جه‌ژنی "مه‌ڕنۆ " له کۆمەڵگای یارساندا

له‌ مێژ بوو بیرم له‌وه ‌ده‌کرده‌وه ‌نامیلکه‌یه‌ک له‌باره‌ی جه‌ژنه‌کانی خاوه‌نکار و قه‌وه‌ڵتاسـی یارسانەوە ئامادە بکەم، لەبەر ئه‌وه‌ی زۆرێک لە دۆستە کورد و سوێدییه‌کانم، کە تا ڕادەیەک ناوی یارسانیان بیستبوو، دەیانپرسی: ئێوەیش‌ جه‌ژنی ئایینیتان هه‌یه؟

پێشهکی

له مێژ بوو بیرم لهوه دهکردهوه نامیلکهیهک لهبارهی جهژنهکانی خاوهنکار و قهوهڵتاسـی یارسانەوە ئامادە بکەم، لەبەر ئهوهی زۆرێک لە دۆستە کورد و سوێدییهکانم، کە تا ڕادەیەک ناوی یارسانیان بیستبوو، دەیانپرسی: ئێوەیش جهژنی ئایینیتان ههیه؟ یان زۆر جار لەبارەی فهلسهفهی جهژنی خاوهنکارەوە پرسیاریان لێ دەکردم.

بەپێی بەڵگە و گەواهیی مێژوو، زاگرۆس هەر لە کۆنەوە مهڵبهندی ئایین، فهرههنگ و کلتووری زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بووە، بهڵام دوای گەشەسەندن و سهقامگیریی ئیسلام له کوردستان، زۆرێک لە ئایین و کلتوورە جیاوازەکان لهژێر کاریگەریی کلتووری زاڵدا، بە جۆرێک لە ناو چوون یان کهمڕهنگ بوونەتەوە. لهم نێوهدا، بهشێک له باوهڕمهندانی ئایینییە زاگرۆسییەکان شانبهشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تێکۆشان و نەچوونە ژێر باری ئایینی داسەپاو، بەڵکو لهسهر ئایینی دێرینی خۆیان مانەوه، کە یەکێک لەوانە پێڕەوانی ئایینی یارییە‌‌.

ئایینی یاری نموونەیەکی ڕاستەقینەی بزاوتێکە کە بە درێژاییی زهمان و لە سەردەمانی جیاوازدا،

ههر له هووریگەرییەوە ههتا مێهرپهرستی و زهردهشتیگهری هەبووە، بزاوتێک کە لە سەدەی حەوتی کۆچییەوە گەشەی زیاتری کردووە.

 یارسان خاوهنی فەلسەفە و ڕوانگهی مرۆڤدۆستییە، باوهڕی به دونیای پاش مردن و ههستانهوهی دووباره هەیە، بۆ گهیشتن به ئازادی، حهقیقهت و مرۆڤخودایی[1].

سەرچاوەی یاسا و بیری ئایینی یاری دەچێتەوە سەر مەڕنۆ و لەوێوە چوارچێوە وەردەگرێ. پاشانیش خاوەنکار دەبێتە چەمکێکی نوێ و ژیان ڕەنگڕێژ دەکا و هەوڵ دەدا لە حەقیقەت بگا.

بوونی یارسان به هۆی ئهم ڕووداوهوه، سهلمێندراوه و سوڵتان سههاک و یارانی له پردیوهری هەورامان، ڕێساویاسای ئایینی یارییان داڕشتووە.

واتا له دوای ڕووداوی "مهڕنۆ"وە، چۆنیەتیی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای یارسان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و شێوازێکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێ، بهڵام ههتا ئێستاش تەنانەت زۆربهی خەڵک لهبهر ناشارەزایییان له ڕووداوی مهڕنۆ و خاوهنکار، زۆر ئاگاداری حەقیقەتی ئەم جەژنە نین و

تهنیا وەک جەژنێکی ساده و نەریتی چاوی لێ دهکهن.

دواجار خۆشحاڵم کە توانیم بە هاوکاری و هاوبیریی کاک تهیب تاهیری، ئهم نامیلکە بچووکە سەبارەت بە ڕووداوی "مهڕنۆ" و جهژنی "خاوهنکار" ئامادە بکەم و بیخهمه بهر دیدهی خوێنهرانی خۆشهویست.

