ئایا مووشەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتى تورک ئەڵمانین؟

دواى حیزبی چەپی ئەڵمانیا ئەمجارە حیزبی سەوز بابەتى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکی بردە پەرلەمان، کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و دەیانکوژین و تاوانی شەڕیان پێ ئەنجام دەدرێن.

دواى حیزبی چەپی ئەڵمانیا ئەمجارە حیزبی سەوز بابەتى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکی بردە پەرلەمان، کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و دەیانکوژین و تاوانی شەڕیان پێ ئەنجام دەدرێن. حیزبی سەوز داوایکرد، ئەوە روون بکرێتەوە، کە تەکنەلۆژیای ئەڵمانی لە مووشەکەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى دەوڵەتی تورکدا بەکار دەهێنرێن یان نا؟

دەوڵەتى تورک نەک تەنها لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانیش لە رێگەى فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر (سیها - SÎHA)ەوە، هاووڵاتییانى مەدەنی دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێت و کۆمەڵکوژییان پێ ئەنجام دەدات. لە دوایین هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەدا لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا لە کونە ماسیی ناوچەى شارباژێڕی سلێمانی لە باشووری کوردستان، ٢ هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و ٨ کەسی تریش بریندار بوون. لە ٢٣ی حوزەیرانیشدا لە گوند هلنج لە کۆبانێ ٣ ژنی کورد هەر بەو شێوەیە و بەو جۆرە هێرشانە شەهید کران.

لە دواى ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتى تورک لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەرەوە (سیها)، بابەتی ئەو هێرشانە بووە رۆژەڤی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەڵمانیا. ئاندرێ هونکۆ پەرلەمانتاری پارتی چەپ هەفتەی رابردوو لەسەر سیهاکانی دەوڵەتى تورک پرسیاری لە دەوڵەتى ئەڵمانیا کردبوو و نیلس ئانین وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا داواى لە دەوڵەتى تورک کردبوو، پێویستە سیهاکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنرێن و جموجوڵیان پێ بکرێت.

حیزبێکى تری ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا حیزبی سەوزە، کە چەند رۆژ لەوە پێش لە پرۆژە پرسیارێکدا، داوای لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا کردووە ئەوە روون بکرێتەوە، کە ئاخۆ تەکنەلۆژیای ئەڵمانی لە مووشەکەکانی سیهاکانی تورکدا بەکار دەهێنرێت یان نا؟. ئەو پرۆژە پرسیارە لە چوار لاپەڕە پێکهاتووە و ناوەرۆکەکەى گەیشتووەتە دەست ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) و لەبارەی مووشەکەکانی (ئومتاس – UMTAS)، (مزراک – یو / Mizrak-U) و (مام – ئێڵ / MAM-L) پرسیار ئاراستەى ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا کراوە، کە ئاخۆ ئەو مووشەکانە لەلایەن سوپای تورکەوە بەکار دەهێنرێن، کە دروستکراوی ئەلمانیان؟.

سیهاکان هاووڵاتییانی مەدەنی بە مووشەکانی (مام – ئێڵ / MAM-L) دەکوژن

چاوەڕێ دەکرێت لەم رۆژانەدا وەڵامی ئەو پرۆژە پرسیارە بدرێتەوە. لە پرۆژە پرسیارەکەدا هاتووە، سوپای تورک لەم دواییانەدا یاسا نێونەتەوەییەکانى پێشێلکردووە، خاکی سوریای داگیرکردووە و لەلایەکی تریشەوە لە لیبیا شەڕ دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەموو ئەو کارانەدا بۆ روونبوونەوە لە پشکی رێککەوتنی ئەڵمانیا بۆ فرۆشتنی مووشەک بە رژێمی ئەنقەرە دەبێت ئامارەکانی ئەو بوارە و رێککەوتنەکان ئاشکرا بکرێن.

حیزبی سەوز بە تایبەتی لەبارەی موشەکانی (ئومتاس - UMTAS) پرسیاری کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ئەڵمانیا بە سوپای تورکی دەفرۆشێت و بەو موشەکانەش کۆمەڵکوژی بەرفراوانى بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێن.

حیزبی سەوز هەروەها پرسیاری لەبارەى مووشەکەکانی (مام - ئێڵ /  MAM-L) کردوە، کە بە سوپای تورک فرۆشراون و وتویەتى ئاخۆ ئەو مووشەکانە لەسەر فڕۆکەى بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان (سیها - SÎHA) لە جۆری (بایراقدار تی بی ٢ / Bayraktar TB2) دانراون یان نا؟

دروستکردنی مووشەکەکانی ئومتاس کاری ئەڵمانیا بوو

پارتی چەپ لەبارەى رێککەوتن لەسەر چەک لە ئەیلولی ٢٠١٨دا لە پرۆژە پرسیارێکدا، کە پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیای کرد، لە وەڵامەکەى حکومەتى مێرکل دا هەندێک ئامار و زانیاری جێگای سەرنج بوون. لە وەڵامەکەى وەزیری ئابوریی دەولەتى فیدراڵی ئەڵمانیادا هاتبوو، ٢ رێککەوتنی چەک لەلایەن کۆمپانیای (TDW) لەسەر "مووشەکی هۆشمەند" لەگەڵ دەوڵەتى تورک کراوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، تێچووی گشتیی هەر یەک لەو رێککەوتنانە ٢٩٠ هەزار یورۆ بووە.

کۆمپانیای (TDW) بەشێکە لە کۆمپانیای (MBDA)، هاوکار و هاوبەشی فەرەنسی و ئیتالیان هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانى ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، کۆمپانیای (TDW) بە فەرمانی حکومەتى ئەڵمانیا مووشەکەکانى ئومتاس دروست دەکات، کە دەسەڵاتدارانی ئەردۆغان ئیدعا دەکەن، گوایە ئەو مووشەکانە لەلایەن خۆیانەوە دروستکراوە.

ژ.ت