شەش ژنی ڕێبازی حەقیقەت

ئاگری، ئارین، ئەیلول، شیلان، ڕۆهەندا و دلۆڤان-یش بە تێڕوانینە هەرە جوانەکانیان ڕاستیان خستە ناو ئامانجەکانیان، زۆرجاریش بە هەستە پاک و قوڵەکانیان بوونە حبری قەڵەمی سەر لاپەڕەی سپی.

ئەو شەش کچەی کە بە چیرۆکی دایکانی دڵبەئازار گەورە بوون و دڵی خۆیان بە عەشقی وڵاتەوە گەورە کرد. لەدڵی خۆیاندا خەونی وڵاتێکی ئازادیان لەباوەش گرتبوو. ئەو وڵاتەش وڵاتی ئاگر و ڕۆژە. عەشقی خۆیان لە وڵاتی ئاگر و ڕۆژدا بینیبوو عاشقی ئەو وڵاتە ببوون. گەواهیدان لەمێژوو کارێکی ئاسان نییە. شەڕڤانانی یەپەژە بە هەڵوێست و تێکۆشانە مێژووییەکەیان مێژوویان لە نوێوە زیندوو کردەوە. بە گیانی خۆیان مێژووییترینی داستانەکانیان نووسی. جیهان هەموو ئەو ڕاستییەی بینی و چاودێری کرد. ئەو گەواهییە بە جیهان ناساند، کاری جوانترینی مرۆڤەکانە. ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا دەچن و بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن بوێرترین کەسن، قارامانترین و عاشقی وڵات بوون. ئاگری، ئارین، ئەیلول، شیلان، ڕۆهەندا و دلۆڤان-یش بۆ گەلەکەیان بوونە شەڕڤان و بۆ هاوڕێکانیان بوونە دەنگی حەقیقەتی ئەبەدی. ئەوان لەو ڕێگەیەی کە ڕاستییەکان بە جیهان بگەینن و لە ڕێگەی ئازادیدا گیانیان بەخت کرد. 
لە کوردستاندا کچ و کوری قارەمان بە ڕەنج و بوێرییەکەیانەوە ڕازەکانی بەرخۆدانیان لەناو جیهانی مرۆڤایەتیدا دروست کرد. ئاگری، ئارین، ئەیلول، شیلان، ڕۆهەندا و دلۆڤان-یش بە تێڕوانینە جوانەکانیان ئەو ڕاستییەیان خستە ناو ئامانجەکانیان. ئەوەی ئەوان گەیاندیان کۆتایینەهاتنی شێوازی تێکۆشانیان بوو، ئەو کچانە هەم شەڕڤان، هەڤاڵ، پەیامنێر و هەمیش ڕۆحی خۆشیان بە ئەلفبای ئازادی ڕازاندەوە، چونکە دەیانزانی دوارۆژ منداڵانی ئەم وڵاتە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرن. لەو وڵاتە شۆڕش جاری یەکەم بەو شێوەیە دەنگی خۆی بڵاو کردەوە. لەو خاکە کچ و کوڕ بۆ داهاتووی ئازادی منداڵانی ئەو وڵاتە گیانیان بەخت دەکەن.
ئاگری کچە شۆخ، لەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لەسایەی ئەواندا وەکو قەڵای بەرخۆدان و قارەکانی ناوی دەهێنرێت، شاری ڕەقا لەدایک بووە. ئاگری عاشقی ئازادییە. ئەو کاتانەی کە شەپۆڵەکانی شۆڕش ئارام ئارام ئاوێتەی وڵاتی ڕۆژ دەبوون، لە شاری ڕەقا ڕووی دەکردە ناو ڕیزەکانی بەرخۆدان و ئیدی ئەویش گەواهی بۆ چیرۆکەکانی بەرخۆدان دەدات. لە وڵاتی بەرخۆداندا شاری کۆبانێ چاوەکانی لە ئاست ڕاستییەکان داناخات و دەبێتە دەنگ و چاوی هەڤاڵانی. ئاگری بەرزترین بەرخۆدانی ژنی کورد نیشانی جیهان دەدات. ئاگری دیمەن و وێنەکانی بەرخۆدانی ژن بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت. لە ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠١٥ لە کۆبانێ، لە شاری بەرخۆدان ئەویش دەبێتە یەکێک لە بەرخۆدانە ژنەکان.
