قەرەسوو: تورکیا پێمان ناوێرێت!

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى لوتێمپس (Le Temps)ی سویسرا دا لەبارەى ئۆپەراسیۆنێکى چاوەڕوانکراوی تورکیاوە وتى "نە دەتوانێت لێرە بمانکاتە دەرەوە و نە پێشمان دەوێرێت".

بۆری مابیللارد پەیامنێری رۆژنامەى لوتێمپسی سویسری سەردان و چاودێرییەکانى خۆی لە قەندیل بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆردومانەکانیان چڕ و قورس کردووە. رژێمى ئەنقەرە نیاز و ئامانجی خۆی بۆ کۆتایهێنان بە پەکەکە لە رێگەى ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەوە نەشاردووەتەوە.

راشیگەیاند "هەرێمى قەندیل وەک دەستماڵێکى چرچ و لۆچاوییە. کاتێک کە بە تەواوی راست بکرێتەوە گەورەیەکەى ٣ هێندەى ئەوەى دەبینرێت، گەورەتر دەبێت. لێرە شاخ و داخەکان، دۆڵە بەرفراوانەکان و بەفر پەکەکە دەپارێزن".

ئەو رۆژنامەنووسە سویسرییە سەرنجی خستە سەر خاڵەکانى پشکنینى گەریلا و رایگەیاند، گەریلایەک بە ناوی زاگرۆس فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى چاودێریمان پیشان دەدات و دەڵێت 'ئەو پریداتۆرە ئەمریکا بە تورکیاى داوە. جموجوڵەکان کۆنترۆڵ و دەستنیشان دەکات. بۆ ئەوەى ئێمە خۆمان بپارێزین، یەکەم رێوشوێن ئەوەیە، کە جوڵە نەکەین. رێوشوێنێکى ئاسانە، بەڵام زۆر کاریگەرە بۆ پەکخستنى چاودێرییەکان".

قەرەسوو لەگەڵ پەیامنێرەکەى لوتێمپس قسەى کردووە و رایگەیاندووە "نزیکەى ٢٠ بارەگاى سوپای تورک لە خاکى عێراقدا هەیە. ئێمە چاودێری دەکەن، بەڵام ناتوانن کۆنترۆڵمان بکەن. ئێمە زۆر چوست و چالاکین و زۆر جموجوڵ دەکەین و لە دژی ئەوە چاودێرییەشیان تاکتیکمان ئافراندووە".

بەپێى بۆچوونەکانى قەرەسوو کێشەکە ئەوە نییە کە "ئاخۆ تورکیا هێرش دەکات یان نا"، بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە تورکیا کەی هێرش دەکات و قەرەسوو لەوبارەیەوە وتی "بەڵام ناتوانن ئێمە لێرە دەربکەن و پێشمان ناوێرن. ماوەی ٣٠ ساڵە ئەو هێرشانە بەبێ سەرکەوتنى سەربازی بەردەوامن".

قەرەسوو لێکدانەوەی بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە کرد و وتیشی "پەیامەکەى واشنتۆن دوو لایەنەیە. لەلایەکەوە دڵنیایى بە تورکیا دەدات و هەوڵ دەدات هەناسەیەک بە بەری تورکیادا بکاتەوە، لەلایەکى ترەوە بۆ ئەوەى تورکیا بتوانێت ئۆپەراسیۆنێکى گەورەى سەربازی ئەنجام بدات، ئەمریکا دەستکراوەى کردووە لە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆندا".

قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو، ئەمریکا لە بابەتى ئامانجەکەیدا هەڵەى کردووە، چونکە ئەوەى هەڕەشە لە ئارامیى ناوچەکە دەکات تورکیایە.

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد "لە چوارچێوەى  تێکۆشان لە دژی دەوڵەتى ئیسلامیى داعش ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە هەماهەنگیى راستەوخۆداین. ئەگەر ئێمە نەبوینایە، ئەوا هەولێر دەکەوتە ژێر دەستى داعش. ئەگەریش شەڕڤانەکانى ئێمە نەبن، دونیا ناتوانێت لە جیهادییەکان زرگاری ببێت".

ر.م