ئەنجامنامەى کۆنفرانسی زانکۆی برۆکسل لەسەر بیر و رامانى عەبدوڵا ئۆجالان

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە زانکۆی برۆکسل کۆنفرانسێکى لەبارەى بیر و رامانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەبرد.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان ئەنجامنامەى کۆنفرانسی بیر و رامانى ئۆجالانى بڵاوکردەوە.

دەقی ئەنجامەى کۆنفرانسی بیر و رامانى ئۆجالان

ئەنجامنامەی کۆنفرانس لەسەر بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجەلان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ٢٠ی ٤ی ٢٠١٩ دا لە زانستگای بروکسل لە ژێر دروشمی "لە ٢١ ساڵەی دەستگیرکردنیدا، بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پرسە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان" کۆنفرانسێکی پێک هێنا.

کۆنفرانسەکە بریتیی بوو لە ٣ پانێل. پانێلی یەکەم؛ سەبارەت بە یەکیەتیی نەتەوەیی گەلی کوردستان بوو. پانێلی دووهەم؛ سەبارەت بە نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدەراڵیزمی دیموکراتیک بوو. پانێلی سێهەمیشیان؛ لە سەر زانستی ژنۆلۆژیی بوو.

 ئاخافتنی بەشداربووانی هەر سێ پانێلەکە لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا بوو کە لەسەر جیهانبینیی و دید و ڕووانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان قووڵ بووبوونەوە و پاشان بەشداربووانی کۆنفرانس بە گەرمی و چالاکانە بە شێوەی پرسیار و تێبینیی خۆیان کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەند کرد.

لە دروشمی کۆنفرانسەکەدا وەبیرهێنرابووەوە کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دا رفێنراوە و ئەوە ٢١ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی دایە و لە بارودۆخێکی فرە دژواردا ژیان بەسەر دەبات. بەڵام بیر و هزری ئەو، جیهانبینیی و ڕووانگە و پێشنیار و پارادیگمای ئەو سەبارەت بە نەتەوەی دیموکراتیک ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتووەتە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و کەوتووەتە ناو ڕۆژەڤی زانکۆ و دانیشگاکانی ئوروپا. بیر و هزری بەڕێز ئۆجەلان وەکوو مەشخەڵێکی گەش هەڵگیرساوە و خەڵک زیاتر و زیاتر لە دەوری کۆدەبنەوە.

بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هەتا ئێستا دەیان کتێبی نووسیووە و سەرەڕای ڕەوشی دژوار و پڕ ئەسارەت و بێدەرفەتیی هێشتا تووانیویەتی ١١ کتێبی تر بنووسێت و بیانخاتە بەر دەستمان. لە چوارچێوەی تیئۆریی خۆیدا پارادیگمایەکی جیاوازی سەبارەت بە دامەزراندنی سیستمێکی سیاسیی و کۆمەڵگای ئازاد و پێشکەوتووخواز و سەربەخۆ خستووەتە بەردەست. هەتا ئەمڕۆ نووسینەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر ٢٨ زمانی جیاواز و لە دەیان زانکۆ و دانیشگای جیهانییدا گەلێک دوکتۆرا و تێز لە سەر بیر و هزری ئەو دەنووسرێن و بڵاو کراونەتەوە.

ئێستا دید و پارادیگمای بەڕێز ئۆجەلان لە جوگرافیای سیاسیی و کۆمەڵگای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە بە بەدەنەیەک. ژیانێکی نوێ لە دەوری بیر و هزری ئەو گەرم و گەش دەبێت. لە لایەکی دیکەوە گەورەترین بزووتنەوەی سیاسیی، چەکداریی و کۆمەڵگای لە کوردستان لە سەر بناخەی مۆدێلی پارادیگمای بەڕێز ئۆجەلان ئاوەدان بووە و دامەزراوە. ئەم ڕێکخستنە وەکوو ئەکتەرێکی گرینگ لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا خاوەنی دروشم و دیدگایەکی بەرچاوە.

ئەم بزووتنەوە نوێیەی کوردستان کە لە سەر پارادیگماکانی بەڕێز ئۆجەلان ڕیشەی داکووتاوە، پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی جدی و  گوتوبێژی بەرفراوان هەیە. پێش هەر لایەکی دیکە پێویستە کوردستانیان خۆیان لە سەری ڕاوەستن و گفتوگۆ و قسەوباسی لەسەر بکەن، بەتایبەتیی لەبەرئەوەی کاریگەریی ئەم پارادیگما و دونیابینییە تا دێت زیاتر و زیاتر لە سەر کۆمەڵگای کوردستان دەردەکەون.

