ژنانی دێرسیم: لێپرسینەوە لەو کارەساتە دەکەین

ژنان بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم لە شەقامی هونەر کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی سەید ڕەزا بەڕێکەوتن و وتیان: "ئێمە بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد بە پشتیوانیی یەکتر برینەکانمان ساڕێژ دەکەین. ئێمەی ژنان بەڵێن دەدەین، کە لێپرسینەوە لەو کارەساتە بکەین".

بە پێشەنگایەتیی پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم ژنان لە شەقامی هونەر کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی سەید ڕەزا بەڕێکەوتن. سەدان ژن بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشەوە کۆبوونەوە. ژنان پۆستەرەکانی "حکومەت دەست لەکار بکێشەرەوە"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "نەک بومەلەرزە، سیستەمی ڕانتخۆری خەڵکیان کوشت" بەرزکردبوویەوە و لە ڕێپێوانەکەدا بە بەردەوامی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "حکومەت دەست لەکار بکێشەرەوە"، "گوڵستان دۆکو لە کوێیە" دەوترایەوە.

کاتێک ژنان بە ڕێپێوان گەیشتنە مەیدانی سید ڕەزا ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

ڕافیعە یەڵماز سکرتێری لقی ئەیتەم – سەن لە دێرسیم دەقی بەیاننامەکەی خوێندەوە. یەڵماز باسی لە پشتیوانیی ژنان کرد و وتی: "ئەمڕۆ ژنان لە جیهان دا بۆ ئەوەی ژیان و جیهان بگۆڕن، بۆ رێکخستنکردن دەڕژێنە گۆڕەپانەکان و بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن م دەڵێن، 'من هەبووم، هەم و دەبم'. دەنگی خۆیان بۆ یەکسانی، دادپەروەری، ئازادی، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئاشتی و پشتیوانی یەکدەخەن. بژی ٨ی مارس، بژی پشتیوانیی ژنان".

یەڵماز لە لێدوانێکدا وتی: "ئێمە بە خەمناکییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە ٨ی مارس دەکەین. ئازارارەکان زۆر و سەختن، ئێمە دڵشکاوین، بەڵام تووڕەییمان زیندووە. دەیان هەزار کەسمان بریندار بوون و ملیۆنان کەسیشمان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەیی بوون. لەو ١٠ شارە، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوت، مرۆڤەکانمان بەهۆی ڕانتخۆری و بەخشینی کەموکوڕییە ئەندازەییەکانی پرۆژە بیناسازییەکان گیانیان لەدەستدا. ئەمە کەمتەرخەمە، ئەمە تاوان و کوشتنە".

یەڵماز باسی لە دۆخی ژنان و منداڵان کرد، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو. یەڵماز لە کۆتاییدا داوای بەهێزکردنی پشتیوانی کرد و وتی: "ئێمە بۆ ژیانی یەکسان و ئازاد، ئەمڕۆ بە پشتیوانیی یەکتر برینەکانمان ساڕێژ دەکەین. ئێمەی ژنان بەڵێن دەدەین، کە لێپرسینەوە لەو کارەساتە بکەین، بۆ ئەو ژیانەی، کە شایستەى ئێمەیە داوای تێکۆشان لە هەموو ژنان دەکەین".

ژ.ت