ئامادەکاری و جموجوڵی نوێی پارتی لە ناوچەى بەرواری

پارتی لەم رۆژانەی دوایدا لە ناوچەى بەرواری چەندین کۆبوونەوەى رێکخستووە. ئەوەش گومانی ئەوەى روستکردووە "ئاخۆ ئامادەکاری بۆ کارێکی تێکدەران و ئاژاوەگێرانەی تر دەکرێت؟".

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان قبوڵ و پەسەند کردووە، بەردەوامە لە هەوڵە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی.

بەپێی زانیارییەکانمان لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە، فەرماندەیەکی هێزەکانی پارتی لە ناوچەکانی باتوفا، سەیدا، بێ قولکێ، گرێ بییە و جدیدکێ لە ناوچەى بەرواری کۆبوونەوەى رێکخستووە و داوای لە هێزەکانی پارتی کردووە لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد رێوشوێن بگرنەبەر و ئامادە کاری بکەن.

دانیشتوانی بەرواری رایانگەیاند، گەریلا لەو ناوچانەدا نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش کۆبوونەوە رێکدەخرێن و ئامادەکاری بۆ کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە دەکرێن.

ئەوە یەکەمجار نییە، کە لە باشووری کوردستان کۆبوونەوەى لەو شێوەیە رێکدەخرێت. بەپێی زانیارییەکان، لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا شێخ عەلۆ و سەربەست لەزگین بەرپرسانی هێزەکانی پارتی لە دهۆک و عەزیز وەیسی بەرپرسی زێرەڤانی، لەگەڵ هەواڵگریی سەربازیی بروسک و گروپێک لە سیخوڕانی هەواڵگریی تورک لە ناوچەى کانی ماسی کۆبوونەوەیەکیان رێکخستبوو.

ئەوەى جێگای سەرنجە لە دوای کوشتنی غازی ساڵح عەلیخان ئەندامی ئاسایشی کانی ماسی لە ٨ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن کەسانی نەناسراوە، ئەو جموجوڵە سیخوڕییانە و کۆبوونەوەی سیخوڕان و هەواڵگرانی پارتی و دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە زیادیان کردووە.

ژ.ت