ئهم نامیلکەیە بە چوار زمانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی و سوێدی ئاماده کراوه، تا بەشکم گشت

خهڵکی خۆمان و کۆمهڵگای بیانییش کەڵکی لێ وەربگرن.

هیوادارم ئهم نامیلکە بچووکە ببێتە دەلاقەیەک بۆ زانیاریی فرهتر لهسهر ڕووداوی مهڕنۆ و جهژنی خاوەنکار. ئهگهر دهرفهت ساز ببێت، لە داهاتوودا نامیلکەیەکیش لهبارهی جهژنی قەوەڵتاسەوە ئامادە دەکەم.

یارسان:

یارسان لە دوو وشەی "یار" و "سان" پێک هاتووە، بە واتای "یارانی پاشا"،  پاشایش هاوواتای خودایە.

یارسان بەشێک له کوردهکانی ڕۆژههڵات و باشووری کوردستان دەگرێتەوە کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی کوردستان و دنیادا هەن. چالاکیی هزریی یارسان پەیوەستە بە ئاشکرابوون، دهرکهوتن، ئهوین و باوەڕهەبوون به فهلسهفهی دۆناودۆنـەوە[2].

یارسانیش وەک گشت ئایینەکانی تر، خۆی لە پلەی حەقیقەتدا دەبینێتەوە و لەم سۆنگەیەیشەوە لێکچوون لەنێوان یارسان و ئایینەکانی دیکەدا هەیە.

یەکەمین کهسایهتییهک که باسی له یارسان کردبێ باهلوولی ماهیـیه که له سهدهی دووەمی کۆچی مانگیدا ژیاوه. دوای ئەو  شاخۆشین لوڕستانی، بابا سهرههنگ دهودانی، بابا جهلیل و بابا ناوس سهرگهتی تا سەرەتاکانی سهدهم حهوتهم، یهک لهدوای یهک، هاتوون و سهریان هەڵداوە. پاشان، ‌‌سەدەیەک دواتر، سوڵتان سههاک دێت که دهبێته ئامادهکاری نیزامی دینیی ئهم بزووتنهوهیه.

بهپێی دهقهکۆنهکانی یارسان و شرۆڤهی ڕووداوهکانی ئایینی یاری و ههروهها ڕۆژژمێری کوردی، سوڵتان سههاک دەبێ لهساڵی ٦٢٢ی کۆچی ههتاوی بهرانبهر بە ٦٤٠ مانگی و ١٢٢٠ی زایینی له دایک بووبێ.

یارانی سولتان بهپێی باڵادەستی و یەکەمینی، بهم شێوهیه دابهش دهبن:

ههفتهن، ههفتهوانه، ههفت خهلیفه، ههفت سازچی، ههفت ئاخێوەر[3]، ههفت گۆزهچی، ههفت سهقا،

ههفت پێشکار[4]، ههفت فەرمان[5]، ههفت ههفت، ههفت یاری قهوهڵتاس، ههفت سهردار، بیستویهک مێردی بەرزنجه، ههفتاودوو پیر، نهوهدونۆ پیر، شهستوشهش غوڵام، چلتهن، چلتهنان، ههزارویهک مێرد، هەزاروشهست مێرد  و بێوهن بێوهنهکان.

لهنێو یارساندا بهڕێوهبهری زاتی،  دوور له ناوچەگەری و ‌‌ناوەندگەرایی دەستنیشان دەکرێت و هێز و دەستەڵات بە تاک یا بە  ناوهندێک نادرێت. له ڕاستیدا هیچ کهسێک له‌‌م کۆمهڵگایەدا نییه که سەر بەو گرووپ یان خانەدانانە نەبێت و تهنانهت پاشای ئافرێنهریش بهو چوارچێوهیه‌‌ پابهنده.

