ساڵیادی ڕزگاری کۆبانێ بە ئاهەنگێکی فراوان پیرۆز کرا

لە شاری کۆبانێ، بە بەشداربوونی هەزاران کەس بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی ڕزگاری شارەکە ئاهەنگێکی فراوان بەڕێوەچوو.

بە بەشداربوونی هەزاران کەس لە کورد و عەرەب ، هاوڵاتیانی شاری کۆبانێ لە گۆڕەپانی شەهید عەگید پێنجەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شارەکەیان و ٦مین ساڵی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شارەکە، بە ئاهەنگێکی فراوان پیرۆز کرد.

بانگەوازی لە دژی دەوڵەتی تورک

فەوزییە عەبدی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی هەرێمی فورات لەسەر ناوی دامەزراوەکانی هەرێمەکە وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: کۆبانێ بووە سمبوڵی ئاشتی و مرۆڤایەتی، ئەو تروسکی ئازادییە لە کۆبانێ وە سەرجەم هەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریای لە دژی چەتەکانی داعش گرتەوە تا باغۆز.

فەوزییە عەبدی وتیشی: لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک، پێویستە لەسەر سوریا سەروەری سنورەکەی بپارێزێت، ئێمە داوا لە ڕووسیا و ئەمریکا هەردوو دەوڵەتی گەرەنتیکاری هاوپەیمانی لە باکورو ڕؤژهەڵاتی سوریا دەکەین کاربکەن بۆ وەستانی هەڕەشەکانی تورکیاو گەڕانەوەی کۆچبەران بۆسەر هەرێمەکانیان مسۆگەر بکەن.

بەرخۆدان بەردەوامی هەیە

جیهان خدرۆ سەرۆکی دەستەی ژنان لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەلاتی سوریا ڕایگەیاند: مێژووی ڕزگارکردنی کۆبانێ تروسک و هیوایەکە بۆ گەلانی هەرێمەکە دەیسەلمێنێت کە ئیرادەی ئەوان لە هەموو ئامێرە سەربازییەکان بەهێزترە، هێشتا بەرخۆدان لە دژی دامەزرێنەری داعش"دەوڵەتی تورک" بەردەوامە کە هەوڵ دەدات ئەمڕۆ بە بەهانەی جیاجیا ئەم شارەش داگیربکات.