ئەنجامنامەى سێیەمین کۆنگرەى کەژار

کۆمەڵگەى ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سێیەم کۆنگرەى خۆی بە سەرکەوتوییەوە بەڕێوەبرد.

کۆمەڵگەى ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ئەنجامەى سێیەمین کۆنگرەى بە ناوی "بە رێکخستن کردنی ژنانی رۆژهەڵات، نەتەوەی دیموکراتیک ئاوا دەکەین" بڵاوکردەوە. راشیگەیاند "بانگهێشتی هەموو گەل و ژنانی ناو ئێران دەکەین کە بە دروشمی "رێکخستن بکە، یەکگرتووبە، تێبکۆشە و ئازاد ببە" سەر لە نوێ یەکیەتی ژنان ئاوا بکەین".

کەژار راشیگەیاندووە "کۆنگرەکەمان، بۆ ئەو ژنانەیە کە ئەوینداری ئازادین و بە واتای سەرەتایەکی نوێ دێتە ئەژمار بۆ ئازادی و بەرخۆدانی و هاوپەیمانی نوێ. بزووتنەوەکەمان تەنیا بزووتنەوەی رزگاریی ژنان نیە بەڵکوو هاوکات بزووتنەوەی رزگارکردنی کۆمەڵگایە. بۆ ئەوەی ئێمە کۆمەڵگا بە بەهاکانی ئازادی، یەکسانی، ئێکۆلۆژیک، دێموکراسی، جوانناسی (ئەتیک – ئەستاتیک) و سەر لە نوێ بونیاد بنێین، تێکۆشان و خەبات دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە تەڤگەری ژنانی ئازادی کورد کژار، لە پێناو بونیادنانی ژیانێکی ئازاد بە شێوەیەکی بێ وچان و بە بڕیاردارییەوە تێکۆشان دەکاو بە خۆباوەڕییەوە پێشەنگایەتی و میلیتانی ژنان دەگرێتە ئەستۆ و هەڵوێستی خۆی لە کۆنگرەدا دووپات دەکات".

دەقی ئەنجامنامەى سێیەمین کۆنگرەى کەژار

بە رێکخستن کردنی ژنانی رۆژهەڵات، نەتەوەی دیموکراتیک ئاوا دەکەین

بە بەشداری ئەندامانی کۆنگرە، پێکهاتوو لە نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان _ کژار، رۆژی ٢ی مانگی ئاوریل (١٤ی خاکەلێوە) سێهەمین کۆنگرەمان دەستی بەکارەکانی کردو لە رۆژی ٤ی ئاوریل (١٦ی خاکەلێوە)، ساڵرۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلان _ رێبەر ئاپۆ، بە سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارو ئەرکەکانی هات. کۆنگرەکەمان بە جۆش و خرۆشێکی مەزن و بەرپرسیاریەتی جیدییەوە دەست بەکار بوو و لە میانەی کاری کۆنگرەدا گەلێک رۆژەڤ بە بەرفراوانی کەوتنە بەر باس و گفتگۆ. کۆنگرەکەمان کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لە قۆناغێک دا گرت کە هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی و هەم لە ئاستی ناوچەکەش دا ململانێ و تێکۆشانێکی بەرفراوان و هەروەها گۆڕانکاری خێرا لە ئارادایە. کۆنگرەکەمان بەو بڕیارانە، کە لەم قۆناغە هەستیارەدا گرتوویەتی لە کەسایەتی ژنی کورددا هێڵی پێشکەوتنی هەموو ژنانی ناوچەکەی دەستنیشان کرد.

