"تورکیا دەیەوێت لە کەرکوک خەونی ئیمپراتۆریای عوسمانى زیندوو بکاتەوە"

هاووڵاتییانی کەرکووک ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی شاری کەرکووکەوە ئەجنداکانی خۆی جێبەجێبکات و خەونی ئیمپڕاتۆرێتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە.

هاووڵاتییانی کەرکووک ڕاشیدەگەیەنن، ناوهێنانی کەرکووک بە شارێکی تورکمانی لەلایەن باڵیۆزی تورکیاوە خزمەت بە شارەکە ناکات و تەبایی و پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکان تێک دەدات.

 

سۆران سەردار هاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەو وتانەی باڵیۆزی تورکیا زەنگێکی مەترسیدارە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئیمپراتۆرێتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. دەیەوێت لە ڕێگەی پێکهاتەیەک لەشارەکەدا ئەجنداکانی خۆی جێبەجێبکات, ئەمە چەندین جارە تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەرکووک بەشێکە لە تورکیا هێشتا بەخەیاڵی ئیمپڕاتۆرێتی عوسمانی مامەڵە دەکات".

ڕاشیگەیاند: "پێویستە لایەنە کوردییەکان ئەو قسانە قبوڵ نەکەن ئێمە وەکو کورد بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەم شارە خوێنمان ڕشتووە. ڕاستە کەرکووک شارێکی فرە نەتەوە و فرە ئایینە و پارێزگایەکی عێراقە، بەڵام شارێکی کوردییە".

پێشەوا کەرکووکی هاووڵاتییەکیتری شاری کەرکووکە و ئەویش بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ناوهێنانی کەرکووک بە شارێکی تورکمانی لەلایەن فاتح یڵدز باڵیۆزی گشتیی تورکیا لە عێراق لە کاتی سەردانکردنی بۆ قەیسەرییە سوتاوەکەی کەرکووک بۆ نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی ناکۆکییە لە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووک دا".

 وتیشی: "تورکیا دەیەوێت ئەجنداکانی خۆی لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی بچووکی شارەکەوە جێبەجێبکات. لە کاتێکدا کەرکووک شارێکی فرە ئایین و نەتەوەیە و ئەم قسانە خزمەت بە شاری کەرکووک ناکات. پێویستە حکومەتی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو باڵیۆزە بکات، چونکە وتەکانی پێچەوانەی کاری دیپلۆماسییە".

شەریف جەلال لەسەر هەمان بابەت بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ناوهێنانی کەرکووک بە شارێکی تورکمانی لەلایەن باڵیۆزەکەی تورکیاوە کارێکی خراپە، چونکە کەرکووک شارێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین و زمانە. باڵیۆزەکەی تورکیا دەیەوێت وادەریبخات کەرکووک شاری تەنیا یەک پێکهاتەیە".

ڕاشیگەیاند: "تورکیا نایەوێت کەرکووک شاری نەتەوە و ئایینەکان بێت. ئێمە ئەو قسانەمان هیچ پێ باش نییە. هیوادارین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێنەدەنگ لەسەر ئەم قسەیە. ئەو قسانەی باڵیۆزەکەی تورکیا خزمەت بە شارەکە ناکات و بگرە تەبایی نێوان پێکهاتەکان تێک دەدات وائەکات پێکهاتەکان نەتوانن بە ئاشتییانە لەگەڵ یەکتری بژین".

ر.م