبون و دەستە گوڵی سوریا لەسەر گۆڕی ئاکارسەل دانا.

چالاکوانی تەژەئا دەریا ئارسەلان لە یادەکەدا قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە ئاکارسەل لەپێناو راستیدا تێکۆشاوە وەک رێبوارانی ئەو راستییە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.  

' ئەو فیشەکانە ئاراستەی هەموومان کران'

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئایشە ئاجار باشاران باسی لەوەکرد کە ئاکارسەل ژینای خۆی لەپێناو تێکۆشانی ئازادی و تێکۆشانی ژناندا بەخت کرد و وتی، "لەم جیهانەدا کە ژنان پشتگوێ دەخرێن، ئەو کەسایەتییەی کە بە پێرسپێکتیڤ و رێنمایی ژن ژیانی نوێی دروست دەکرد، لە سلێمانی بە ١١ گولـلە تیرۆر کرا. ئەو فیشەکانەی بەر هاوڕێمان ناگیهان کەوت، تەنیا ئەو فیشەکانە لە جەستەی ئەو نەدران، ئەو فیشەکانە بەرامبەر تێکۆشانی ژنانی کورد کە دژی سیستمی پیاوسالار خۆڕاگری دەکەن، تەقێنراون". هاویژراون.

باشاران وتی، "تا بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان ، لە هەموو جیهان و بەتایبەتی لە کوردستان تێدەکۆشین. ئێمە تا ئەمڕۆ زۆر جار تیرۆر کراوین، گیراون و رووبەڕووی توندوتیژی بووینەتەوە. بەڵام دەستمان لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە. ئەمڕۆش جارێکی تر پەیمانی خۆمان بۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادی دوپات دەکەینەوە".

ژنان دواتر چوونە سەردانی دایکی ئاکارسەل.

هـ . ب