کۆنگرەی سێهەمی ئێمە سەرەتا، کۆمەڵێک روانگەو بابەتی رۆشنگەری لە سەر تێزەکانی رێبەر ئاپۆ، کە لە سەد ساڵی دوایی دا وەک رێنیشاندەرو چارەسەر دەرکەوتوون، شرۆڤەو تاوتوێ کرد. لە ئەنجام دا ئەو تێگەیشتنە دروست بوو کە پارێزنامەکانی رێبەر ئاپۆ لە هەموو مێژوودا، ئاستێکی هەرە بەرز، قووڵ و بەرفراوان و بە سیستم کراوە کە مرۆڤایەتی پێیگەیشتووە. گەیاندن و ناساندنی فەلسەفەی ژیان، هێڵی سیاسی و ئیدیۆلۆژی، کەرامەت و ئەخلاقی پێناسەکراو لەو مانیفێستەی کە وەک مانیفێستۆی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ناسراوە، بۆ نێو هەموو بزوتنەوەکەمان، ژنان و گەلی ئێمە و رای گشتیی سۆسیالیست و دیموکراتیک، وەک ئەرکێکی ئەساسی دیاری کراوە.

کۆنگرەکەمان ئەو پێشکەوتنە سیاسی و تێکۆشانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پێگەی هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دا بوونی هەیە، لە زۆر لایەن و سۆنگەوە خستە بەر شرۆڤەو لێکۆڵینەوە. ئەوە خرا بەر باس کە بە دەستپێکردنی شەڕی جیهانی سێهەم، لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هاوپەیمانییە سیاسییەکان دیاری کران و هێزە هێژموون خوازەکان لە رێگەی ئەم شەڕەدا، و بە پێی بەرژەوەندییەکانیان، سەر لە نوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین دەکەنەوەو ئەم پرسەش نەک تەنیا لە سەر ئەم ناوچە بەڵکوو کاریگەریی گەورە لە سەر هەموو جیهان دروست دەکات. کۆنگرەکەمان جەختی لە سەر ئەوە کرد کە بە تێکچوونی سیستم، سەردەمی گۆڕان و گۆڕانکاری دەستی پێکردوەو ئەم تیگەیشتنەش بە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا لە هەموو جیهان دا، گەیشتە ئاستێکی گشتی و نێونەتەوەیی. هێزە هێژموون خوازەکان بە بەرپاکردنی شەڕی جیهانی سێهەم کە لە ئاکام دا، رۆژانە هەزاران کوژراوو بریندارو کۆچبەری بەدوای خۆیدا هێنا رازی نەبوون و تەنانەت پەتای کرۆناشیان، کە وەک بەرهەمی کاپیتالیزم دەرکەوتووە، خستە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان. بۆ بەرفراوانترکردنی ئیمپراتۆری ترس و تۆقاندنی خۆیان، ئاراستەی پەتای کرۆنایان گۆڕی بۆ ئاستی هێرشێکی بیۆلۆژیک. قڕکردن و پاکتاوکردنیان پەرە پێداو بە پێشخستنی شەڕو تۆقاندنی زیاتر لە هەوڵ دان کە بەمشێوە مرۆڤایەتی بە تەواوی بخەنە بن دەسەڵاتداری و حکوومەتی خۆیان و کۆمەڵگا لە ئاست پێشخستنی سیستمی خۆیان بێدەنگ و بێ کاریگەر بکەن و دەیانهەوێ کۆمەڵگایەک دروست بکەن کە تەنیا بیر لە گیان و زیندوومانەوەی خۆی بکات. لە کۆنگرەدا دڵنیایی درا کە هێزی سیستمی مۆدیرنیتەی کاپیتالیست توانای چارەسەرکردنی ئەو کێشەو قەیرانانەی نیە کە لە رۆژی ئەمڕۆدا بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتووە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە سیستم بەرەو تێکچوون و هەڵوەشاندنەوە دەچێ و ناچارە بکەوێتەوە سەر هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک. ئەم دۆخە چەندە درێژە بکێشێ و سیستمی کاپیتالیست چ رێبازو پیلانێک پێش بخا، لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەی کە هەیە، ئەو سیستمە نێونەتەوەییە کە ئاشتی و دێموکراسی هاوچەرخی بە بنەما گرتووە پێک دێت. لە سەر ئەم ئەساسەو بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا خوێن رشتن و خەسارەکان بۆ ئاستێکی هەرە نزم دابەزێ، کۆنگرەکەمان بە پێویست زانی کە لە پێش دا ژنان و گەنجان و دواتر هەموو گەل و هێزە دیموکراتیکەکان بکەونە مەیدانی تێکۆشان و خۆیان زیاتر لە پێش، بە رێکخستن بکەن و تێبکۆشن.

