تالیبان ئەم جارە رادیۆی دەنگی ژنانی داخست

تالیبان لە قەدەغەکاری و گوشارەکانی دژی ژنان بەردەوامە. ئەم جارەیان رادیۆی 'دەنگی ژنان'ی داخست، کە لەبارەی بێبەشکردنی کچان لە خوێندن بەرنامەی پێشکەش کردبوو.

لە ئابی ٢٠٢١ و ئەو کاتەوەی تالیبان لە ئەفغانستان گەڕاوەتەوە سەر حوکم، تائێستا چەندین قەدەغە بەسەر ژناندا سەپێندراون. لە دوایین نمونەدا ٣٠ ئادار وێستگەی رادیۆیی 'دەنگی ژنان' لە بادغەیس داخرا.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و کولتوری تاڵیبان رادیۆی خۆجێیی 'دەنگی ژنان'ی بە بە پاساوی ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا موزیکی پەخش کردووە، داخست.

لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری رادیۆکە ناگالا شێرزاد باسی لەوەکرد، لە راستیدا بە هۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامە لە دژی بێبەشکردنی کچان لە خوێندن کە بووەتە مایەی توڕەیی بەرپرسانی تالیبان، ئەو بڕیارە دراوە. وتیشی، دوای ئەوەی تالیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت زۆر جار سزای جیا جیا لەوانە سزای راگرتنی پەخشی بەسەر رادیۆکەدا سەپاندووە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو رێگرییانەوە کارمەندانی رادیۆکە لەماڵەکانی خۆیانەوە بەرنامەکانیان پێشکەش دەکرد.

هـ . ب