«عەفرین و سووریا – سازوسەودایە یان هاودەردی»

[هەر لایەنێک دڵ و سۆزی ئەو میللەتە دەردەست بکات کاغەزێک لە دەست دەگرێت لە هێز و پلەی «بۆمبای قورمیش کراو» ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت کە لەنگەری تەرازووی کاران و ڕاڕەوی ڕووداوان ڕادەگرێت.]

بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد «مه‌سعوود محه‌مه‌د ١٩١٩ - ٢٠٠٢» له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م تێڕوانین و بۆچوونگه‌لێكی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (به‌تایبه‌ت باشووری كوردستان و عێراق) خستۆته‌ڕوو كه‌ بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی ناوچه‌كه‌ بایه‌خدارن. نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ «ئاسۆس شه‌فیق» له‌م نووسینه‌دا‌ به‌شێك له‌ تێڕوانینه‌كانی ئه‌و بیرمه‌نده‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی خۆی ده‌خاته‌ڕوو، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌ سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ شی بكاته‌وه‌. ئه‌و پێی وایه‌: ڕێككه‌وتنی یه‌په‌گه‌ و حكوومه‌تی سووریا له‌ عه‌فرین، سازوسەودایەکی ناچاری و تاکتیک نییه‌، به‌ڵكو دیاریکردنی سەرچاوەی دوژمنایەتی و کانگەی شەڕ، خۆپاراستن لە شەڕی سەپێنراو بە خواستی ئەموئەو، بەرهەمی هزرێکی قووڵتر و دەرکێکی ڕۆشنتری مێژووناس و بەرژەوەندبینە.

***

هەرای «بەهاری عارەبی» لە پازدەی مارسی ٢٠١١ شەڕی نێوخۆی لە وەڵاتی سووریادا گڕ دا. ئەوا نێزیکەی هەفت ساڵە کوشتوبڕ، وێرانکاری و دەستدرێژی بە ڕادەیەکی خەیاڵبەدەر لە گشت لایەکەوە وەڵاتەکە دەهاڕێت. لە گەرمەی ئەو بەزمەدا، لە ٢٠١٢ دا پەیەدە بۆ پاراستنی ژین و سەروەریی مرۆڤ کەوتە خۆی، دروستتره‌ بڵێین هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی ئۆجالان ڕووی له‌ سووریا كردووه‌ ئه‌م بزاڤه‌ كه‌وتۆته‌ خۆی. لەو دەمەوە بەشێکی وەڵاتەکە بە ڕێکخستن، بە ئامادەباشی و خۆتەیارکردن سنوورێکی ئاگربڕی، بۆ چەپارەدانی گەلی خۆی، بە چەند لایەکدا کێشاوە. هێزی هێرشبەر، بە تایبەتی تورکیەی ئەردۆغان و ئەویش بە پشتیوانیی ڕیزێک وەڵاتی دیکەی خاوەن مەبەست و ئامانج، بەم پێداگری و بەرخۆدانەی ڕۆژاڤا تەواو سەرشێت بووە و هەموو ڕێگەیەکی گرتۆتەبەر بۆ شکاندنی ویستی ئەم میللەتە. دەیسا پەیەدەش، لە پێناو پاراستنی گەلدا، پەنا دەباتە گشت هونەرێکی گونجاو. یەک لەوان لاشەڕبوونە (شەڕ نەکردنە) بەرانبەر حکوومەتی سووریا.

هەیە پێی وەهایە ئەم کارە سازوسەودایەکی ناچاری و تاکتیکە، بەڵام ڕاستییەکەی باسێکی دیکەیە. دیاریکردنی سەرچاوەی دوژمنایەتی و کانگەی شەڕ، خۆپاراستن لە شەڕی سەپێنراو بە خواستی ئەموئەو، بەرهەمی هزرێکی قووڵتر و دەرکێکی ڕۆشنتری مێژووناس و بەرژەوەندبینە. بەرهەمی بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئۆجالانە. بەڵام جگە لە ئۆجالانیش نووسینی لەپێشتر هەیە ئەو ڕێبازە ڕوون دەکەنەوە و پشتیوانی لە میللەتپارێزی دەکەن.

فەرموون ئەمە چرای نێوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی پێشوو...

