بێریتان جودی: سەرکەوتن لە چالاکییەکانی گەریلادایە

بێریتان جودی ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک رایگەیاند "بە بۆردومانانەکانیان خۆیان گەیاندووەتە سەر هەندێک گرد، بەڵام ئەوە سەرکەتن نییە. سەرکەوتن لە چالاکیی گەریلادا شاراوەیە".

بێریتان جودی ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) رایگەیاند، "هاوکات لەگەڵ چاودێریی بەردەوامی فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، سوڕانەوەى فڕۆکەى جەنگی بە ئاسمانەوە و بەکارهێنانی لەیزەر و هەستگرەکان، گەریلا شەو و رۆژ چالاکی ئەنجام دەدات و ئەوە سەرکەوتنە. هەر وەک سەید رەزا وتویەتی، دوژمن دەتوانێت بێت بۆ کوردستان بەڵام ناتوانێت سەر بکەوێت".

بێریتان جودی ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک بەشداری بەرنامەى "رۆژەڤی ژن" لە کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و لەبارەى هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی رایگەیاند، "ئێستا دەوڵەتی تورک دەڵێت، 'هێرشەکانی من بۆ سەر پەکەکەیە و بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی نییە'، دەیەوێت بەو شێوەیە بڵێت، 'مافی خۆمە هێرش بکەمە سەر ئەندامانی پەکەکە'، بەڵام ئەوە خۆفریودان و بۆسەیەکى گەورەیە. باشە کاتێک ئەندامانی پەکەکە لەناو شارەکاندا و لە ناو هاووڵاتییاندا بن، ئەو مافی هەیە بە مووشەک و رۆکێت و ناپاڵم لێیان بدات؟ پێشتر  لە شەڕدا ئەخلاقی شەڕ زۆر زیاتر بوو. باشە ئێمە دەتوانین بڵێن، سەرباز و پۆلیس لە شەقامێکى پڕ لە خەڵکدا ببین تەقینەوەیەکى گەورەی تیادا دەکەین؟ لە شەڕی ئێمەدا کاری لەو شێوەیە نییە و کاتێکیش رووداوێکى نەخوازراو رووبدات، رێکخستنەکەمان لەسەری دەوەستێت و لێپرسینەوە دەکات و داواى لێبوردن لە رای گشتی دەکات، بەڵام فاشیزمی ئاکەپەى داگیرکەر فڕۆکەکانی زۆر بە ئاسایی ناو شارەکان، سەیرانگەکان و گوندەکان بۆردومان دەکەن. هیچ پاساوێک لە شەڕدا بۆ کوشتنی ژن و منداڵ و هاووڵاتییانی مەدەنی نییە و ئەوانە تاوانی گەورەن. پەکەکە بووەتە گەل و ئەوان ناتوانن کەسانی مەدەنی و میلیتان لە یەک جیا بکەنەوە. ئەگەر ئەوە بکەن ئەوا هەموو گەلی کورد دەکەنە ئامانج".