ئاهین، یان ئاهین جودی، ئەو کچە چەلەنگەی کە هەمیشە تێڕوانینەکانی لەسەر شۆرش لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە شۆڕش دەیگەینێتە سەرکەوتن. دوای ئەزموونەکانی خۆی لە شەڕ و پەروەردە، دەچێتە ناو ڕاگەیاندن. تیشکەکانی ئازادی خۆی لە ڕۆح و مێشکی ئارینی شیخ ئاڵاندبوو. ئەو خاوەن ئەو زانستە بوو کە ڕاستیی بەرخۆدێرە ژنەکان بە جیهان ڕابگەیەنێت. زۆربەی جار، بە دەستێک کامێراکەی و بە دەستەکەی تریش چەکەکەی هەڵدەگرت و لە سەنگەرەکانی شەڕ سەنگەر بە سەنگەر سەردانی هەڤاڵەکانی خۆی دەکرد. بەبێ ئەوەی هیچ ترسێکی هەبێت، ئەو ساتە مێژووییانەی بە زیندوویی دەهێشتەوە، لە ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ دەبێتە داستانێک لەو داستانانەی کە لەبارەی شۆرشی ڕۆژئاواوە دەنووسرێنەوە.
رۆناهی بە ناسناوی ئەیلول، لە شاری دێرکی حەمکۆ-ی سەربە کانتۆنی جزیرە چاوەکانی بەژیان هەڵێناوە. ئەیلول پێش ئەوەی بچێتە ناو کاری ڕاگەیاندن پەیوەندی بە یەکینەکانی یەپەژەوە دەکات. لەناو هەڤاڵەکانیدا بە سادەیی، خاکەڕایی و فیداکارییەکان ڕەنگ بە ژیان دەبەخشێت. دوای ئەوەش کاتێک دەچێتە ناو خەباتی ڕاگەیاندن، خۆشەویستی بۆ ژیان ئاوێتەی تێکۆشانی حەقیقەت دەکات. لە بناری چیای کورمێنج لە خەباتەکەی بەردەوام دەبێت. فریاد و ویستی بۆ ئازادی لە دەوروبەری چیای کورمێنج دەبێتە ڕازاندنەوەی زنارەکانی عەفرینی ڕەنگین. بە پێنووسەکەی بەرخۆدانی شەڕڤانان و هەڤاڵانی لە شاری زەیتوونەکان دەگێڕێتەوە. کاتێک جوانی ئاوێتەی بەرخۆدان دەبێت، جوانیی مرۆڤەکان زیاتر دەردەکەوێت. ئەیلول-یش جوانییەکەی ئاوێتەی بەرخۆدانەکەی کردبوو. ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە شەهبا کاتێک دەیەوێت تێکۆشانی هەڤاڵەکانی بگەینێتە ڕاستیی ئەبەدی. شان بەشانی هەڤاڵەکانی و لەگەڵ شەڕڤانەکانی حەقیقەتەوە دەچێتە کاروانی ئاگری و ئارینەکان.
بێگومان مرۆڤ زۆر جار لە وشە دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە ڕستەیەک ئەو قارەمانانە پێناسە بکات. لەبەرئەوەی وشەکان بەشی پێناسەکردنی بەرخۆدانی ئەو قارەمانانە ناکات. نازانین کامە وشە ڕۆ بنێم کە تا ڕستەیەک دروست بکەم و بتوانم شیلانی جوان و شۆخ پێناسە بکەم؟ شیلان زۆر بە گەنجی بیر و هۆشی سەرقالی عەقڵیەتی ئازادی و ئەو ڕاستییە بوو کە گەنجێک پێویستە چۆن و لە چۆن ژیانێکدا بژیت. مرۆڤ لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت. ئاخۆ ژیانی مرۆڤەکان لەو سنوورەدا دەمێنێتەوە. یانیش گەورەبوونی مرۆڤ تەنیا بە گۆڕان و گۆڕاکاریی فیزیکی مرۆڤەوە سنووردارە. ئەوەی کە شیلانی گەورە دەکرد فکر و ویستەکەی بوو، لەوەی کە هەنگاوەکانی بەرەو ئازادی دەنا، بەهاری گەنجایەتی خۆی و فکرەکەی بە فەلسەفەی وڵاتپارێزی و خاکپارێزیی پاراو کردبوو. شیلانیش وەکو ئاگری، ئارین و ئەیلول کەوتبوە دوای ڕێبازی حەقیقەت. لە ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧ بە کەسایەتییەکەی کە ڕێبازەکەی خۆی بەجیهانی کرد کە حەقیقەت بوو.