ناوهند یان قهڵهمڕهوی ژیان و جوگرافیای مرۆییی یارسان له پێشدا باشووری زاگڕۆس "لوڕستان، هەورامان و شارهزوور" بووه، پاشان بە ناوچهکانی دیکهی کوردستان و ئێراندا بڵاو بوونەتەوە. بەشێک لە یارسانییەکان لە باشووری کوردستان دەژین، بۆ وێنە، لە خانەقین و کەرکووک و سلێمانی و هەولێر. شایانی باسە کە لە مووسڵ و بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیشدا یارسانی دەژین. یارسانی له شارەکانی باکووری کوردستان هەن، وەک دێرسیم و سێواس. هێندێکی دیکەیش له ڕووسیا و لهناوچهی "ئهلیزابت پول"، له دهوروبهری "قارس"دا نیشتهجێن و لەوێ دەژین. لهگهڵ

 دهرکهوتنی "قوشچی ئۆغڵوو" لهناوچهی ئازهربایجان و ههروهها بههۆی بوونی شاوهیسقولی و

 ڕهچهڵەکی ئهو له تورکستان و، هەروەها لە سۆنگەی برەو و ئاشکرابوونی ئایینی یاری لهم

ناوچهیهدا، ههندێک له یارانی تورک[6] هۆگر و پێوەستی ئەم ئایینە بوون.

یەکەمین پهیڤی نووسراو بە شیوەی هۆنراوه له زمانی کوردیدا، تایبهته به یارسان که به زاری گۆرانی یا ههورامی نوسراوه.

یارسانی ههرگیز، نەچووەتە چوارچێوەی یاسایەکەوە کە ئازادیی خۆی لهدهست بدات و لە باری فیکرییەوە یەخسیر بێ. بهکاربردنی یاساورێسا بهشێوازی ئهخلاقی، ههنگاونانه بۆ گهیشتن به ئامانجی مرۆیی. بهڵام ئهخلاق له شێوازی سهرتاییدا به واتای ڕیفۆرمی تاکایهتی دێت و وهک پێداویستیی ههبوونی مرۆڤ و مرۆڤایهتی خۆی پیشان دهدات. ههر ئەو مژارە دەبێته هۆی ڕێزگرتن له "تهواوهتی" و  قبووڵنهکردنی خراپه و خراپی  له تاکهکانی کۆمهڵگای یاریدا. ئەمەش وهک پێداویستییهک بۆ دروستکردنی پهیوهندی و لێک نیزیکبوونهوه خۆی دهردهخات و ئاشکرا دهبێت.

بناغهی باوهڕی یاری، ڕێزگرتنە لهمرۆڤایهتی. ئێمە دهتوانین ڕاستیی ئهم باوهڕه له تهوهری "خۆناسی" و "مرۆڤخودایی"دا دەستنیشان بکەین که بنهمای فیکریی ئهم ئایینەن.

      یارسان بهپێی فهلسهفهی دووناودوون، ئیمانی بهگشت بوونێک و بە باوهڕی جۆراوجۆر ههیه، ههر بۆیه ههموو "خود"ێک به بهشێک له خۆی دهزانێت.

 له یارساندا مژاری مرۆڤخودایی کاتێک بهسهر ڕوانگهی کەسێکدا زاڵ ببێت، بهو قهناعهتەی دەگەیەنێ کهله پهیوهندییه کۆمهڵایهتییهکانیدا بهدوای خودادا بگهڕێ. ئاکامی دڵنهرمی و ههستی یەکترویستییش لهیارساندا، دهبێته هۆی سازدانی سهمبولێکیی "جهم".

جهم خۆی لهخوێدا، هێمایهکی ئایینیه ‌‌که هزری یهکگرتوویی و یهکبوونی یار و یاران پێک دێنێ، تا ئهو شوێنهی سیمای یار له ڕوخساری یاراندا بە دی بکرێ.

