شەڕڤانانى قەسەدە چوونە ناو شارۆچکەى سوس لە دێرەزۆر

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە چوارچێوەى قۆناعی کۆتایى هەڵمەتی دژ بە چەتەکانى داعش چوونە ناو شارۆچکەى سوس لە دێرەزۆر.

ناوەندی چاپەمەنیى قەسەدە رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی دووشەممە چوونەتە ناو شارۆچکەى سوس و لە پێگەکانی چەتەکانى داعش دەدەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە شارۆچکەکەدا شەڕێکى قورس لە ئارادایە و سەرچاوەکانى قەسەدە رایانگەیاندووە، هێزەکانیان بەردەوامن لە پێشڕەویکردن و تێشکاندنى چەتەکانى داعش.

بە لانیکەمەوە ٩٠١ چەتەى داعش کوژراون

قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى دژ بە چەتەکانى داعش لە رۆژی ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە دەستیپێکردووە. لە سەرەتاى ئۆپەراسیۆنى شەڕڤانەوە سەدان چەتەى داعش کوژراون.

 بەپێى ئامارەکانى قەسەدە، کە رۆژانە لەبارەى شەڕی شەڕڤانان لە دژی چەتەکانی داعش بڵاوی دەکاتەوە، لە رۆژی ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە تاوەکو ئێستا ٩٠١ چەتەى داعش لە شەڕی رزگارکردنى ناوچەکانى دێرەزۆردا کوژراون.

ر.م