لە هەر سەردەمێکدا بەرخۆدانی خاوەنی ئەو هێزەیە کە کە ناوی ئەو سەردەمە بگۆڕێت. لە سەدەی ساڵی ٢١دا بەرخۆدانی عەفرین بووە بەرخۆدانی سەردەم. ئەو بەرخۆدانە لە بەرانبەر خۆیدا بە واقوڕمایی هێشتەوە و دەنگی دا. ئەو بەرخۆدانە جیهانە ببووە حەیرانی گیانبفیدایی چەندین کچ و کوڕ. ڕۆهەندا بە ڕۆحێکی وڵاتپارێزی و بە ڕقی تۆڵەسەندنەوەی هەڤاڵانی خۆی و خوشکی دەنیز لە سەنگەرەکانی بەرخۆدانی سەردەم شانبەشانی باوکی بە قارەمانییەکی مەزنەوە لە چیای کورمێنج بەرخۆدانی کرد. ئەو ڕۆهەندایەی کە ساتەکانی بەرخۆدانی دەگەیاندە جیهان، وەکو ئارین بە دەستێک کامێراکەی کە هەموو ساتەکانی تۆمار دەکرد، بە دەستەکەی تریش چەکەکەی بۆ پاراستنی خاک وڵات. ١٠ی ئازاری ٢٠١٨ ڕۆهەندا لەناو بەرخۆدانی سەردەم شانبەشانی باوکی بووە سمبۆلی ڕێگەی گیانفیداریی و ڕێبازی ڕاستیی حەقیقەت.
بەسەرهاتی هەر شەڕڤانێکی شەرەف، کاتێک دەگێڕدرێتەوە ڕاستی لە پێناسەی خۆی دەگەڕێت. کاتێک ڕاستی دەبێتە گیانی پاکڕەوانانی کە لە کاروانی گەیاندنی حەقیقەت گیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ ئاسۆی ژیانێکی نوێ، گۆرانی خۆی دەڵێتەوە. بەڵام دلۆڤان لەناو دڵی شۆرش ناوی گۆرانییەکەی کردە بەرخۆدان شەرەف. ڕاستی کە بە تامی خۆی دەچەشترێت زۆر تاڵە، ڕاستیی چیرۆکی هاوڕێ دلۆڤان زۆر سەخت بوو، هێندەی سەخت بوو، هێندەش حەقیقەت بوو. هەڤاڵ دلۆڤان خەڵکی شاری گەڤەر بوو. لە کاتی هێرشەگانی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ سەخت دەبێت، سنوورەکانی زوڵم تێدەپەڕێنێت و ڕوودەکاتە کۆبانێی بەرخۆدێر. هاوڕێ دلۆڤان دوای ئەوەی کە دێتە کۆبانێ، عەشقی خۆی لە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیداندا دەبینێت و بریار دەدات ببێتە پارچەیەک لە شۆرشی ئازادی گەلان. هەم دەبێتە ڕاستی و هەمیش بۆ ڕاستیی هەر شەرڤانێک فێر ببێت، بە کامیراکەی دەستییەوە دەبێتە میوانی سەنگەر بە سەنگەری بەرەکانی شەڕ شەڕڤانانی سەنگەری حەقیقەت. لە کۆبانێ هەتا منبج، لە دێرەزۆر هەتا گرێ سپی کاروانی دلۆڤان دەبێتە ئاگری، ئارین، ئەیلول، شیلان و ڕۆهەندا. شەڕڤانانی حەقیقەت بۆ ئەوەی ڕاستیی لە تاریکیدا نەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ڕووڕەشی هێزە پیلانگێڕەکان نەشاردرێتەوە، ڕووی کردە گرێ سپی تاوەکو فیداکاریی و قارەمانیەتی شەڕڤانان بۆ دوارۆژێکی ئازاد بهێڵێتەوە. کاتێک هێرش لەسەر گرێ سپی سەخت دەبێت لەگەڵ دەستەیەکی شەڕڤانان هەتا کۆتایی لەگەڵ دەستەیەک لە شەرڤانان دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەو دەستە شەڕڤانە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ شەهید دەبن. هاوڕێ دلۆڤان بووە یەکێک لە پاڕەوانانی ئازادی. لە ڕێبازی ئەو شەڕڤانە چەلەنگانەدا سوور بوو لەسەر ژیانی ئازاد و بەردەوام دەوترێتەوە تا ئەو ڕۆژەی پرسی مرۆڤایەتی سەردەکەوێت.
ف.ق