خاوهنکار:

 خاوهنکار، یانی خاوەنی کار، سێحەبی کار یا سێحەبکار. له ئهدهبیاتی کوردیدا "خاوهن" به واتای سێحەب  دێت و مه‌‌بهست له خاوەنکار"یش ئافرێنهر و خاوەنی چەرخی گەردوونە. ئهم وشهیه هاوواتای "خودا"، "یههووه" و "ڕۆحی پیرۆز"ه و له کهلامهکانی یارساندا به واتای جۆراوجۆری دیکهی وهک: "ساحیبکەرەم"، "پاشا"، "ساحیبکار"، "سوڵتانی حهقیقهت" و "شای ههورامان"یش لێک دراوهتهوه. له یارساندا جهژنێک ههیه به ناوی "خاوهنکار"  و لهبهر ئهوهی "مهڕنۆ" وهک شوێنی ڕووداو یادی لێ دەکرێتهوه، ئهم جهژنه وهکو جهژنی "مهڕنۆ"یش ناوی لێ دهبرێت. ئهم جهژنه به خاتری ئامادهبوونی سوڵتان سههاک و یارانی له شوێنی ڕووداوهکه و سهرکهوتنی تیشک بهسهر تاریکاییدا و بوونی ڕهسمیی یارسان له فۆرمی مرۆڤدا وهک خاڵی وهرچهرخان و بنهڕهتیی بیرۆکهی یاری، یادی لێ دهکرێتهوه و هەموو ساڵێک له کۆمەڵگای یارساندا پیرۆز دهکرێت.

مهڕنۆ:

"مهڕنۆ" وشهیهکی لێکدراوه، له"مهڕ" به واتای "ئهشکهوت" و "نۆ" یش به واتای "نوێ" دێت که له ئەدەبیاتی باوهڕیی یارساندا واتای سهرههڵدانی چهمکی نوێیه له جیهانی بووندا.

ئهم واتایه دابهش دهبێت بهسهر چهند بهشێکی وهک:

شرۆڤهی ڕواڵهتیی حیکایهتی مهڕنۆ، دهرکهوتنی چوارچێوهو یاساکانی هزری یاری و ڕۆژژمێری کوردی.

بهشی یهکهم:

شرۆڤهی ڕواڵهتیی حیکایهتی مهڕنۆ:

سوڵتان سههاک بهرزنجهیی، کوڕی "شێخ عیسا"، یهکێک بووه له گهورهکانی ناوچهکه. سوڵتان سەهاک لهساڵی ٢٦٠ی کۆچی ههتاوی له بهرزهنجهی سهر به"عهربهت" له پارێزگای سلێمانی له دایک بووه.

 لهبهر ئهوهی له باری بیر و بڕواوه کهسێکی جیاواز بووه، له سهردهمی منداڵیدا، براکانی و خهڵکی ناوچەکه بەرانبەری  نهرمونیان نابن و لهگهڵی کهوتوونهته‌‌ ململانێی فیکری. پاشان لهبهر گوشار و زوڵم و زۆری هێزه دهستهڵاتخواز و ڕادیکاڵهکان، له ناوچهی بهرزنجهی سلێمانییهوه کۆچی کردووه بهرهو هەورامان.

له ڕێگە، له نزیکی ههورامان و له کێوی "شنروێ"ی ئێستادا، هێزێکی نهیار دوایان کهوتوون و هێرشیان کردوونەتە سەر. سوپایهک لهژێر ناوی "چیچهک"، که پێک هاتبوون له نهیاران و 

تاریکپهرستانی ناوچهکه، به هاوکاری لەگهڵ هێزی پشتیوانی که بۆ پیلانگێڕی ڕهوانهی دهڤهرهکه کرابوون، ڕووبەڕووی سوڵتان سههاک و یارانی بوونهتهوه.

سوڵتان سههاک لهگهڵ یارانی پهنا دەباتە ئهشکهوتێک بهناوی "مهڕنۆ" و بۆ ماوهی سێ شهو و سێ ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە.

له ئهنجامی ههڵکردنی باو بۆران و گهردهلوول، سوپای چیچهک له پاش سێ ڕۆژ تهفروتونا دهبن و لە ئاکامدا بههۆی ڕووداو و بهڵای سرووشتی ناچار دهبن ناوچهکه به جێ بهێڵن.

