ژن ژیان ئازادیی.. لە مرۆڤێکی تەنیای نێو زیندانی تاکەکەسییەوە تا شەقامەکانی ئێران

دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ چۆن خەمڵی؟ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کەلتووریی و سەربازییەکانی ئەم دروشمە چین، ئەو ژنە کێ بوو ئەم درووشمەی لە باکوورەوە گواستەوە بۆناو زیندانی ئەوینی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران؟.

ئەم بابەتە دەقی ڕاپۆرتێکی بی بی سی فارسییە، لەم ڕاپۆرتەدا گەڕاوەتەوە بۆ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادیی' و خەمڵاندنی ئەم چەمک و بیرۆکەیە لە زەینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ نێو دەستەکانی شەهید ساکینە جانسز، جا لەوێشەوە بۆ نێو ژنانی کۆمەڵی کوردەواریی و باڵکێشانی بۆ نێو ژنانی گەلانی تر.

دەقی ڕاپۆرتەکە:

بەهار شەپۆلانی بوو، تەپۆڵکە بڵندەکانی ڕووباری فووڕات کەسک دەچوونەوە، شەڕڤانانی کورد، زستانێکی تووشیان بڕی بوو، نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ پاراستنی کۆبانێ، لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا، ڕووبەڕووی داعش دەبوونەوە، چەند ڕۆژی پێش ئەوە توانیبوویان هێزەکانی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فووڕات پاشەکشێ پێ بکەن، لە گوندی شێخلەری کەناراوی ڕۆژئاوای فووڕات، جەژنێکی بچووکیان دەگێڕا.

هاوکات ئەو ڕۆژە خۆرەتاوییە هەشتی مارسیش بوو، ڕۆژی جیهانیی ژن، ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانەى ماندووێتیی جەنگ لە رووخساریان دەباری، پیرۆزبایی ڕۆژی ژنیان لێک دەکرد، شەڕڤانە ژنەکان نزیکەی سەد کەسێک دەبوون، لە کەناراوی فووڕات دەستیان لە دەستی یەکتری وەرنا بوو و هەڵدەپەڕین و درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادییان' دەوتەوە، بە چەشنێک ئەم درووشمەیان دەبێژا، تا لەودیو ڕووبارکەوە چەکدارانی داعش زایەڵەیان بژنەفن.

ئێستا پتر لە حەوت ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە، ئەم درووشمە لە مەڕاسیمی ناشتنی 'ژینا ئەمینیی' لە سەقز دەوترێتەوە، پاش چەند کاتژمێری کەم، شەقام و گۆڕەپانی زانکۆکانی ئێران دەنگی دایەوە، درووشمێک، کە ئێستا بووە بە ناسنامەى بزووتنەوەیەکی نوێدەمی ئێران.

لێ ڕیشەی ئەم درووشمە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ عەبدووڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ١٩٧٨ بە یارمەتیی هەڤاڵانی ئەم پارتەی لە تورکیا دامەزراند.

 لە وێنەی زۆرینەی پارتە چەپەکان، بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی ئەم پارتە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و تەڤلیبوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی ژنان، چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەو ژنانەى لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد.

ئۆجالان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە ''یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی دیرۆک''، دەزانێت و دەڵێت: ''لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت.''جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە گوتی: ''پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.''

هاوکاتیی ئەمە ئەندامە ژنەکانی پەکەکە خەریکی تیۆریزەکردنی ڕامانە ژنتەوەرەکانی خۆیان بوون، کەسانێکی وەک  ساکینە جانسز (ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا.) باسی بزووتنەوەیەکی ژنتەوەریان دەکرد، ئەمە فیمینیزمی ڕۆژئاوایی دەلەرزاند، چونکە ئەوەیان پێ ئیمپریالیست و بۆرژوازیی و نوخبەیی بوو، جانسز لە زیندان و ئۆجالان لە دەرێ، خەریکی ڕسکاندنی نموونەیەکی ژنانە بوون، جا ئەمە سرووشی لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە وەردەگرت و لە خوار بۆ سەرێ بوو، هەروەتر ڕوانگەیەکی باننەتەوەیی و دژەئیمپریالیست بوو.

ئۆجالان لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرۆکەی 'ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد'ـی خستە ڕوو. ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، یا دەڵێت: ''ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیش.''

مرۆڤێکی تەنیا لە زیندانی تاکەکەسیی

ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی دوڕگەی ئیمپڕالی زیندانییە، لێ لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات.

ئەنجامی ئەم هەوڵە ژنانی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی 'ژنۆلۆژیی' بوو، زانستی ناسینی ژن، کە ئێستا لە چیاکان و زانکۆی قامیشلۆ و هەندێ ئەکادیمیای ژنانی ئەورووپا و ئەمریکای لاتین دەخوێنرێت.

ژنۆلۆژیی لە کۆبانێ

یەکەم جار 'ژنۆلۆژیی'ـم لە کەناراوی فووڕات گوێ لێ بوو. دەمەوخۆرئاوا بوو، ڕووباری فووڕات ئارام شەپۆلانی بوو، قیڕەی بۆق قامیشەڵانی تەنی بوو، دەستەیەکی ژنان لە ژێر فەرماندەیی ژنێک، لە تەنیشتی کوڵبەی ئەو ماسیگرانەى کەس نازانێ بەختیان گاڵ دێنێ یان پەموو، تۆمارەیان لە ئاگرێک دابوو و چاییان هەڵدەقووڕاند، جگەرەیان بە جگەرە دادەگیرساند، لەم نێوەندەدا پیاوێکی ئیسپانیی هەبوو، ناوە ڕێکخستنییەکەی، شەڕڤان بوو، بۆ جەنگی داعش هاتبوو، لەمەڕ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) پرسیاری لە دەلیلای ژنەفەرماندە دەکرد، دەیخواست بزانێت چۆن ئەم گشتە ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا پیاوسالاردا توانیویانە بەم ڕەنگە خۆیان ڕێک بخەن و دژی داعش بجەنگێن.