مه‌سعوود محه‌مه‌د: «...ئەو هێزانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا زۆرەملێیانە هەوڵ دەدەن لەو گەپەدا کاغەزی مسۆگەر بدۆزنەوە و ئەو سەرەپەتانە دەردەست بکەن کە ئاکتەرەکانی سەر شانۆ دەبزێون، هەر کامێکیان زۆری لەو کاغەز و پەتانە وەدەست هێنا توانای مناوەرەی پتر دەبێت.
ئەم ڕاستییە لە ڕادەی بەڵگەنەویستیدایە و بە ئاسانی پەنجە هەستی پێ دەکات. لە ژێر ئەم ڕاستییەدا، یاخود بە تەنیشتییەوە، ڕاستییەکی دیکەش هەیە نزیکە هێندەی ئەو بەڵگەنەویست بێت. مەگەر چاو بەڵغی لێ نیشتبێ. بریتییە لەوەی کەوا بەهێزترین و قەیمترین و مسۆگەرترین ئەو کاغەز و سەرەپەتانە کاغەزی «واقیعی میللەتی کورد» و ئەو بەنەی پێیەوە بەستراوە: هەر لایەنێک دڵ و سۆزی ئەو میللەتە دەردەست بکات کاغەزێک لە دەست دەگرێت لە هێز و پلەی «بۆمبای قورمیش کراو» ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت کە لەنگەری تەرازووی کاران و ڕاڕەوی ڕووداوان ڕادەگرێت. میللەتێکی بەلای کەمەوە ژمارەی بگاتە پازدە ملیۆن کەس و بەسەر ڕووپێوێکی زەوی هێندەی دەوڵەتێکی مام ناوەنجیی پانوبەرین نیشتەجێ بێت و شوێنەکەیشی لە جەرگەی گرنگیی ستراتێجی بێت و چاوچاوەی دوەمین سەدەی بیستەم هەڵپەوکڵپەی جۆشاندبێت بۆ چالاکی و توندوتۆڵی وێڕای پاشخانێکی مێژوویی بیست و ئەوەندە سەدەیی لە وەیشووم و فەلاکەت و ستەم و لێ پچڕین... ئائەو میللەتە سپایەکی یەدەگە، بەڵکوو سپایەکی کارایە قورسایی خۆی دەهاوێتە دەستەتەرازووی جەنگی لایەنێک مامەڵەی چاک بێ لەگەڵیدا و برینەکانی ببرژێنێتەوە. بڕیارێکی سروشتییە کە ڕێک هاتن و دژایەتی نێوان بەرژەوەندی ئەم میللەتە (کورد) و هێزە تێک گەڕاوەکانی ناوچەکە لە پلەی هەمەچەشنەدا بێت بەپێی بارودۆخی هەر یەکێک لەو هێزانە: لەوانەیە یەکیان بە درێژایی مەودا و ڕۆژگار کوردنەویست بێت و دوەمیان بەپێی کژ و کات هاوبەرژەوەند بێت و ئیتر لەم بابەتە...»

ئەو هێزانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا زۆرەملێیانە بریتین لە دەسەڵاتی (نەک میللەتی) ئێران، تورکیە و دەوڵەتانی عارەبی بە ئاغایەتیی سەعوودستانەوە. ڕاستە ئەمانە دەوڵەتی ناسیۆنالن و تەمەنیان سەد ساڵ پڕ ناکاتەوە بەڵام پاشخانی مێژووی هەر سێ لایەنیش ئاشکرایە. زۆر دوور ناڕۆین، ئەوە ساسان و سەفەوی و قاجار لە لایەک، هێرشەکانی تەتەر، مەغوول و عوسمانی لە لایەک، هەڵمەتی عارەبی موسڵمان، دەسەڵاتی ئومه‌وی، عەبباسی و ...هتد لە لایەک. زۆرانبازیی ئەم سێ زلهێزەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕیشەی لە مێژوودا ڕۆییوه‌ و ئێستەش هەر گرمەی دێت.

ئەم هێزانە لەو زۆرانبازییەدا هەردەم گەلی کوردیان لە ڕێی ئاغا، شێخ و سەردارەکانییەوە وەک کارتی گەمان و داشی دامە بەکارهێناوە. ئەو زلهێزانەی باسیان هات هەمیشە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکار بوون لەبەر ئەوەش هاندانی ئەم یان ئەو ئاغایەی کورد دژی هەر لایەکیان کارێکی سەخت نەبووە. بێدادی و ستەمکارەتی لایەک کۆمەڵێک سەرداری کوردستانی ناچار کردووە پەنا بەرنە بەر دەسەڵاتی لایەکی دیکە و ئەویش بۆ سوودی خۆی بە هەر جۆرێکی لای باش بووە، بەکاری هێناون. بەڵام ئەم بەکارهێنانە تەنها بۆ دژایەتیی نێوخۆی ئەم سێ لایەنە نەبووە، دەوڵەتی عوسمانی لایەکی شەڕی ڕووس، بەڵکان و ئەورووپای بە خێلەکانی کورد کردووە. بە کورتیی هێزە گەورەکانی ناوچەکە، گەلی کوردستانیان بەگشتی بۆ مەبەستی خۆیان بەکارهێناوە.

