بومەلەرزەی خارپێت: ژمارەی قوربانییان لە زیادبووندایە

ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی دوێنێی باکوری کوردستان کە گوڕەکەی ٦.٨ پلەی ریختەر بوو، ناوەندەکەشی سیڤریجەی سەر بە شاری خارپێت بوو، لە زیادبووندایە. بە پێی دوایین ئامارەکان ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە گشتی ١١٠٣ کەسیش بریندار بوون.

شەوی رابردوو کاتژمێر ٢٠:٥٥ بە گوڕی ٦.٨ پلەی ریختەر بومەرەرزەیەک لە ناوچەی سیڤریجەی شاری خارپێت روویدا. لە ئەنجامی بومەلەرزەکەدا لە گەڕەکی گازینی ناوچەی مادەن، شوقەی ماڤی گۆڵ-ی ٤ نهۆمی دارووخا. تیمەکانی فریاکەوتن دوای ئەوەی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، دەستیان کرد بە دەرهێنانی ٥ کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە.

سەرەتا تەرمی ماڤییە بوگدا لە ژێر داروپەردووی شەقە رووخاوەکە دەرهێنراو رابیعە گوگدەمیریش بە برینداری رزگار کرا.

هەوڵی رزگارکردنی بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. سەر لە بەیانیش مەریچ دیشلی بە برینداری رزگار کرا کە لەگەڵ هاوسەرە دووگیانەکەی و کوڕەکەی لە ژێر داروپەردووی شەقەکەدا مابوونەوە. مەریچ دیشلی بە برینداری گەیێنرایە نەخۆشخانە. دواتر تەرمی کوڕەکەی (میراچ دیشلی) دۆزرایەوە و هاوسەرە دووگیانەکەشی بە برینداری دۆزرایەوە. بەلام لەگەل هەموو هەوڵێک بۆ رزگار کردنی، پنار دیشلی-ی دووگیان و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، نەتوانرا رزگار بکرێت و گیانی لەدەستدا.

بومەلەرزەی بچووک بەردەوامن

لە خارپێت لەرزینەکانی دوای بومەلەرزەکە، بەردەوامن. لە دوێنێوە ١٣ بومەلەرزە بە گوڕی سەرووی ٤ پلە کە ناوەندەکەیان ناوچەی سیڤریجەیە، روویانداوە. بە گشتی نزیکەی ٣٠٠ بومەلەرزەی بچووک روویانداوە.

دوایین جار لە ناوچەی بەکچیتە ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١١:٤٠ بە گوڕی ٤.٣ پلەی ریختەر و قوڵایی ٣.٤ کیلۆمەتر بومەلەرزەیەک روویدا.

بەم هۆیەوە خەڵکی ناوچەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدان.

بەندیخانەی سەمسوور

بە هۆی بومەلەرزەکەوە، زیانی مادی بەر ناوەندی رێکخراوی سزای سەمسووریش کەوتووە. وەزارەتی داد دوای بومەلەرزەکە بڕیاری چۆڵکردنی بەندیخانەی سەمسووریدا و ٨١٤ بەندکراو رەوانەی گرتووخانەکانی دیلۆک، رحا و مەرەش کران.

ناوچەی سووری ئامەدیش بە هۆی بومەلەرزەکەوە زیانی بەرکەوت و چەند شوێنێک دارووخان.

لە کلیسەوە بگرە تا دەگاتە شاری سەمسوور، بومەلەرزەکە زیانی لێکەوتەوە. سوورە مێژووییەکانی ئامەدیش توشی زیانی بومەلەرزەکە بوون. دوو شوێنی جیاوازی سوورەکانی ئامەد لە نێوان دەرگای رحا و دەرگای دوودەری، دارووخان.  

بە پێی لێدوانێکی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی کارەساتە سرووشتییەکان، لە خارپێت ١٨ و لە مەلەتی ٤ کەس گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ١١٠٣ کەسیش بریندار بوون.

لە لێدوانەکەدا باس لەوە کراوە کە، لە ناوەندی شاری خارپێت تیمەکان بەردەوامن لە رزگارکردن و دەرهێنانی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەکان. هاوکات باس لەوەش کراوە کە ٤٠ کەس بە زیندووی رزگار کراون.

بە پێی لێدوانەکە، لە خارپێت ٦٥٥ کەس، لە مەلەتی ٢٢٦ کەس، لە ئامەد ٣٢ کەس، سەمسوور ٢٥ کەس، ئێلح ٦ کەس، مەرەش ٣٧ کەس و روحا ٥٠ کەس، بە گشتی ١١٠٣ کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

تەرمی ٤ کەس بە خاک سپێردرا

ژنێک بە ناوی گازال سای و کوڕەکەی یوسف عەلی سای کە لە ناوچەی خوخێی سەر بە خارپێت بە هۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەست دابوو، لە گۆڕستانی دۆغانیۆل بەخاک سپێردران.

هەروەها تەرمی فاتما یلماز و کوڕەکەی دۆروک عباس کە لە ژێر داروپەردووی شوقەی دیلەک لە گەڕەکی سورسوروی ناوچەی خارپێت دەرهێنران، لە گۆڕستانی ئاسری لە ناوچەکە بە خاک سپێردران.

ز.ش