ژنێک لە سعودیە لەبەر بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بە ٤٥ ساڵ زیندانیکردن سزا درا

ژنێک بە ناوی نورە بنت سەعید قەحتانی لە سعودیە بە هۆی بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە سۆشیاڵ میدیادا بە ٤٥ ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

لە ڕیازی پایتەختی سعودیە ژنێک بە ناوی نورە بنت سەعید قەحتانی، کە قەحتانی یەکێک لە گەورەترین هۆزەکانی ناوچەکەش، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بەو وڵات لە رێگەى سۆشیاڵ میدیاوە بە ٤٥ ساڵ زیندانیکردن سزادرا.

دادگای باڵای تاوانەکانی ڕیاز نورە بنت سەعید قەحتانی بە "تێکدانی یەکڕیزیی کۆمەڵگا" و "ناسەقامگیری" تاوانبارکردووە و سزای ٤٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە.

ئەوە لە کاتێکدایە چەند هەفتە لەوە پێش ژنێکی تر بە ناوی سەلما شەهاب دایکی دوو منداڵ و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرا لە زانکۆی لیدزی بەریتانیا لە دوای گەڕانەوەى بۆ سعودیە، لە سعودیە لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک دەستگیرکرا و سزای ٣٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەیە، ئازادیی سیاسیی و مەدەنی، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، میدیای ئازاد، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی، حزب، هەڵبژاردن و پەرلەمانی تیادا نییە.

ژ.ت