ئاکەپە گۆڕی شەرەفخان بەدلیسیى وێرانکرد

شارەوانیی ئاکەپە لە بەدلیس پێش کۆکردنەوە و لابردنی تابلۆ کوردییەکان، گۆڕی شەرەفخانی بەدلیسیی نووسەر و بنەماڵەکەیان تێکدا.

ئاکەپە لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە لە پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسی و کولتوریی گەلی کورد و دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ کورد لە دوای هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز (خاکەلێوە)ش بەردەوامیی هەیە و نمونەیەکیش لەو دوژمنکارییەى ئاکەپە ئاشکرا بوو.

پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە - DBP) لە هەڵبژاردنی شارەوانی لە ساڵی ٢٠١٤دا بە رێژەیەکی بەرز لە بەدلیس سەرکەوتبوو، بەڵام حکومەتی ئاکەپە قەیومیی بەسەر شارەوانیدا سەپاند و لە دژی کولتور و زمانی کوردی دەستی بە پاکتاوکاری کرد.

ئاکەپە لە چوارچێوەى ئەو پاکتاوکارییەدا باخچەکانى ساوایان و کاروبارەکانی بواری کولتوری و رۆشنبیریى کوردیى قەدەغە کرد. ئاکەپە لە بەردەوامیى ئەو سیاسەتەیدا پێش هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز (خاکەلێوە) و دوای ئەوەش هەزاران سیاسەتمەدار و وڵاتپارێز دەستگیر و زیندانیکرد.

تابلۆی شارەوانیى بەدلیس، کە بە کوردی و تورکی لە سەردەمى شارەوانیى دەبەپەدا لە بەردەم بینای شارەوانیی بەدلیس دانرابوو بە فەرمانی نەسروڵا تانگلای سەرۆک شارەوانیی ئاکەپە، کە دوای ٣١ی ئادار / ١١ی نەورۆز هەڵبژێردرابوو، لابرا. لە جێگەی ئەو تابلۆیە، تابلۆیەک لە بەردەم شارەوانیى بەدلیس دانرا، کە تەنها بە زمانی تورکی لەسەری نووسرابوو شارەوانیى بەدلیس.

هەروەها تانگلای ئاکەپەیى دواى ماوەیەک لە دەستبەکاربوونی ئەو تابلۆیەی لابرد، کە دەروازەى شاری بەدلیس دانرابوو و بە کوردی، تورکی و ئینگلیزی لەسەری نووسرابوو "بەخێر بێن بۆ بەدلیس". ئەو ئاکەپەییە لە جێگەی ئەو تابلۆییە، تابلۆیەکى دانا، کە تەنها بە تورکی لەسەری نووسراوە "بەخێر بێن بۆ بەدلیس".

ئاکەپە و ئاکەپەییەکان لە بەردەوامیى سیاسەتەکەیان بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسیى گەلی کورد لە شاری تاتوانیش خۆیان لە بەرامبەر تابلۆ بە زمانى کوردی پێ رانەگیرا، بۆیە سەرۆک شارەوانیی تاتوانی ئاکەپە ئەو تابلۆیەی بەردەم بینای شارەوانیی تاتوانى لابرد، کە بە کوردی لەسەری نووسرابوو، شارەوانیى تاتوان.

قەدەغەکردنی زمان و کولتوری کوردی و بەهاکانی گەلی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دا بە بەرنامەیەکی ورد و چڕوپڕ بەڕێوەدەچن. لە زۆربەى شارەکانى باکووری کوردستان خوێندنگە کوردییەکان، مۆنۆمێنتەکان بۆ یادەکانى پەیوەندیدار بە کوردەوە، پەیکەری کەسایەتییەکان، تابلۆ کوردییەکان و رێکخراوە کوردییەکان قەدەغەکران و تەنانەت نکوڵیشیان لە بوونی گەلی کورد و کوردستان کرد!.

ئێستاش نمونەیەکی دیکەی ئەو هێرشە پاکتاوکارییەی ئاکەپە لە دژی گەلی کورد لە بەدلیس دەرکەوت. ئەمجارە هێرش کرایە سەر گۆڕی سیاسەتمەدار و مێژوونووسی ناوداری کورد شەرەفخانی بەدلیسی و بنەماڵەکەی و گۆڕەکانیان وێرانکردن.

شەرەفخان بەدلیسی لە ساڵانى ١٥٤٣ بۆ ١٦٠٣ ژیاوە. سەر بە بنەماڵەى میرانى بەدلیس بووە و بۆ خۆیشی ماوەیەک میری بەدلیس بووە. نووسەر و مێژوونووسی دیاری کورد بووە و یەکێک لە گرنگترین و دیارترین نووسەر و رۆشنبیرەکانى سەردەمی خۆی بووە.

شەرەفخان بە نووسینى کتێبی شەرەفنامە ناو و ناوبانگی بۆ هەمیشە پایەدار کردووە. لە شەرەفنامەدا زانیاریى ورد لەبارەى مێژووی کورد و کوردستان، دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیى کورد،  جوگرافیاى کوردستان، خێڵ و هۆز و تیرە و پێکهاتەکانى کوردستان و ئایینەکانى کۆمەڵگەى کوردستان خراونەتەڕوو. شەرەفنامە وەک سەرچاوەیەکى گرنگ لە چەندین تێز و نامەى ماستەر و کتۆرادا سوودی لێوەرگیراوە. شەرەفنامەى سەرچاوەیەکى گرنگی زۆربەى ئەو کتێبانەیە، کە لەبارەى کورد و کوردستانەوە نووسراون.

ر.م