رێکخراوی تەندروستیی جیهان: ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە هەفتەیەکەدا ٢ هێندە زیادیکردووە

رێکخراوی تەندروستیی جیهان (WHO) نیگەرانیی خۆی لەبارەى خێرا بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا خستەڕوو و رایگەیاند، لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو هێندە زیادیان کردووە.

تیدرۆس ئادهانۆما گیربریوسوس بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهان وتی "لەبارەى رێژەی بڵاوبوونەوە و خێرا زۆربوونی هەوکردن لە ئاستی جیهاندا، لە نیگەرانییەکی زۆر قوڵداین".

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهان وتیشی "ژمارەی ئەو کەسانەى بە بەراورد بە هەفتەى رابردوو گیانیان لەدەستداوە ٢ هێندە زیادیکردووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوە دەردەکەوێت، کە ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ملیۆنێک کەس و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لە دەستداوە دەگاتە ٥٠ هەزار کەس".

پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی کانوونی دووەم لە وڵاتی چین سەریهەڵدا و تاوەکو لە ئێستا ١٨٠ وڵاتدا زیاتر لە ٨٧٧ هەزار کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون و نزیکەى ٤٣ هەزار و ٥٠٠ کەسیش بەهۆی ئەوە ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

ژ.ت