داگیرکەران لە عەفرین هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیان و ٢٠ کەسیان رفاند

ئەو کەسانەى لە دواى داگیرکردنى عەفرین براون بۆ گوندی ساگر ئۆباسی و تیایدا نیشتەجێکراون، لەگەڵ چەتەکانى سوڵتان موراد بووە بە شەڕیان و چەتەکانیش لە بەرامبەردا کوێخای گوندەکە و ١٩ هاووڵاتیى تریان رفاند.

سوپاى تورکیا و چەتەکانى لە دواى داگیرکردنی عەفرین چەندین بنەماڵەیان لە غوتە و عەزازەوە بردبوو بۆ عەفرین و نیشتەجێیان کردبوون. ئێستا ئەو بنەماڵانە گوشار لە بنەماڵەى چەتەکان دەکەن و شەڕیان لەگەڵ دەکەن.

کاتژمێر ٢٠:٤٥ی دوێنێ شەودا لە نێوان ئەو بنەماڵانەدا کە دواى داگیرکردنى عەفرین لە گوندی ساگر ئۆباسی لە ناوچەى بلبلێ نیشتەجێکراون و چەتەکانى سوڵتان موراد شەڕ روویدا. هۆکارى شەڕەکە بۆ گوشارى زۆری چەتەکانى سوڵتان موراد بۆ سەر هاووڵاتیان و هەروەها ئەو خێزانانە دەگەڕێتەوە، کە لەو گوندەدا نیشتەجێیان کردوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەبەر ئەوەى ماوەیەکى زۆر چەتەکانى سوڵتان موراد دزی لە هاووڵاتییانی گوندی ساگر ئۆباسی دەکەن و گوشاریان دەخەنە سەر، ناڕەزایەتى لە ناو هاووڵاتییاندا دروست بووە. هاووڵاتییان سەرەتا سەردانى ئەو "ئەنجوومەن"یان کردووە، کە لە عەفرین دامەزراوە و دواتریش سەردانى ئەو "ئەنجوومەن"یان کردبوو کە پێشتر لە عەزاز دامەزرابوو.

دواتر چەتەکان بەوەیان زانیوە کە هاووڵاتییان سەردانى ئەنجوومەنى عەزازیان کردووە و لەبەر ئەوەش هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو بنەماڵانە و گوشارى زیاتریان لێکردن، بەڵام هاووڵاتیانى گوندی ساگر ئۆباسی ئەمجارە بە قسە و بە چەک بەرەنگارى هەڵکوتانەکەى چەتەکان بوونەوە و بەو هۆیەوە لە نێوانیاندا شەڕ روویدا.

دواى ئەوەش چەند گروپێکى تر لە چەتەکانى سەر بە سوپاى تورکیا چوونەتە گوندەکە و ساڵح باتال کوێخاى گوندەکە و ١٩ کەسى تری ئەو گوندەیان رفاندووە.

ر.م