حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان پشتیوانی هەدەپە دەكەن

حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان، پشتگیرییان بۆ ئەندامان و سیاسەتمەدارانی هەدەپە دەربڕی و داوایانکرد، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ دەوڵەتی تورک دابنێت لە بەرامبەر ئەو ڕەشبگیرییەی دژی سیاسەتمەدارانی هەدەپە دەستی پێکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شاری هەولێر ژمارەیەك لە حزب و لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژی دەوڵەتی كۆبوونەوە.

 دوای كۆبوونەوەكە بێكەس قادر، نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی هەر چوارپارچەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بانگەوازیی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە سنوورێك بۆ دەوڵەتی تورك دابنێت لەبەرامبەر دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە و هەموو جۆرە ڕەفتارەكانی ئاكەپەش شەرمەزار دەكەین.

 موزەیەن گونەیش هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان ڕایگەیاند: زۆر سوپاسی ئەو لایەنانە دەكەین، كە بەیەك دەنگ پشتوانی خۆیان بۆ ئێمە و گەلی كورد لە باكوری كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها دەوڵەتی توركیا جگە لە باكوری كوردستان خاكی باشوری كوردستانیشی داگیركردووە، بەداخەوە لە كاتێكدا كە دەوڵەتە زلهێزەكانەكانی دونیاش ئاگاداری كارە داگیركارانەی توركیان و بەڵام بێدەنگن بەرامبەری.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک دەستی کرد بە دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە و زیاتر لە ٨٠ سیاسەتمەداری دەستگیرکردووە.

ف.ق