لە کۆنگرەکەمان دا، مژاری تێکۆشان دژ بە داگیرکاریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بەربڵاو باس و گفتگۆی لەسەر کرا. هەروەها، بەرفراوانبوونی هێرشی شێونیزمی رژیمی داگیرکاری ئێران لە دژی خواستی دیموکراتیکی گەلان و بەتایبەتی ژنان، و هەروەها سیاسیەتی رژیمی تورکیاش لە سەر گەلی کورد کە ئاستی کۆمەڵکوژی تێپەڕکردوەو گەیشتووەتە قڕکردن، شرۆڤەو خوێندنەوەیان بۆ کرا. کۆنگرەکەمان هۆکارە مێژوویی و هەنووکەییەکان کە رێگایان بۆ ئەم دۆخە ئاوەڵا کردووە دەستنیشان کردو بە شێوەیەکی تێروتەسەل هەڵسەنگاندنی بۆ کردن و دیاری کرد کە مامەڵەی دروست و چارەسەری پێویست بە چ شێویەک دەبێ. بە گوێرەی ئەم تێگەیشتنە دەستنیشانی کرد کە هەر چەشنە مامەڵەیەکی مەزهەب گەرا، رەگەزپەرست، زانست گەراو نەتەوەپەرستی، رەوتی چارەسەری بەرەو ئاقارێکی بێ چارەیی و توندوتیژی دەگۆڕێ. هەر بۆیە کۆنگرەی سێهەمینی ئێمە رادەگەیەنێ بە گوێرەی قۆناغەکە تەنیا شارستانیەتی دیموکراتیکە کە دەتوانێ ببێتە پێگەی شۆڕشی زێهنی و رۆشنبیری و بە پێشخستنی هێڵی یەکیەتی و گۆڕانکاریی دیموکراتیک، کێشە و قەیرانەکان بەرەو چارەسەریی بچێ. لە سەر ئەم ئەساسە کۆنگرەکەمان بانگهێشتی هەموو هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان دەکا بە ئاگاییەوە بۆ چارەسەری، دێموکراسی و یەکسانی بە گوێرەی مافەکانی مرۆڤ تێکۆشان بکەن.

کۆنگرەکەمان ئەو ئەرک و راسپاردانەی کە لە کۆنگرەی دووهەم دیاری کرابوون و لە نێوان ئەم دوو کۆنگرەیەدا پێک هاتبوون و کەوتبوونە بواری جێبەجێکردن، هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بۆ کردن. بە پێی راپۆرتی پێشکەشکراو لە لایەن کوردیناسیۆنەوە، کارو تێکۆشانی ئەو سێ ساڵە لە ئاستێکی بەرفراوان دا خرانە بەر باس. لە ئەساس دا تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٤ بە ئاوابوونی سیستمی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان _کژار دەستی پێکرد. کۆنگرەکەمان بەم پێیەو دوای کۆنگرەی دووهەمین کارو چالاکی و ئەو گۆڕانکاری و ئاستەنگانەی کە دەرکەوتبوون و هەروەها ئەو کەموکووڕییانەی کە لە ئەنجامی خەباتی ئەو ماوەدا هاتبوونە ئاراوە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی وردی بۆ کردن. بەو پێیەی کە تێگەیشتن لە روانگەی "ژیانی ئازاد و نەتەوەی دیموکراتیک" لە بواری ئیدیۆلۆژی و تیۆری دا هاتوەتە ئاراوەو قۆناغی ئافراندن لە پێشمان دایەو بۆ ئەمەش پێویستە کادرەکان لە بواری فکری و زێهنی خۆیان پێش بخەن و لە بواری رێکخستنبوون دا هەنگاوی جیدی بنێن. بە پێی ئەو تێگەیشتنە کە هاتە ئارا دروشمی "بە رێکخستن کردنی ژنانی رۆژهەڵات، نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" وەک دروشمی کۆنگرە دیاری کرا.