سەر ئەنجامی پانێلەکان، پاش گفتوگۆ و قسە و باسی جدی و بە سوود و هەمەلایەنە لە کۆنفرانسی "لە ٢١ ساڵەی زیندانیبووندا بیر و هزری عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پرسە سیاسیی و کۆمەڵگاییەکان"، بە دروستیان زانی کە ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکوو دەرئەنجامێکی کۆتایی کۆنفرانسەکە بخەنە بەر دیدی ڕای گشتیی:

١ - کوردستان لە دووڕیانێکی مێژوویی و جەنجاڵدا ژیان بە سەر دەبات. گەلی کوردستان لە سایەی بیر و هزری بەڕێز ئۆجەلان لە ڕێگای پێشخستنی یەکێتیی ناوخۆیی و لە کۆدەنگکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا دەتوانێت تانج بخاتە سەر دەستکەوتەکانی خۆی.

٢ - بۆ پێشخستنی یەکێتیی نەتەوەیی پێویستە کە لە دین و باوەڕەوە هەتا دەگاتە مێژوو و فەلسەفە و بوارەکانی دیکەی ژیان خۆی پێش بخات، و گەلی کوردستان خۆی و وڵاتی خۆی لە دەست تواندنەوە و سڕینەوەی داگیرکەران ڕزگار بکات و لە چوارچێوەی ڕووانگەی "کۆمەڵگای ئازاد" دا خۆی لە نوێوە هۆشیار و زانستدار بکات.

٣ - لە مژاری یەکێتیی نەتەوەییدا یەکێک لە خاڵە بنەڕەتیەکان پرینسیپی پاراستی ڕەوای گەل و وڵاتە. لە هەرێمێکی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناویندا و لەم دەمەدا کە هێرشی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هێزگەلی داگیرکەر لە سەر گەلان بەردەوامە، ئەوا پاراستنی ڕەوا بۆ مستوەگەر گرتنی هەبوون و ژیانێکی ئازاد پێویستییەکی گرینگە.

٤ - مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و سازمانە کۆنەپەرستەکانی، بۆ نموونە وەکوو دەوڵەت نەتەوە، لە ناو گیرۆدەبوون و قەیرانی گەورەدان. بۆ ئەوەی بەر بەم چارەنووسە بگرن فشار زیاتر دەهێنن و ئێش و ئازاری گەلان زیاتر دەکەن. لە ڕێگای شەڕ و هێرشەوە دەیانەوێت تێکچوون و سەرنگومبوونی خۆیان دوا بخەن. سیستمەکانی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەسەڵات و ژیانی خۆیان لە سەر دروستکردنی ناکۆکی ئەتنیکیی و دینیی و مەزهەبیی بونیاد دەنێن. پێکهاتە جیاوازەکان دژ بە یەک هان دەدەن و دەبزووێنن، بە نەژادپەرستی، ئایینپەرستی و ململانێی مەزهەبی هەوڵ دەدەن ئاشتی و ئارامی لە ناو و لە نێوان پێکهاتەکاندا تێکبدەن و بشێوێنن. لە لایەکی دیکەوە جیهانبینیی و پارادیگمای نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتیی و ئازادیی و ژیانێکی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان پێش دەخات و مستوەگەر دەکات. ئەم پارادیگمە بە ئەزموونی ڕۆژئاوا /  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە بە نەزمێک کە بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز بووە بە هیوا و ئیلهام.

٥ -  بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بیر و رامانی خۆی لە سەر بیردۆزی ئازادیی ژنان پێش خستووە و نیشانی دەدات کە هەتاکوو ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگا ناتوانێت ئازاد بێت. لەم چوارچێوەیەدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆڕێکخستنی ژنان، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگایش دەهێنێتەوە سەر خەتی دروستی خۆی کە خەتی ڕەوشتیی و سیاسییە.

٦ - زانیاریی نوێی ژیانی ژنۆلۆژیی لە هەمان کاتدا کاکڵەی کۆمەڵگای ئازاد و ڕەووشتیی و سیاسییە. پێشخستنی ئەم زانستە کە بەشێکی گرینگ لە دید و دونیابینیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە، لە هەمان کاتدا دەبێت بە هێمای ژیانی نوێ و ئازاد و دیموکراتیک.

