پۆلیس بینای شارەوانییەکانى ئامەد، وان و مێردینى گەمارۆ داوە. وەزارەتى ناوخۆی دەوڵەتى تورک رایگەیاند، ئەو ٣ هاوسەرۆک شارەوانەى لەسەر کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری ئامەد، ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری مێردین و بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری وان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
دواى ئەوەی مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى ئامەد لە کارەکەى دوورخرایەوە، پۆلیس دەرگاى بیناى شارەوانیى گەورە شاری ئامەد-یان شکاند.
مزراکلی رایگەیاند، لەبارەى دوورخستنەوەى لەسەر کار هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی بۆ رەوانە نەکراوە. راشیگەیاند "کاتژمێر ٦ی ئەم بیانییە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٨ی گەلاوێژ دەرگاى بیناى شارەوانیى ئامەد-یان شکاندووە و چوونەتە ناو بیناکە. من تۆزێکیتر دەچم بۆ شارەوانی. ئەو دۆخە و ئەو کارە لە دژی مافەکان و یاساکانە. دەبێت مرۆڤ ئەو هەڵوێستە لە دژی شارەوانییەکانى هەدەپە وەک هەڵوێست لە دژی ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتیک لێکبداتەوە. ئیرادەى گەل دەستى بەسەردا گیراوە".
ژ.ت