کۆنگرەکەمان، بۆ ئەو ژنانەیە کە ئەوینداری ئازادین و بە واتای سەرەتایەکی نوێ دێتە ئەژمار بۆ ئازادی و بەرخۆدانی و هاوپەیمانی نوێ. بزووتنەوەکەمان تەنیا بزووتنەوەی رزگاریی ژنان نیە بەڵکوو هاوکات بزووتنەوەی رزگارکردنی کۆمەڵگایە. بۆ ئەوەی ئێمە کۆمەڵگا بە بەهاکانی ئازادی، یەکسانی، ئێکۆلۆژیک، دێموکراسی، جوانناسی (ئەتیک – ئەستاتیک) و سەر لە نوێ بونیاد بنێین، تێکۆشان و خەبات دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە تەڤگەری ژنانی ئازادی کورد کژار، لە پێناو بونیادنانی ژیانێکی ئازاد بە شێوەیەکی بێ وچان و بە بڕیاردارییەوە تێکۆشان دەکاو بە خۆباوەڕییەوە پێشەنگایەتی و میلیتانی ژنان دەگرێتە ئەستۆ و هەڵوێستی خۆی لە کۆنگرەدا دووپات دەکات.

کۆنگرە بڕوای وایە بە پێشەنگایەتی ژنان کە تێکۆشانی ئازادی بەرەوپێش دەبەن مرۆڤایەتی، لەو قاڵب و ساختارە دووگم و کۆیلایەتییەی ژیان کە مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی پێشی خستووە، رزگاری دەبێ. هەروەها کۆنگرە بەڵێنی خۆی بۆ ئەو ژنانەی کە خوازیاری ئازادین دووپات دەکاتەوە کە بۆ ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد تێکۆشان بکات. هەر بەم پێیە بانگهێشتی هەموو گەل و ژنانی ناو ئێران دەکەین کە بە دروشمی "رێکخستن بکە، یەکگرتووبە، تێبکۆشە و ئازاد ببە" سەر لە نوێ یەکیەتی ژنان ئاوا بکەین.

کۆنگرەکەمان لە بواری سیاسی و پراکتیک داو لە هەموو ئاستەکان بۆ پێشخستنی تێکۆشانمان بڕیاری گرنگ و بەجێی گرتووە. کۆنگرەکەمان بەو روانگە کە کژار لە کەموکووڕی، هەڵە و لاوازییەکان بەدوور بگرێت و لایەنە بەهێز و جوانەکان پێش بخاو گەشەیان پێ بدا، تێکۆشانی کردووە. لە کۆتایی دا کۆنگرەکەمان دەستەی بەڕیوەبەری خۆی هەڵبژاردو بەمشێوەو بۆ ئەوەی کە سیستمی خۆی بگەیەنێتە دواڕۆژو ئەنجام، بە شێوەیەکی باوەڕمند لە تێکۆشان دایەو بەڵێنی خۆی بۆ ئەم مەبەستە دووپات دەکاتەوە.

بژی رێبەر ئاپۆ

بژی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادی ژن

بژی رێکخستن بوونی ژنانی ئازادو دیمکراتیک

بژی خوشک و برایەتی گەلان و یەکیەتی ئازادو دیموکراتیک

٢٥ی گوڵانی ٢٠٢٠

کوردیناسیۆنی کژار

ژ.ت