بەهەزاران کەس لە سنە نەورۆزی بەرخۆدانیان پیرۆزکرد

لە چوارجێوەی پاڵپشتی لە بەرخۆدانی هەمەلایەنە لەمانگرتووان، وڵاتپارێزانی سنەیی جەژنی نەورۆزی بەرخۆدانیان بە گڕوتینێکی زۆرەوە پیرۆزکرد.

سەرەڕای کەشی توندی سەربازی و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران ، نەیانتوانی پێش لە بەرێوەچوونی جەژنی نەرۆزبگرن. زیاتر لە ١٠هەزار کەس لە هاووڵاتیانی شاری سنە ودەورووبەری لە گوندی ‌هەنگوژانی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان جەژنی نەورۆزیان بەرێوەبرد.

هاووڵاتیان بە بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لەگوندی هەنگوژان پاڵپشتیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی مانگرتووان لەخواردن ڕاگەیاند.

شوێنی مەراسیمەکە بە وێنەکانی لەیلاگیوڤەن و ناسر یاگز لە پیشەنگەکانی مانگرتنەکە خەمڵێنرابوو.

لە مەراسیمەکەدا سەرەڕای بەشداری چینەجیاجیاکانی کۆمەڵگا دایکانی ئاشتی و هومەرمەندانی وڵاتپارێزیش بەشدارییان تێداکرد. مەراسیمەکە بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدن دەستیپێکرد و دواتر یەکێک لەبەشداربووان بە ئاماژە بە گیرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولائۆجالان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، پاڵپشتی گەلی رۆژهەڵاتی لە مانگرتنەکان راگەیاند.

دواتر دایکانی ئاشتی و کوڕان وکچانی وڵاتپارێز ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد. هونەرمەندی کورد عادڵ نادری چەند گۆرانییەکی بە بۆنەی نەورۆزەوە پیشکەش کرد.

مەراسیمەکە بە شایی وهەڵپەڕکێ تا ئێوارە بەردەوام بوو، دواتر ئامادەبووان بۆخاوین هێشتنەوە و پاککردنەوەی ژینگە  شوێنی مەراسیمەکەیان پاککردەوە.

ک-ش