ئەوجا خاڵێکی دیکەی گرینگ لەم باسەدا خویا دەبێت:

مه‌سعوود محه‌مه‌د: «...بەڵام چ هۆشدارێک  نییە نەزانێ کە بەرژەوەندیی عەرەب تێک هەڵنائەنگوێ لەگەڵ بەرژەوەندی ئەم میللەتە تا ئەوەی دوواڕۆژێکی بەربیر و بەرچاو بێت و حیسابی بۆ بکرێت. بەرهەڵستییەکی ئەم بیروڕایە بکرێت بەوەدا لێک ژەنینێکی ئازاربەخش لە نێواندا لە بەشێکی خاکی عیراقدا هەیە بەرپەرچ دەدرێتەوە بەوەی کە مەیدانە پانەکانی یەکیەتیی «بەرژەوەند و هەڕەشە» بەبەریەوە هەیە هەزمی هۆیەکانی ئەو لێکژەنینە بکات و لە کاتێکی کەمتر پێویست بۆ نووسینی گوتارێک لە بارەی مەوزوعەوە تێی ببات. هەر ئەوەندەشی دەوێ هەر دوو لایەن (کورد و عەرەب) وێکڕا لە تێگەیشتنی ڕاستینەی بەرژەوەندیان و ڕاستینەی هەڕەشەی لێیان دەکرێ بە جووتە کۆببنەوە. عەرەب بەو هەموو بەڕڕ و دەریا و دارایی و مەرکەزی ژیاری (حضارة) کە هەیەتی حۆجەی پڕوپاتاڵی کورد نییە بەڵام بێگومان پێویستی بە هاوپەیمانێکی سروشتکرد هەیە گومان لە هەڵوەست و بەرژەوەندی نەکرێت بگرە پێویستی بە کۆمەڵێک لەو جۆرە پشتیوانە هەیە سەبەب بە مەزنەشەڕی بەسەریدا دەسەپێت و فرەمەیدانی تێدا دەجەنگێت و هێزی ناحەزەکانی و هەڕەشەی سەر بەو فاکتەرانەوە.
خۆ کوێریش لەوانەیە ببینێت کە لە دەسەڵاتی کورددا نییە مرخی لە هیچ بەرژەوەندێکی عەرەب خۆش بکات چ جایی ئەوەی واقیعێکی ئاڵۆزی دڕووکاوی لە بنیاتی کورد داوە خەریکە ئومێدی ببڕێت لە هەرچی یارمەتییەکی دەرەوەی وجودی خۆی هەیە مەگەر ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ لە عەرەبەوە بۆی بێت ئەویش بەهۆی گونجانی سوودی هاوبەشیانەوە...»

ناکۆکیی گەلی کوردستان لەگەڵ ئەو سێ لایەنەدا هاوشان و یەکسان و یەکڕەوت نییە. ناکۆکیی گەلی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی عارەبی (دەوڵەتانی هەمەجۆری سووریا و عیراق) ناچێتە هەمان ئاستی دۆزی کورد لە ئێران و ئەویش جۆرێکی دیکەیە و ناگاتە ئەو دوژمنایەتییەی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر مافی کورد دەینوێنێت. گرینگە کەسانی خاوەن هۆش و دەسەڵاتی عارەب لەم ڕاستییە بگەن و هەڵوێستیان لە دۆزی کورد بەچاوی بەرژەوەندی خۆیان بخوێننەوە نەک ڕکوکینەی ناسیۆنالیستانە. ئەوەی هەڕەشە لە بوون و بەرژەوەندی عارەب دەکات دەوڵەتانی ئێران و تورکیەیە نەک گەلی کوردستان. ئەوەی لەو هەڕەشەیەشدا فریای عارەب بکەوێت گەلی کوردستانە نەک دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیە. کوردیش دەبێت پەی بەو ڕاستییە بەرێت و خۆی نەکاتە داشی دەستی تورکیە و ئێران بەرانبەر جووتە حکوومەتی عیراق و سووریا. پەرۆش لێرەدا بۆ ئەو دوو حکوومەتە نییە بەڵکوو بۆ گەلی کوردستانە نەبێتە کاڵا و قوربانی لە مێدانی زۆرانبازیی زلهێزانێکی هەمیشە کوردنەویست.

