ئازادی ئۆجالان داخوازی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهانە

ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی کورد لە تورکیا داخوازی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهانە و بەتایبەتی لە سەردمی ئێستای کۆرۆنادا ئەو داخوازیە بە شێوازێکی فراوان ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارنی تورکیا دەکرێتەوە.

داخوازی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، زادەی ئەمڕۆکە و ئەم ساتە وەختەی ئێستا نییە، بەڵکو  هەر لە دەستپێکی دەستگیرکردنیەوە لە پیلانگێریە نێودەوڵەتیەکەی 15ی شوباتی ساڵی ۱۹۹۹وە و بردنی بۆ دوورگەی ئیمرالی، گەلی کورد و ئازادیخوازنی جیهان پێداگرن لەسەر ئەو داخوازیە. 

"۲۱ ساڵە کورد و ئازادیخوازان چالاکی بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجام دەدەن"

لە ۲۱ ساڵی بەدیکگرتنی ڕێبەر ئاپۆدا چ لە کوردستان و چ لە وڵاتانی ئەورووپا و جیهان بۆ بەدیهاتنی ئەو داخوازیە هەزاران چالاکی، خۆپیشاندان، مانگرتن لە خواردن، ڕۆژووی مردن، کەمپینی جۆراوجۆ و واژۆکۆکردنەوە بە بەردەوامی ئەنجام دراون و دەدرێن. لەو چالاکیانەدا وێرای هاوڵاتیان، چالاکوانان، کەسایەتیەکانی کورد، هەزاران سیاستەمەدار، پارلەمانتار، ئەکادیمسیەن، ڕۆشنبیر و چالاکوانی ئەنتەرناسیونالی بیانی بەشدار بوون. تەنانەت لە پێناوی ئازادی رێبەر ئاپۆدا، زنجیرە چالاکی گیانبازی لە کوردستان و ئەورووپا ئەنجام دراون و بەهۆیانەوە دەیان کەس گیانیان بەخشیووە.

 "ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە و نابێت وەک بەندکراوێکی ئاسایی لێی بڕوانرێت"

هەموو ئەمانە ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ڕێبەر ئۆجالان کەسێکی هەروا ئاسایی نییە و ناشبێت وەک بەندکراوێکی ئاسایی لێی بڕوانرێت. لانی کەم ئەو نوێنەرایەتی ملیۆنان کەس لە کوردستان دەکات کە وەک ئیرادەی خۆیان دەسنیشانیان کردووە. هاوکات سەدان هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئۆجالان وەک فریادڕەسێک دەبین و چارەسەری قەیرانەکانی کوردستان و ڕۆژهەلاتی ناوین و تەنانەت جیهانیش لە هزر و فەلسەفەکەی ئەودا دەبینەوە و هەر بۆیە کارا خاوەنداری لێدەکەن و پەیان بە گرنگی و ڕۆڵ و پێگەکەی بردووە.

"ڕژێم لە داخواری ئازادکردنی ئۆجالانی وەک نەدیو ڕوانیوە" 

هەڵبەتە سەرەرای هەموو ئەو داخوازیانە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان کراون، بەڵام لە ۲۱ ساڵی رابردوودا ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی تورکیا بە تایبەتی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە، توندترین و سەخترین سیستەمی ئەشکەنجە و پەراوێزخستن و گۆشەگیری بەسەر ئۆجالاندا سەپاندوە و لە کەسایەتی ئەویشدا دەیەوێت هەمان سیستەم بەسەر گەلی کورد و گەلانی بندەستی دیکەدا بسەپێنێت. بەڵام دیارە ئەو سیستمەمی ئەشکەنجە و پەراوێزخستن و گۆشەگیریە بە بەرخودانی بێهاوتای ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد مایەپووچ کراوەتەوە.

"هەندێک وڵات زیندنیان ئازاد دەکەن"

ئەمڕۆکەش کە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا پەتای کۆرۆنا کۆڤید ۱۹ جیهانی تەنیەوەتەوە و سەرمایەداری و دامەزراوەکانی بێچارەن لەبەرامبەریدا، زۆرێک لە وڵاتان وەك رێوشوێنک بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتر پەتاکە و پاراستنی گیانی زیندانیان، پەنایان بردوەتە بەر ئازادکردنی زیندانیان، بەتایبەتی ئەو زیندانیانەی نەخۆشن یان تەمەنیان لەسەرووی ٦۰ ساڵانەوەیە.

"۱٥ هەزار کەس هەڵگری کۆرۆنان و  ۳۰۰ هاوڵاتیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە"

تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووتەوە، وێرای ئەوەی کە ڕژێمی دکتاتۆری ئەردۆغان لەسەرەتاوە نکۆلی لێکرد، بەڵام ئەمرۆکە ئامارە فەرمیەکان ئاشکرای دەکەن کە زیاتر لە ۱٥ هەزار کەس لەو وڵاتە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و زیاتر لە ۳۰۰ هاوڵاتیش بەفایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە. بەڵام ئامارە نا فەرمیەکان باس لە گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆرتر و تووشبوویەکی زۆرتر بە فایرۆسەکە دەکەن و ڕژێمی ئەدۆغان بەوە تاوانبار دەکرێت ڕێژەی قوربانیەکان و زیانە ماددی و ئابوریەکانی دەشارێتەوە.

"ڕژێم بە ئەنقەست ژیانی ئۆجالان و گیراوانی دیکە ڕووبەڕووی مردن دەکاتەوە"

هاوکات باس لەوەش دەکرێت پەتاکە گەیشتبێتە نێۆ زیندانەکانی تورکیا و بەوەش ژیانی دەیان هەزار زیندانی بخاتە مەترسییەوە، ئەگەر بێتوو ڕێوشوێنی خێرا لە بەرامبەریدا نەگێرێتەبەر. 
ئەوەش نیگەرانی کەسوکاری زیندانیان بەتایبەتی زیندانیانی سیاسیی کورد و بنەماڵە و پارێزەانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهانی لێکەوتوەتەوە.
سەرەرای ئەوەش ڕژێمی ئەردۆغان ئامادە نییە زیندانیانی کورد لەسەرویانەوە رێبەر ئۆجالان ئازاد بکات و بەو شێوەیە ڕاستەوخۆ بە ئەنقەست ژیانیان دەخاتە مەترسیی جدییەوە و ڕووبەڕووی مردنی ترایدیان دەکاتەوە.

"خاوەنداری لە ئۆجالان خاوەنداریکردنە خۆ"

هەر بۆیە لە ئیستادا دەنگەکان ناڕازیەکان لە بەرامبەر ئەو سیاستە دژە مرۆڤی و نائەخلاقیەی ڕژێمی تورکیا بەرز دەبنەوە و هەمووان خوازیارن، هەرچی زووە لە ناویاندا ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و سەرجەم زیندانی سیاسی و مەدەنی کورد ئازاد بکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین چالاکی و هەڵمەت ڕێکخراون و لە میانیاندا داوا دەکرێت؛ هەمووان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن خاوەنداریکردن لەویش خاوەنداریکردنە خۆ و ڕژێمی تورکیاش بەرامبەر بە ژیان و تەدروستی و ئاسایشی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیار دەزان و پەیوەست بەوەش بە توندی وریای دەکەنەوە تا هەچی زووە بەخۆیدا بێتەوە و بێدرەنگ ڕێبەر ئۆجالان و بەندکراوانی ئازاد بکات.

هـ.هـ