بایک: تێکشکاندنى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە دوژمنانی کورد و دیموکراسی و گەلان بێزار دەکات

جەمیل بایک رایگەیاند "بە ڕوونى دیارە ئەو مرۆڤانەى دەیانەوێت لە ئاکەپە رزگاریان بێت، هێشتا پێداگر و بە بڕیارن. ئەگەر ئەو هێزانە باشتر کار بکەن و خاوەندارى لە سندوقەکان بکەن، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە دێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕەوە، بارودۆخی ئاکەپە و هێزە دیموکراسیخوازەکان لەگەڵ رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا چاوپێکەوتنێکى ئەنجامداوە.

بایک رایگەیاند، بانگەشە و قسەکانى ئاکەپە لە کاتى گرتنەدەستى دەسەڵاتدا لەگەڵ بانگەشە و قسەکانى ئێستایدا جیاوازە و لەگەڵ یەک ناکۆکن. لەبەر ئەوەشە لەم هەڵبژاردندا تەنگاو بووە.

ئەوانەى دەیانەوێت لە ئاکەپە رزگاریان بێت، دیارە هێشتا پێداگر و خاوەن بڕیارن

بایک باسى ئەوەیکرد، ئیتر ئەوە بەسەرچوو کە ئاکەپە بتوانێت دەنگ لە گەنجانەوە بەدەست بهێنێت، بەڵکو لە گەنجان دوور دەکەوێتەوە. شانسى ئەوەى نییە لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت. لەوبارەیەوە وتی "ئاکەپە لەو دۆخەدایە، بەڵام ئاکەپە نایەوێت بە هەڵبژاردن دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت. هەڵوێستى ئێستاى دەرخەری ئەوەیە، کە هەڵبژاردن بە کێشەیەک بۆ داهاتوو دەبینێت. بە عەقڵییەتى 'ئەگەر ئاکەپە بدۆڕێت، تورکیا دەدۆڕێت' هەوڵى فریودانى کۆمەڵگا دەدات. گومانى تێدا نییە لەو ڕووەوە هەڵبژاردنێکى قورس و دژوار لەگۆڕێدایە، بەڵام ئەوە دەبینرێت، کە گەل لە ئاکەپە هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو مرۆڤانەى دەیانەوێت لە ئاکەپە رزگاریان بێت، وادیارە هێشتا پێداگر و بە بڕیارن. ئەگەر ئەو هێزە هەندێک زیاتر و باشتر کار بکات و خاوەندارى لە سندوقەکان بکات، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە دێت. لە بەرامبەر کۆمەڵگادا بەرگە ناگرێت و دەڕوخێت. لە ڕاستیدا لە ریفراندۆمى ١٦ى نیساندا تێکشکا. ئەگەرى زۆریش ئەوەیە، کە لەم هەڵبژاردنەشدا تێکدەشێکت".

هاوپەیمانیى هێزە دیموکراسییەکان و گەلان زۆر گرنگە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە ئاماژەى بە هاوپەیمانى گەلان، هێزە دیموکراسیخوازەکان، عەلەوییەکان و کوردان لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە کرد و وتى "بێگومان دروستکردنى ئەو هاوپەیمانییە زۆر گرنگە. پرۆژە و بژارەى رێبازى دێرینى سۆسیالیستی لە تورکیا پشتیوانى لە هەدەپە دەکات. ئەوە نیشانى دەدات، کە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان لە تورکیا لە دەوری هەدەپە کۆبوونەتەوە، چونکە ئەوەى لە تورکیا زیاتر لە هەر کەس و لایەنێک پێویستى بە دیموکراسییە کورد، عەلەوی، ژن و پێکهاتە جیاوازە نەتەوەیى و ئایینی و سۆسیالیستەکانن. ئەو هێزانە لە مێژووى تورکیادا بە بەردەوامى لە ناو رەوتى تێکۆشانى دیموکراسیدا بوون و ئێستاش وەک هاوپەیمان پشتیوانى لە هەدەپە دەکەن. ئەوەش سەلمێنەرى ئەوەیە، کە ئەو هێزانە پێداگرن لە بە دیموکراسیکردنى تورکیادا و بۆ ئەوە تێکۆشانى هاوبەش بەڕێوەدەبەن. نەک تەنها ئەو هێزانە، بەڵکو ئەو کۆمەڵگەیەش کە بەڕاستى خاوەندارى لە بەهاکانى ئیسلام دەکات، لە ئاکەپە هەڵدەگەڕێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئاکەپە بووەتە حیزبێک، کە ئایین بە خراپترین شێوە بۆ خۆى بەکار دەهێنێت. ئاکەپە دوژمنى ئایینە. رێبەر ئاپۆ بەوان دەڵێت 'دژ بە ئیسلام' و 'ئیسلامی معاوییە'،".