 دەلیلا، کە پێستی تاوەسووت و ئێسکنی لەبەر ئاگردا گرپەی دەهات، هەڵوەدا گفتوگۆکەی بۆ پێشێ دەبرد، دەیوت: لە خێزانێکی کرێکاری کوردیی پەناهەندەی ئەستەنبووڵەوە هاتووە و لە لاوێتییدا ژیانی گەورەشار ئاگای هێناوەتەوە.

پاش ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبیی و بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا، کوردانی ئەم وڵاتە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئـاوایان گرتە دەست، لە بەهاری ٢٠١٣ یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی ژنان شانەوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) خەمڵی، جا ئەمە ژنانی وەک ئەو دەلیلایەی لە ئەستەنبووڵەوە ڕووەو ئەو بەشەی سووریا ڕاکێشا، دەلیلا یەپەژە بە سوپای ژنان ناودێر دەکات و دەیوت: ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناویین گرێدراوی ئازادیی ژنە.

ئەو دەیوت: ژن ژیانە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی، هێژای ئەم واتایەیە، دیار نییە ئاخافتنەکانی دەلیلا تا چ سنوورێک شەڕڤانە ئیسپانییەکەی دڵکاو کردووە؟ لێ درووشمەکەی ئەوان، هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەو کوڵبە ماسیگرییەی کەناراوی ڕووباری فووڕات و لە شەقامی شارەکانی جیهان و لە ڕێپێوانی پشتیوانیی کۆبانێ، دەزرینگایەوە، ئەم درووشمە لە ڕاپۆرت و بەڵگەفیلمی زۆر ڕۆژنامەواندا ڕەنگی دایەوە، تەنانەت پەلی بۆ ئەو فیلم و زنجیرانەش کوتا وا دەربارەی پرسی جەنگی داعش بوون.

لە گرتەیەکی فیلمی کچانی ڕۆژ، کە گوڵشیفتە فەڕاهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێ، بەهاری فەرماندەی ئێزدیی یەکینەی ژنانی 'کچانی ڕۆژ'، پێش دەستپێکی هێرش بۆ سەر داعش، بۆ بەرزکردنەوەى ورەی هەڤاڵانی هاوار دەکات: بۆ ژن، بۆ ژیان، بۆ ئازادیی.

ئێستا ئەم درووشمە سنووری زۆری پێواوە و بە شەقامەکانی ئێران گەیشتووە، نازانرێت چەندێکی ئەو ژنە ناڕازییانەى ئەم درووشمە دەڵێنەوە، مێژووەکەی دەزانن، لێ بەرخۆدانی ژنان لە ئێران هێندەش بێ پێشینە نییە، تا ئەم چەمکەى لا نامۆ بێت.

لەم ڕۆژانەدا عاتیفە نەبەویی زیندانیی سیاسیی، لە تویتێک نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی ژن، ژیان، ئازادییم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکیدا هەڵی واسیبوو، شیرین لە مانگی ٤- ١٣٨٩ لەسێدارە درا، شیرین عەلەمهولیی لە ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەدار درا، لەو سەقزەى وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژین هەڵهانی و ئەسپەردەى خاکەکەشی کرا، ژنان پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە چێوەی شوورای ژناندا خۆیان ڕێک خست، ئەو شوورایانەى وا بە دەستی ناوەندی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە، دامەزرا و سیستەمی تازەدامەزراوی دەلەرزاند.

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دڵی زۆرێکی لە ئێرانیان هێشاند، دەستەیەک لە ژنان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، سەرپۆشەکانیان داماڵی و بە وتنەوەی درووشمی، ژن، ژیان، ئازادیی، دیسانەوە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەلەرزە هانی.

دەڵێی تووڕەیی ژنانی ئێران ئاگری ژێر پەنگرە و بە هەڵمەت سەرپاکی جوگرافیای پێواوە و لە خاڵەوخاڵی جیهان دەبیسترێ، لە کابووڵەوە تا سانتیاگۆی شیلیی، وەک بڵێن: ''ئێمە ئیتر چاوەڕێی پیاوانی دەسەڵاتدار نین تا مافمان بسەننەوە.'' وتنەوەى ئەم درووشمە لەپاڵ درووشمی 'لە کوردستان تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران'' ڕاهێڵانی پردێک بوو بەسەر خەرەندە ئیتنیکییەکان، جا یەکەونەدوو هەمووان یەکگرتووتر لە جاران هاتنە مەیدانێ، بە شایەتیی کەسانی نێو ڕووداوەکان، لە شارەکاندا ژنان کلیلی ناڕەزاییەکانیان چەرخاندووە و پیاوان، بە تایبەت لاوان، پاڵپشتییان دەکەن.

وێنەی ئەو ژنەی وا بە دەستەڕاستی سەرپۆشە گڕتێبەردراوەکەى هەڵکردووە و دوو پەنجەی دەستی چەپی بە نیشانەى سەرکەوتن هەڵبڕیوە، خۆبەخۆ دەلیلا و هەڤاڵە شەڕڤانەکانیم بیر دێنێتەوە، کە پێش حەوت ساڵ داعشیان بە چۆکدا هێنابوو و لە کەناراوی فووڕات، بێ ترس لە داعش و ئایدۆلۆژیا دژەژنەکەیان، هەڵدەپەڕین.

نوسینی: سۆران قوربانی بی بی سی فارسی

وەرگێڕان  سوورێن ئیبراهیم

هـ . ب