لە مەراسیمێکدا خەڵاتی شەهید گەرمیان بەخشرایە مەزڵوم کۆبانی

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە مەراسیمی ساڵرۆژی شەهیدبوونی گەرمیان، خەڵاتی شەهید گەرمیان بەخشرایە مەزڵوم کۆبانی.

لە مانگی  شوباتی ساڵی ٢٠١١ لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، لە ٢٥ی شوباتیش بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە گەرمیان تەمەن ١١ ساڵان شەهید كرا بە گولەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەمرۆ ٢٥ی شوبات لە ماڵباتی كلتوری چەمچەماڵ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات و چالاکوانانی مەدەنی و نوێنەری چەند لایەنێک یادی ٩ ساڵەی شەهید گەرمیانی تەمەن (١١) ساڵ کرایەوە.

سەرەتای مەڕاسیمەكە بە داگیرساندنی ٩ مۆم لەلایەن گەنجانی چەمچەماڵەوە بۆ ساڵیادی شەهید گەرمیان داگیرسێنرا. دواتر ڕێزان عەسكەر دایكی شەهید گەرمیان وتەیەكی پێشەكەش كرد و ووتی:"٩ ساڵە گەرمیان كوڕی من بوو، بەڵام ئێستا گەرمیان كوڕی نیشتمان و گەلێكە سەربەرزم كە گەرمیان كوڕی نیشتمانە، ئێستا هاو تەمەنەكانی گەرمیان سەرقاڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەن، بەڵام گەرمیانی من ٩ ساڵە لە ژێر خاكدایە لەسایەی دەسەڵاتی كوردیەوە، ئێمە داوكارین بكوژانی شەهید گەرمیان و تەقەكەرانی ١٧ی شوبات دادگای بكرێن، ئێمە وەكو خانەوادەی شەهید گەرمیان داوكاریمان ئەوەیە هەموو كوردێكی ئازادیخواز بە سەربەستی و ئازادییانە بژیت. و داواش دەكەم چیتر خوێنی ڕۆڵەكانمان بە ناحەق نەڕێژرێت."

لەمەراسیمەكەدا لە ڕێگای سینەفیزێۆنەوە بەڵگە فلیمێك لەسەر روواوەکانی ١٧ی شوبات نمایش کرا، کە چۆن شەهید گەرمیان لە خۆپیشاندانەكانی چەمچەماڵ شەهید کراوە.

دواتر لەلایەن دایكی شەهید گەرمیانەوە خەڵاتی (٩)هەمین ساڵیادی شەهید گەرمیان بەخشرایە چەند کەسێک کە مەزڵوم کۆبانی یەکێک بوو لەو کەسانەی خەڵاتی شەهید گەرمیانی پێ بەخشرا لەلایەن دایکی شەهید گەرمیان.

 خەڵاتەکەی مەزڵوم کۆبانی لەلایەن لیمان شویش نوێنەری كۆنگرەی ستار وەرگیرا. هەروەها بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە عەلی سیاسی بەڕێوبەری مۆنۆمێتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی چەمچمەماڵ.

لیمان شویش نوێنەری کۆنگرەی ستار دەربارەی مەراسیمی شەهید گەرمیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "لە ٩هەمین ساڵیادی شەهید بوونی شەهید گەرمیان سەری رێزو نەوازش لە هەمبەر هەموو شەهیدان و کورد و کوردستان و شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنوێنین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی تەواوی کوردستان دەکەین، جێگای خەمە کە ئەمڕۆ یادی شەهید گەرمیانی ١١ ساڵانمان کردەوە."

هەروەها لیمان شویش ڕاشگەیاند: "تێکۆشانی ئازادی تەنها دژی داگیرکەران نییە، بەڵکو بەرامبەر هەموو نادادپەروەری و ستەمی دەسەڵاتدارانە. شەهید گەرمیان شەهیدی ئازادی و تێکۆشانی گەلی خۆیەتی بەرامبەر نادادپەروەری ئەو منداڵە لەگەل چەندین کەسی دیکە شەهیدبوون، ئێمەش سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەکەین."

ژ.ت