ئەردۆغان ئێستا وەک ئەڤرەن قسە دەکات

بایک باسى ئەوەشیکرد، ئاکەپە بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت خۆى هەڵواسیوە بە چیللەر و ئاغاردا و لەو بارەیەوە وتى "ئەردۆغان لە ساڵەکانى سەرەتاى ئاکەپەدا دەیوت 'ئێمە لە دژى کردار و کارەکانى ساڵانى ١٩٩٠دەکانین'، رەخنەى لە بەڕێوەبردنى شەڕی چەپەڵ و قێزەونى ساڵانى ٩٠دەکان لە کاتى چیللەر، ئاغار و دۆغان گیورەش دا دەگرت. لەو رێگەیەوە دەنگى لەلایەن کۆمەڵگەوە بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا خۆى هەڵواسیوە بە چیللەر، ئاغار و مەهەپەدا. خۆى هەڵواسیوە بە ئەڤرەندا. ئەوەتا پەروین بوڵدان پێى وتن 'ئەگەر پێیان بکرێت، ئەڤرەن لە گۆڕەکەى دەردەهێنن و بەشدارى دەکەن لە هاپەیمانییەکەیاندا'. ئێستا ئەو (ئەردۆغان) وەک ئەڤرەن قسە دەکات و دەڵێت 'بە بارى نائاسایى تورکیا ئارام بووەتەوە'، کەنعان ئەڤرەنیش دەیوت 'من کودەتام کرد، من تورکیا ئارام کردەوە'،".

بایک ئەوەشى خستەڕوو، ئەدرۆغان مێشک و سەرى کەنعان ئەڤرەنە و لەوبارەیەوە وتیشى "مەهەپە لە دواى کودەتاى ١٢ى ئەیلول دەیوت 'ئێمە داخراین، بەڵام بۆچوونەکەمان بووەتە دەسەڵات'. ئێستاش بە شێوەیەکى تەواو بووەتە هاوبەشى دەسەڵات. بێگومان دەبێت لە دژی ئەو دەسەڵاتە، هێزە دیموکراسییەکان و گەل ببن بە یەک و هاوپەیمانى یەکتر".

جەمیل بایک ئەوەشى وت، ئەو هاوپەیمانییە نابێت تەنها هاوپەیمانى بێت بۆ هەڵبژاردن. پێویستە دواى هەڵبژاردنیش ئەو هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای تێکۆشانى ئازاد و دیموکراسییانە لە دژی فاشیزم و هێرشی فاشیستەکان درێژەى پێبدرێت.

بەرەى فاشیست سەربکەوێت، شەڕ قورستر دەکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر بەرەی فاشیست لە هەلبژاردندا سەربکەوێت شەڕ قورستر دەکەن و لە بەرەدەوامیى قسەکانیدا وتی "لە ناوخۆى وڵاتدا هێرشەکانیان لە دژى هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد زیاتر دەکەن. هەر بۆ ئەوەى سیاسەتەکانیان بۆ ئەنجامدانى هێرش لە ناوخۆ و درەوەى وڵات رەوایى پێ بدەن، هەڵبژاردانیان هێنایە پێشەوە، چونکە ئەگەر سەرلەنوێ هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و رەوایى بە دەستەڵاتەکەى نەدات، ناتوانن رەوایى بە سیاسەتەکانیان بۆ ئەنجامدانى هێرش لە ناوخۆ و درەوە بدەن".