سولتان سههاک لە بەر ئهوهی سوپای چیچهک نهیتوانیبوو به ئامانجی خۆی بگات و له پلانهکهیاندا سەرکەوتوو نهبووبوون، دوای ڕۆژی سێیەم بڕیار دەدا جهژنێک بەڕێوە ببا بە ناوی جهژنی

"خاوهنکار". ئەم جەژنە، به‌‌ جهژنی "مهڕنۆ"یش ناوبانگی ڕۆیشتووە.

 دوای بهڕێوهچوونی جهژنهکه، سوڵتان و یارانی درێژه به سهفهرهکهیان دهدهن و دهگهنه ههورامان.

بهشی دووهم:    

دهرکهوتنی چوارچێوه و یاساکانی هزری یاری:

له ڕاستیدا "مهڕنۆ" خاڵی وهرچهرخانی هزری یارییه که هەر به هۆی ئهم ڕووداوهوه بوونی یارسانیش سەلمێندراوه‌‌.

مژاری یارسان بهر له "مهڕنۆ" تهنیا وهک ئهدهبیاتێکی باوهڕی هەبووه، ئهویش به دهر له

چوارچێوهی مەدهنی، دهستووری و سیستهمی ئایینی. بهڵام دوای "مهڕنۆ" کۆمهڵگای یارسان دهبێته خاوهنی سیستهمی کۆمهڵایهتی و ئایینیی تایبهت به خۆی.

مهڕنۆ تهنیا واتای بهجێهێنانی فهرزی ڕۆژوو، ڕهنج و تاقهت، پهیامی ئهوین، دوورهپهرێزی له خۆبەزلزانی، پابهندبوون به نهبوون  و پاراستنی ڕاز نییه‌‌، بهڵکو لە هەمان کاتدا، ههڵگری پهیام  و ڕازی شاراوهیییه، ئەویش له سیستهمێکدا کە مرۆڤ بتوانێ تێێدا ڕۆحی تێکۆشان برەو پێ بدا و له پێناوی بەدەستهێنانی هەبووندا له دژی تاریکی بەربهرهکانی بکا و لە بێهێزی بێتە دەر و ڕێگەی ڕاست درێژە پێ بدا.

سوڵتان سههاک له ههنگاوی یهکهمدا یەکەمین دهستووری دینی و باوهڕیی خۆی له ڕێگای ئهم

 چهند دێڕهی خوارهوه ڕاگهیاندووه. ئەو دهفهرمێ:

ڕوکـن وه دهفتهر، ڕوكــن وه‌‌ دهفتهر   

ڕوكــــن ئی تاريخ  بنويس وه دهفـتهر

نهی چلهی تاوسان يهرێ ڕۆ سهبت كهر        

مـــانگ و دڵی ڕاس دوازدهی سفيد پـهر

يـهرێ ڕۆی يـاران چيگام بـی وه فـه‌‌ر 

عه‌‌يد و پادشاهيم دووهه‌‌م داش ئـەسه‌‌ر

  ئهو پهیڤهی سوڵتان سههاک دواتر لهلایهن زاتدارانی دیکهوه، وهک سهرچاوه، پێداگریی لەسەر کراوە و شی کراوەتەوە.

داب و دهستووری بهڕێوهبردنی ئهم جهژنه به‌‌پێی کەلامهکانی یاری جۆرێکە که یارسانییهکان له کاتوساتی دیاریکراودا بۆ ماوهی سێ رۆژ له بوومهلێڵدا "پارشێو" دهکهن و تا خۆرئاوابوون و دەرکەوتنی ئەستێرە بهڕۆژوو دەبن.  دوای ئهم سێ ڕۆژه، جهژنی  خاوهنکار یان جهژنی شاهی

 بهڕێوه دهچێ.

نهریتی بهرێوهبردنی ئهم جهژنه ئاوایە کە ههر بنهماڵهیهکی یارسانی لهسهریهتی کهڵهشێرێکی

تهندروست که بتوانێ بقوولێنێ، لهگهڵ مهنێک (سێ کیلۆ) برنج  که به ڕۆنی خۆماڵی لێ نرابێت، بباته خزمهتی جهم و جهمخانه هەتا لهوێ لهلایهن سهیدەوە نزای لهسهر بخوێنرێت و پاشان به شێوهیەکی دادوەرانە لهنێوان خەڵکیدا دابهش بکرێت.

