تورکی داگیرکەر و پەدەکە بۆ دروستکردنی بارەگای سەربازی دار دەبڕنەوە

سوپای تورکی داگیرکەر بە هاوبەشیی لەگەڵ بەرپرسان پەدەکە دارستانەکانی سنووری گوندی هرورێ-ی ناوچەی بەرواریی دەبڕنەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان تائێستا دەیان بارهەڵگر دار بڕدراون و براونەتە شاری شرناخی باکووری کوردستان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە سەرچاوە هەرێمییەکانەوە دەستیکەوتووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی هرورێ لە ناوچەی بەرواری بارەگایەکی نوێی سەربازیی دروست دەکات و بۆ ئەوەش ڕێگایەکی درێژیان بەناو دارستانەکانی ناوچەکەدا دروستکردووە.

بارەگا سەربازییەکەی سوپای تورک تەنها یەک کیلۆمەتر لە گوندی هرورێ دوورە و نزیکە لە خاڵێکی سەربازیی پاسەوانی سنووری عێراقەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە سوپای تورک لە لایەکەوە بارەگای سەربازیی بەچاودێریی بەرپرسانی پەدەکە لە پاسەوانی سنوور دروست دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە بە هاوبەشیی لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە هەزاران دار لەو ناوچانە دەبڕێتەوە و بازرگانییان پێوەدەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاشکرای کرد، کە دروستکردنی بارەگا سەربازییەکەی دەوڵەتی تورک و بڕینەوەی دارستانەکان لە سنووری هرورێ، بە هاوکاریی دلێر فەرزەندە زێباری، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سنوور ئەنجامدەدرێت، کە فەرماندەیەکی سەر بە پەدەکەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سوپای تورک بەهاوبەشیی لەگەڵ ئەو فەرماندەیەی سەر بە پەدەکە تائێستا هەزاران داریان لەو ناوچانە بڕیوەتەوە و نێردراوە بۆ شاری شرناخ-ی باکووری کوردستان.

بەگوێرەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، ڕێگای بارەگا سەربازییەکەی دەوڵەتی تورک بەتەنیشت گوندی هرورێ-دا تێپەڕدەبێت.

دلێر فەرزەندە زێباری برای دیندار زێباری، بەرپرسی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ف.ق