کۆمەڵکوژکردنی ژنان سیاسەتە

جودی لەبارەى ئەو ٣ ژنە پێشەنگە، کە لە کۆبانێ بە هێرشی فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر شەهید بوون وتی "ئێمە لە مێژە وەک بزووتنەوەى ئازادی کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە کوشتارکردنی سیاسەت پیناسەکردووە. ئەوان حساباتی سیاسییان لەوەدا هەیە. ئەو کوشتارەش، کە لە کۆبانێ روویدا بە مانای قبوڵنەکردن و تەحمول نەکردنی شۆرشی ژنانە. هەڤاڵ زەهرا و هەبوون هێماى پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژن بوون. ئەو ژنانە نەک بۆ هەوڵێکى کەسی، بەڵکو بۆ ئازادیی کۆمەڵگە تێدەکۆشان. رێبەرایەتی لە ساڵی ١٩٩٨دا سەرنجی خستەسەر وتەکانى مادلین ئۆڵبرایت (وەزیری ئەو کاتی دەرەوەى ئەمریکا) کە وتبوی "پێش هەموو شتێک لە ژن بدەن" و لەبەرامبەر ئەو وتەیەدا رێبەرایەتی وتی "پێش هەموو شتێک ژن رزگار بکەن". بۆ ئەوەى لە کەسایەتیی ژندا کۆمەڵگە لە ناو ببەن ئەو سیاسەتانە بۆ کوشتن و کوشتاری ژنان لەو کاتەوە خستووەتە گەڕ و کاری پێدەکەن. ئەمڕۆش بە سەگ هێرشیان کردە سەر رۆژبین چەتین. چەتەکانى ئەردۆغان لە عەفرین دەستدرێژییان کردە سەر ژنان و تەرمەکانیان فڕێدانە سەر سنوورەکان. لە کۆمەڵگەى کورددا و بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژن بە پیرۆ سەیر دەکرێت و دەڵێن، ژن زیارەتن. لەو بارەیەوە رێبەر ئاپۆ دەڵێت 'لە وڵاتێکدا کە ئەوەندە ژن بکوژرێت، من ناتوانم ببمە هاوڵاتیی ئەو شوێنە'. لەبەر ئەوەش پێویستە هەموو ژنان لە دروشمەکانی خۆیاندا لە رێپێوانەکانیاندا، لە نوسینەکانیاندا، لە لێدوان و راگەیاندراوەکانیاندا بڵێن "ئەردۆغان بکوژی ژنانە".

'دوژمن دەتوانیت سەفەر بکات، بەڵام ناتوانێت سەر بکەوێت'

جودی لەبارەى ئۆپراسیۆنی داگیرکەری بۆ سەر حەفتانین وتی "بەو ئۆپراسیۆنە دەڵێن، ئێمە هێزی گەریلا دەخەینە ژێر کۆنترۆڵی خۆمان، بەڵام ئەوان هەر ٢٤ کاتژمێر بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و چاودێری هەموو ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکەن. دووبارە دەڵێنەوە، ئەو ئۆپراسیۆنە بۆ ئەوە ئەنجام دەدەن، کە هێزی گەریلا نەپەڕێتەوە بۆ باکوور، بەڵام خۆی لەو بوارەشدا لە مێژە سنوورەکانی نێوان کوردستان گیراون. ئەوە نیشانی دەدات، کە هۆکارەکە بۆ ئەوەیە گەریلا بکەنە ئامانج و باشووری کوردستان داگیر بکەن. دەیانەوێت بە خێرایی بپەڕنەوە بۆ خاکی دەرەوەى سنوورەکانیان و بەو شێوەیە خاکی زیاتر بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. دەیانەوێت لە سەد ساڵەى لۆزاندا بە ئامادەکارییەکى گەورەوە گۆڕانکاری ئەنجام بدەن".

جودی لەبارەی بەرخودانی گەریلا لە حەفتانین وتی "بەو هەموو بۆمبە ناپاڵمانە بۆردومانی زۆر چڕ و قورس دەکەن، بەڵام ناتوانن بڵێن، سەرکەوتون. سەرکەوتنی گەورە لە چالاکییەکانی گەریلادایە. لە ژێر ئەو هەموو فڕۆکە چاودێری و سیخوڕیی، فرۆکەى جەنگی و لەیزەر و هەستگرانەدا گەریلا بە شەو و رۆژ لێیان دەدات، ئەوە سەرکەوتنی گەورەیە. لە کەسایەتیی ئەو ژنەدا کە وتی "ئێرە حەفتانینە" و تاوەکو دوا فیشەکیان شەڕیان کرد، سەرکەوتن هی هەڤاڵ ئامارا و زەریایە. خۆی بەو ئۆپراسیۆنانە دوژمن دەبێتە ئامانجی گەریلا. پێشتر گەریلا بە رۆژان بە دواى ئامانجدا دەگەڕا. ئێستا ئامانجەکە خۆی دێتە بەر پێی گەریلا. ئەمڕۆ لە ناو ئەو ئۆپراسیۆنە قورسەدا ئەو هەموو گورز و لێدانانەى گەریلا زۆر بە نرخە. بۆ ئەوەش هەر وەک سەید رەزا وتی "دوژمن دەتوانێت بە کوردستاندا سەفەر بکات، بەڵام ئەو هەرگیز ناتوانێت سەر بکەوێت".