جگه لهو شتانهی که لهسهرهوه ئاماژهم پێکرد، "نیاز"یش دەکرێ لە ههنار، سێوی سوور و چهند شتی تریش پێک بێ و له جهمدا ئاماده بکرێ.

جهمی دابهشکردنی هێز و دهستهڵات، جهمی دابهشکردنی نیاز، جهمی هاریکاری و یهکیهتی پێک دێت و ئەوجا جهمنشینان سەرقاڵی داگیرساندنی مۆم دەبن و زیکر دەکەن و هاوکات لەگەڵ تەمبوور دا کهلام دەخوێنن.

له ڕۆژی جهژندا، یارانی یاری، خۆیان بۆ سهردانی یهکتر ساز دهکهن و ئهندامانی جهمخانهکان بۆ جهژنهپیرۆزه سهردانی یهکتر دهکهن. ئهم نهریته له لای گشت ئهندامانی کۆمهڵگای یارسان، جێگای خۆی گرتووه.

تێبینی:

بهشی سێیهمی بابهتهکه‌‌ پێوهندیی به ڕۆژژمێری کوردی و بە پێناسەی مەڕنۆ و خاوەنکارەوە ههیه. بابەتەکە هەم ئاڵۆز بوو و هەمیش پێویستی بە پسپۆڕیی زیاتر هەبوو و من نەمتوانی بۆ ئێرەی بگوێزمەوە، بۆیە چاوپۆشیم لێ کرد.

بۆ بهدهستهێنانی زانیاری لهم بوارهدا، دهتوانن چاو له کتێبگەلی وهک "ڕۆژژمێری ئاریاییی کورد" و "بانگی سهرحهدان"ی کاک تهیب تاهیری بکهن.

سهرچاوهکان:

* تهیب تاهیری۲۰۰۷). سهرنجام (کهلامهکانی یارسان). عێراق، سلێمانی، ئهنستیتۆی فهرههنگی کورد.

ــــــــــــ.(۲۰۰۹). مێژوو و فهلسهفهی سهرنجام (شرۆڤهی فیکری و باوهڕیی یارسان

کوردستان). ههولێر دهزگای موکریان.

ــــــــــــ (2010). رۆژژمێری ئارایی کوردی. ههولێر دهزگای موکریان.

ــــــــــــ.(۲۰۱۳). بانگی سهرحهدان، ههولێر دهزگای موکریان..

ــــــــــــ.شرۆڤە و وەرگێڕانی "دیوان گەورە" بەرگی یەکەم و دووهەم _ سەید محەمەد حوسەینی


[1]  مرۆڤخودایی: واتا خودا لە وجوودی مرۆڤدا خۆی نیشان بدات. خودا، خۆی لە مرۆڤ دانابڕێ و پەیوەندیی لە گەڵ دەگرێ. ڕەوانی مرۆڤ بەشێکە لە ڕەوانی خودا. ڕەوانی مرۆڤ فووی هەناسەی خودایە . هەر بۆیە خودا لە ڕێگای گەڕانی ڕەوانەوە خۆی بە مرۆڤ نیشان دەدات و مرۆڤ دەتوانێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوای خودادا بگەڕێ. بۆ نموونە، لە یارییدا "سوڵتان سەهاک" خاوەن  زاتی خودایییە.

[2]  دۆناودۆن: واتا گەڕانی ڕۆح لە دەورانێکی دیکەدا، ئاوێتەبوونی زات لەگەڵ لەشدا. مرۆڤ هەر جارە کە دەگەرێتەوە بۆ ئەم جیهانە، بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ دەورەی پێشدا، پێشکەوتنی ڕۆحی دەبێ. لە فەلسفەی دۆناودۆندا، مردن بریتییە لە گەڕانی ڕەوان، لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە.

[3]  هەفت گوویەندە

[4]  هەفت پیشکار

[5]  هەفت دەسوور، یا هەفت دەستوور.

[6]  یارانی تورک مەبەست لەو تورکانەی ئازەربایجانن کە هۆگر و شوێنکەوتووی ئایینی یارین.