بایک دەستنیشانیکرد، گەلی کورد وەک پێشتر و لە ئێستا بە دواوەش درێژە بە بەرخۆدانەکەى دەدات. ئەوەشى وت "ئەوەتا دەسەڵاتداریى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە ماوەى ٣ ساڵە بە هەموو توانا و هێزییەوە لە ناوخۆ و دەرەوە هێرش ئەنجام دەدات. وتەبێژانى دەسەڵاتە فاشیستییەکەى ئاکەپە – مەهەپە دەیانوت 'لە ئێستا بە دواوە ئیتر کەس جارێکیتر ناتوانێت ناوى پەکەکە بهێنێتە سەر زمان'. بەڵام بزووتنەوەى ئازادیى گەلەکەمان خۆڕاگریى کرد و پلان و حسابی دەسەڵاتداریى ئاکەپەى تێکدا. ئەگەر دەسەڵاتى ئاکەپە ئێستا تەنگاوبووە، ئەوە لە سایەى بەرخۆدانى بزووتنەوەی ئازادیمانەوە روویداوە. ئەگەر ئەردۆغان جارێکیتر ببێتەوە بە دەسەڵات، ئەوا هێرشەکانى زیاتر دەکات. ئێمەش لە دژى ئەو هێرشانە، بە شێوەیەکى مێژووییانە خۆڕاگرى دەکەین و بەرەنگارییان دەبینەوە".

بایک وتیشى "ئەگەر بلۆکى فاشیست سەربکەوێت، نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو هێزە دیموکراسیخوازەکانیش خۆڕاگرى دەکەن. ئەو دەسەڵاتە کە بەهەڵبژاردن ناڕوات، ئەوا هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد بە تێکۆشانى هاوبەش و بە بەرخۆدانى گەل و دیموکراسییانە ناچاری دەکەن بە ڕۆیشتن".

رووخانى دەسەڵاتى  ئاکەپە – مەهەپە دوژمنانی کورد و گەلان بێزار دەکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە باسى ئەوەشیکرد، رووخانى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان بەو مانایە دێت، کە گەلانى تورکیا سیاسەتەکانی ئاکەپە – مەهەپەیان قبول نییە. ئەوەشى وت "دەوڵەتى قوڵ و شاراوە، بیرۆکراسیى مەدەنیى سەربازیى کلاسیک وهێزەکانى دەوڵەت تاوەکو ئێستا شانبەشانى ئاکەپە – مەهەپە، پێکەوە کاریان کردووە و دەشیانەوێت درێژە بە شەڕ لە دژى گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان بدەن، بۆیە بە رووخان و تێکشکاندنى ئاکەپە – ئەردۆغان لە ناوکاو دیموکراسی لە تورکیا نایەتەدی، بەڵام رووخان و تێکشکاندنى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە دوژمنە فاشیستەکانى کورد و دوژمنانى دیموکراسی و گەلان بێزار و تەنگاو دەکات".

  جەمیل بایک وتیشى، بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە، کە پێش لە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بگیردرێت و فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لەسەر دەسەڵات لاببرێت. لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "بێگومان گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکان و دژبەرانى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە چاوەڕێى ئەوە دەکەن لە چوارچێوەى بە دیموکراسیکردن و ئازادیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەى گەلی کورد هەنگاو بنرێت. ئەوە تەنها داوا و بڕواى ئێمە نییە، بەڵکو داواى گەلانى تورکیایە. دەسەڵاتێک کە وەڵامى داواکانى گەل نەداتەوە، ئەستەمە بتوانێت لە تورکیا لەسەر پێ خۆى رابگرێت، چونکە گەلانى تورکیا ئازادی و دیموکراسییان دەوێت. داواى چارەسەرکردنى کێشەى کورد دەکەن. داوا دەکەن لە دەسەڵاتى ئێستای ملهوڕ و دەسپۆت رزگاریان بێت. دەیانەوێت لە تورکیایەکى دیموکراتیک و ئازاد دا بژین، کە ژن تیایدا خاوەن ئیرادە بێت، گەنجان خاوەن ئیرادە بن و کێشەى کوردی تیادا چارەسەرکرابێت و کێشەى ئەمنى و ئاسایش چارەسەرکرابێت و هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان ژیانێکى ئازادانەیان هەبێت. ئەوەى سیاسەتێکى لەو شێوەیە بەڕێوەنەبات، جا کێ دەبێت با ببێت، ئەوا بەرخۆدانى گەلانى رووبەڕوو دەبێتەوە".

ر.م