شاندێکی ئەمریکا سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد

لە چوارچێوەی سەردانە دیپلۆماسیەکانی شاندە بیانیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا، دوێنێ کۆمسیاری ئازادی ئایینی نەتەوەیی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبووە.

کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆنگرەی ستار و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە قامشلۆ ئەنجامدرا.

شاندەکە پێکهاتبوو لە نادینە مەنزا جێگری سەرۆکی کۆمسیارەکە و ستیڤ بورگەر مەترانی ویلایەتی تەنەس ناشویڵ پێک دێت.

شاندە بیانیەکە سەرەتا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبووە. عەبدولکەریم عومەر سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جێگرەکەی ئەبیر ئێلیا، مزگین ئەحمەد ڕاوێژکاری کۆمیتەکە و کەمال ئاکیف وتەبێژی کۆمیتەکە پێشوازیان لە شاندەکە کرد.

کەمال ئاکیف وتەبێژی کۆمیتەکە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکەدا پێشکەوتنەکانی سوریا بە تایبەتی لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گفتوگۆیان لەسەرکراوە و وتی،"شاندە ئەمریکیەکە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەدژی پێکهاتەکانی هەرێمەکە وەک کورد، عەرەب، سوریانی و پێکهاتەکانی تر، ئاوارەکردنی خەڵکەکە، کوشتن، تالانکردن، دەستدرێژیکردن و گوڕینی دیموگرافیا و کەلتور لە هەرێمە داگیرکراوەکان ئاگادارکرایەوە."

ئاکیف ئاماژەی بەوەکرد کە ڕاپۆرتی ئەمسالی دەستەی ئایینی ئەمریکا و گرنگی دادگاییکردنی هەموو لایەنەکان کە مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردووە، بابەتێکی تری گفتوگۆکان بوو کە نادینە مەنزا جێگری سەرۆکی کۆمیتەکە ئامادەی کردبووە."

ئاکیف راشیگەیاند کە ئەوان چاوەڕێی ڕاپۆرتی شاندەکەن کە دوای گەرانەوە بۆ ئەمریکا بڵاوی دەکەنەوە.

دووەم کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنگرەی ستار ئەنجامدرا. ئاسیا عەبدوڵلا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار و رەمزیە محەمەد وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ناوەندی پەیوەندیەکانی کۆنگرەی ستار لە قامشلۆ پێشوازیان لە شاندەکە کرد.

چاوپێکەوتنی هەردوو لایەن دوو بەردەوام بوو. هەردوولا باسیان لە کێشەکانی هەرێمەکە بەتایبەتی کێشەی ژنان، دەستکەوتەکانی هەرێمەکە، ئاستەنگی و ئازارەکانی دانیشتووانی هەرێمەکە و رۆلی سەرەکی ژنانی هەرێمەکانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو لایەنەکانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی کرد

لەبارەی چاوپێکەوتنەکە رەمزیە محەمەد وتەبێکی کۆنگرەی ستار وتی،"سەردانی شاندەکە بە ئامانجی زانینی چۆنیەتی خەباتی کۆنگرەی ستار، دۆخی ژنان لە هەرێمەکە و سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە هەرێمەکە بوو."

کۆنگرەی ستار زۆر بەڵگەی لەبارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەدژی ژنانی سوریا بە گشتی و ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، بە تایبەتی تاوانەکانیان لەدژی ئەندامانی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار پێشکەش بە ئەندامانی شاندەکە کرد.

رەمزیە محەمەد باسی ئەوەشی کرد کە ئیدی شاندەکە ئاگاداری ئازارەکانی ژنانە لە هەرێمەککانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هەڕەشەکانی چەتەکانەوە دروست بوون و وتی، "پێویستە فشار لەسەر ئەمریکا دروست بکرێت کە هەڕەشە و داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە کۆتایی پێبهێنێت."

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنەکەدا بۆ شاندە ئەمریکیەکە باسی لە پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە هەرێمە داگیرکراوەکان کرد وەک گۆڕینی دیموگرافی، قڕکردنی سیاسی، ئەتنیکی و ئایینی و هێنانەوەی داعش و وتی، هەڵگرتنی ئاڵاکانی داعش لە سەرێکانی و عەفرین لەم دواییانە نمونەیەکی بەرچاوی ئەوەن.

فۆزا یوسف تەئکیدی کردەوە کە دەوڵەتی تورک نەک بە تەنها لەسەر گەلی کورد بەڵکو مەترسیە لەسەر هەموو هەرێمەکە.

شاندە ئەمریکیەکە ڕایگەیاند کە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاکە هەرێمە کە ئازادی ئایینی و کەلتوری تێیایدا هەیە و باسی ئەوەی کرد کە بۆ هەمیشەییکردنی ئارامی لە هەرێمەکە ئەوان پشتگیری خۆیان دەردەبڕن.

بڕیارە شاندەکە سەردانی شاری ڕەقا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەو شارە دیدار ئەنجام بدەن.

ف.ق