گەلی باشووری کوردستان چ خێرێکی دی لەو جەنگەی شای ئێران لە ١٩٦١ ەوە جۆشی دا بەرانبەر حکوومەتی بەغدا؟ میللەت جگە لە کوشتن و بڕین، دواکەوتن و دابڕان چی بۆ مایەوە، مەگەر دەستەیەک سەرخێل و سیاسەتباز کە پێی بوون بە مێردەزمەی چارەدزێو. ئەو شانۆنامەیە لە ١٩٩١ یشەوە تازەکرایەوە و ئەمجا تورکیەش خۆی کردە پشتوپەنای ئەم ئاژاوەیە و بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی هەم ئێران و هەم تورکیە، سەردارانی باشوور خۆیان کردە دوو بەرە، دوو گۆپاڵ و دوو مەقاش.

مه‌سعوود محه‌مه‌د: «...قسەش لێرەدا درێژخایێنە و هەمیشە سەربە ئەنجامێکەوە دەنێت کە بریتییە لەوەی ئەگەر عەرەب و کورد ناوەڕۆکی شتان و ڕووداوان بفامن و ڕاست بکەن لە ڕانواندنی دیتن و تێگەیشتنی «هێماکانی دواڕۆژ» هەر ئەو ڕێبازەیان لە پێشە بەرەو بەرژەوەند بڕوات کە ڕێبازی تەبایی و پێکەوە هەڵکردن و سەرئەنجام تێکبەسترانە. لێرەشدا قسە بە زۆر لکدا پەخش دەبێت کە لە وزەی نووسەر دەردەچێ ئامێزی پێدا بگرێت، زۆریشی لە خۆوە ئاشکران بەر لەوەی ئاخێوەر بیدرکێنێت یان نووسەر بینەخشێنێت. ئیتر ڕێی ڕاستمان پێ بگرێت و لە خلیسکمان بپارێزێت...»

ڕۆژاوای کوردستان هەتا ئێستا زۆر ژیرانە خۆی لە دووبارەکردنەوەی ئەو گەمە گڵاوەی باشوور بەدوور گرتووە. پەیەدە بەپێی توانا و دەرفەت، هۆشیارانە ڕەفتاری لەتەک هەلومەرجی خۆی و ناوچەکە کردووە. دەزانێت نەیاری یەکەم کێیە و ڕێ نادات بەرژەوەندی گەل بکرێتە فرۆشەمەنی بۆ گەرمکردنی بازاڕی ئەموئەو. بەرەنگاری چەتە و لەشکری تورکیە بۆتەوە بۆ پاراستنی گەل. هەتا پێشی کرابێت خۆی لە ناکۆکی و شەڕی حکوومەتی سووریا لاداوە و ئەمەش ئەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزی پێشان دەدات. هەر ئەم هەڵوێستەشە ڕێی خۆش کردووە جۆرە پێکهاتنێک لەگەڵ حکوومەتی سووریادا بێتە کایەوە بۆ پاراستنی ئەفرین. کورد و عارەب و سووریانی سووریا، لە چێوەی یەکتر سەلماندن، دەرککردنی بەرانبەر، بەرژەوەندناسی و دیاریکردنی ئامانجی هاوکۆدا، دەتوانن خۆیان، سەروەری و نیشتیمانی خۆیان لەو ئاگربارانە چەپارە بدەن کە ڕیزێک زلهێز و کەمهێزی شڕەخۆری بەدمەبەست دەستی تێدا هەیە.

تاکە ڕێگەی لەبار و گونجاو بۆ کورد و ناکوردی سووریا خۆپاراستنە لەو هەرایەی ئەردۆغان هەڵیگیرساندووە. بۆ پتەوکردنی بەرەی گەل دژ بە داگیرکەر و نەیاری یەکەم کە دەوڵەتی تورکیەیە، پێکهاتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا نەک هەر باشە بگرە زۆریش دروست و پێویستە.

ئەم باسە ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە. گەلی ڕۆژهەڵات دەبێت زۆر وریا بێت لەوەی نەکرێتە گۆپاڵی دەستی زلهێزانی جیهانی بۆ لێدانی ئێران. لێرەشدا پەرۆش بۆ حکوومەتی تاران و ئاخوندەکانیان نییە، بۆ پاراستنی گەلی کوردستانە بە کورد و ئازەری و نازانم چییەوە... ئەمەریکا هەرا بنێتەوە دەتوانێت چوار سیاسەتچیی کورد بدۆزێتەوە بۆ فریودانی گەل.

بۆ تێکستەکەی مەسعوود محەمەد بڕوانە «گەشتی ژیانم - لاپەڕە ٧٢٢ - ٧٢٣»

S.M