بیڵد: لیستی بانگهێشتکراوەکانی مێڕکڵ بەدڵی ئەردۆغانە

ڕۆژنامەی بیڵد ڕایگەیاند، ئەنگێلا مێڕکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لیستی بانگهێشتکراوەکانی کۆنفڕانسی لیبیای بەدڵی ئەردۆغان ئامادە کردووە.

لە ڕۆژی یەکشەمە ١٩ی کانونی دووەمدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی لیبیاوە ئەنجامدەدرێت. بۆ کۆنفڕانسی لیبیا کە حکومەتی ئەڵمانیا ڕێکیخستووە، ئەنگێلا مێڕکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بانگهێشت دەکات.

دوو ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی کۆنفڕانسەکە ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لەبارەی لیستی بانگهێشتکراوەکانی کۆنفڕانسەکە زانیاری تایبەتی بڵاوکردەوە. بە پێی هەواڵێکی ژمارەی ئەمڕۆی (هەینی) ڕۆژنامەکە، مێرکڵ بە هۆی فشارەکانی تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکەوە لیستی بانگهێشتکراوەکانی بەدڵێ ئەردۆغان ئامادە کردووە.

ڕۆژنامەکە باسی ئەوە دەکات، ئەردۆغان داوای بەشدارینەکردنی هەندێک وڵاتی کردووە بە تایبەتی وڵاتی یونان و لەو بارەیەشەوە سەرکەوتووە.

حکومەتی ئەسینا کە دەیویست بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا بکات، بۆ کۆنفڕانسەکە بانگهێشتنەکرا و ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی ئەڵمانیا دەربڕی. نیکۆس دەندیاس وەزیری دەرەوەی یونان ڕایگەیاند، ئەوان بە هۆی بڕیارەکەوە سەریان سوڕماوە و وتی، "نازانین بۆچی نایانەوێت، ئێمەش بەشێک لەو پڕۆسەیە بین؟"

ف.ق