٧ - لە کۆنفرانسەکەدا لە بواری فیزیکیشدا، ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان بوو بە خاڵێکی گرینگ. بەشداربووانی کۆنفرانس هاوبیر و هاوڕان لە سەر ئەوەی کە کەسایەتیەکی وەکوو بەڕێز ئۆجەلان بە هۆی بیر و باوەڕی خۆیەوە بووە بە هیوایەک و نابێت لە دۆخی ئەسارەت و دژوارییدا بهێڵرێتەوە.

٨ - بۆ ئەوەی لە بواری فیزیکیشەوە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بگاتە هەموو جیهان، بەشداربووانی کۆنفرانس هاوبیر و هاوڕان کە دەبێت بەرخۆدانی چالاکی گرەوی مانگرتن لە خۆراک گەورەتر بکرێت و هەروەهاش پەیامی "ئێمە دەبێت گۆشەگیریی بشکێنین، فاشیزم بڕووخێنین و کوردستان ئازاد بکەین" بە سەر بخەین.

٩ - بۆ ئەوەی سزای گۆشەگیریی لە سەر بەڕێز ئۆجەلان بشکێنین ئەوا چالاکیەکانی گرەوی مانگرتن لە خۆراک کە بە پێشەنگیی لەیلا گیوڤەن دەستی پێ کرد و ئێستا ژمارەی ئەوان لە حەوت هەزار کەس زیاترە، ئەوا بەشداربووانی کۆنفرانس بەڕێزەوە سڵاو لە هەموو چالاکوانان دەکەن و جەخت دەکەن کە هەتا کۆتایی لەگەڵ داخوازیی ئەوان دا دەبن. ئۆجەلان بە بیر و ڕامانی خۆی و بە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادیی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیی خەباتی کردووە و هەر بەردەوامە، لەبەرئەوە تێکۆشان و خەباتکردن بۆ ئازادیی ئۆجەلان  بۆ ئێمە پێوەرێکی هەرە بنچینەییە. بەشداربوونی کۆنفرانس لە سەر ئەم بناخەیە بانگ لە گەل دەکەن کە بۆ شکاندن و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی و بۆ ئازادیی بەرێز ئۆجەلان زیاتر و گەرموگوڕتر تێ بکۆشن.

١٠ -  بەشداربووانی کۆنفرانس بانگ لە هێزی دیموکراسیی جیهان دەکەن کە بۆ کۆتاییهێنان بەو ناڕەواییەی دژ بە بەڕێز ئۆجەلان دەکردرێت دەنگی خۆیان بڵند بکەن و تێبکۆشن و هاوپشتی گەلی کوردستان بن.

١١ - لە گۆتوبێژی ناو کۆنفرانسەکەدا ڕوون بووەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێگای ئاشتیی و چارەسەریی بە پێی پرۆژەی بەرێز ئۆجەلان بە پێشخستنی پارادیگمی نەتەوەی دیموکراتیک ئەنجام دەدرێت. هەموو کۆمەڵگا، گەل. بیر و باوەڕی چواردەوری ئەم هزرە، دەتوانن خۆیان بپارێزن و هەبوونی خۆیان مستوەگەر بکەن و ناسنامە و کولتوری خۆیان پێش بخەن و لە سەر ئەم بناخەیە پێوکەوەژیانێکی ئازاد بونیاد بنێن.

١٢ - کۆنفرانس دیاری کرد کە بۆ گەلەکەمان جێگای سەربڵندییە کە سەرهەڵدان و لەدایکبوونی پارادیگمی ئەڵتەرناتیڤ کە سەبارەت بە ژیانێکی دیموکراتی و بەرابەر و ئازادە و خراوەتە بەردەستی هەموو مرۆڤایەتیی لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و پەیدا بووە. ئەم ڕاستیەش لە سەر ئێمە خۆی فەرز دەکات کە ئێمە لە هەر کەسێک باشتر بە پارادیگمی نەتەوەی دیموکراتیک خۆ پەروەردە بکەین بیخەنە ژیانەوە.

١٣ -  بەشداربووانی کۆنفرانس بە پێویستی دەزانن کە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بەردەوامیان هەبێت و داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک دەکەن کە لە شوێنی و جێی دیکەش دووبارەیان بکەنەوە.

ر.م