جودی لەبارەى قۆناغی ئەمدواییەوە وتیشی "بۆ ئەوەى قۆناغەکە سوودی بۆ ئێمە هەبێت و بۆ ئەوەى نەتەوەی دیموکراتیک بونیات بنرێت و بە گشتی ئارامی بەدی بێت، ئێمە دەڵێین، تاکە لەمپەر حکومەتى ئاکەپە، یان تاکە لەمپەر هەندێک کەسی سیخوڕ و هاوکاری ئاکەپەن، ئەوا ئێمە خۆمان هەڵدەخڵەتێنین. ئەوانەى لە بەردەم قۆناغەکەدا لەمپەرن  ئەو کەسانەن کە دەڵێن 'با سەیر بکەین بزانین چی دەبێت' بەوە هیچ ناکرێت و لە شوێنی خۆیان چەقیون. دەڵێن 'فاشیزم ناهێڵێت ئێمە چاو بکەینەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین خۆمان بە رێکخستن بکەین، بۆ ئەوە ئێمە ئێستا راوەستاوین'، بەڵام بەپێی ئەم دۆخە ئەگەر مرۆڤ هیچ نەکات ئەی دەبێت کەی شتێک بکرێت؟ خۆی دوژمن هەموو کارێک ئەنجام دەدات. مرۆڤەکان تەنها بۆ ئەوەى گۆرانی بڵێن، دەستیان بە مانگرتن تا مردن کرد، لە دایکێکى تەمەن ٧٠ ساڵ ترسان و زیندانیان کرد. ئێمە ناتۆانین لۆمەى دوژمن بکەین، ئەو دوژمنایەتیی خۆی دەکات. ئەوە عەقڵییەت و ماریفەتی ئەوانە. بەڵام گرنگ ئەوەیە، کە دەبێت ئێمە چی بکەین؟ ئێمە دەزانین گەلەکمان دڵیان لەگەڵماندایە. ئێمە دەزانین لە هیچ پارچەیەکى کوردستاندا هیچ کەسێک دوژمنی خۆش ناوێت، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر ئەوەدا چەند هاوار دەکەین، لە ناو رێکخستندان، یان لە ناو چالاکیدان، ئەوان زیندانیکراون. بە تایبەتی بۆ ئەم قۆناغەى ئەمدواییە وڵاتپارێزی پێویستە. ئەگەر ئێمە بە باشی پێشوازی لەوم قۆناغە نەکەین ئەو کاتە دەبێتە هی داگیرکەران. ئێمە هەمیشە لە ژێر داگیرکەریدا دەمێنینەوە. بەڵام ئەگەر لەم کاتەدا ئێمە کاریگەر بین و ئەوا لە زەمەنەکانی ئازادیدا دەژین. بۆ ئەوەش با هەموو کەس لە خۆی بپرسێت 'من چەند ئازادیخوازم، چەند لە دوی ژیانێکى واتادارم؟ لەبەر ئەوە لەم کاتەدا پێویستی بەوە هەیە بە تایبەتی کە بپرسین 'شکۆ بۆ من چییە، ویژدان چییە، بەهای بنەڕەتی و سەرەکیی من چییە؟. پێویستە وەڵامی ئەمانە بدرێنەوە. با هیچ کەس خەم داینەگرێت. ئەم بزووتنەوەیە هەموو کات سەردەکەوێت. لە ١٢ی ئەیلول دا هێشتا هیچ لە گۆڕێ نەبوو، ئەوەى سبەی چیمان بەسەردا بهاتایە روون نەبوو، بەڵام دیسانەوە سەرکەوتن بۆ ئەم بزووتنەوەیە بوو. باشە مەگەر ئەم بزووتنەوەیە لە بەرامبەر داعش دا سەرنەکەوت. دواى ئەوەى بووە بزووتنەوەیەکى پێکهاتوو لە میلۆنەها کەس ئەوە بە دڵنیاییەوە هەموو کات سەردەکەوێت. هیچ ئیمپراتۆر و دەوڵەتێک ناتوانێت لە بەرامبەر هێزی گەل دا خۆی لەسەر پێ رابگرێت. گرنگ ئەوەیە ئێمە راستییەکە ببینین و بە بەرخودان، بە سەربەرزی و بە هێزی ئاپۆیی بجوڵێینەوە".

ژ.ت