ناسنامهی شههیدێكی ڕۆژههڵاتی كوردستان ڕاگهیهنرا
لە مەڕاسیمێکی سهربازیدا کۆمەڵەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسنامەی شەهیدێکی خۆی ڕاگهیاند.
لە مەڕاسیمێکی سهربازیدا کۆمەڵەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسنامەی شەهیدێکی خۆی ڕاگهیاند.
بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە) و بەڕێوەبەرانی بزووتنهوهی ئاپۆیی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مەڕاسیمێکی سهربازیدا شەهیدبوونی ئەندامێکی کۆمەڵەی جەوانان بە ناوی دەروێش تۆڵهەڵدان ڕاگەیهنرا. کۆمەڵەی جهوانان پەیمانی سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خانهوادهی شەهیدان و گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
لەو مەڕاسیمەدا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەجەرە ڕۆهات ڕوار پەیامی بزووتنهوهی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشکەش کرد. لە سەرەتای قسەکانیدا باسی چۆنیەتی شەهیدبوونی ههڤاڵ دەروێش توڵهەڵدانی كرد و گوتی، «هەڤاڵانی هێژا ئەمڕۆ بۆ ڕێزگرتن لە شەهید دەروێش تۆڵهەڵدان کۆبووینەتەوە. بەدرێژایی مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد هەزاران هەڤاڵ شەهید بوون. زۆرێک لە هەڤاڵانمان لە ئەنجامی ڕووداو و کارەساتی سروشتی جوگرافیای کوردستاندا شەهیدبوون. لە بەهاری ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢٤ی نیساندا هەڤاڵ دەروێش تۆڵهەڵدان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی شۆرشگێری پێویستبوو له ڕووبارێک بپهڕێتێهوه، لە ئەنجامدا هەڤاڵ دەروێش دەکەوێتە ناو ئەو ڕووبارە و شەهید دەبێت. ئەو شەهادەته بۆ ئێمە وەک بزووتنهوهی ئاپۆیی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهادەتێکی گرانە. لە هەمان کاتیشدا شەهیدبوونی هەڤاڵ دەروێش بۆ ئێمە بههادار و واتاداره.»
ڕۆهات ڕوار ئاماژەی بە کەسایەتیی شەهید كرد و گوتی، «هەڤاڵ دەروێش لە تەمەنی گەنجێتیدا دوای ئەوەی بزووتنهوهی ئازادیخوازی گەلی کورد و فکری ڕێبەر ئاپۆی ناسی، دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد. هەڤاڵ دەروێش کاتێک کە فکری ڕێبەر ئاپۆ دەناسێت، سەرلەنوێ بۆ ئەوەی کەسایەتی خۆی بدۆزێتەوە و خەیاڵەکانی بهدیبێنێت، بەجۆش و خرۆشێکی مەزنەوە هاته نێو تێکۆشانی ئازادیی کوردستان. هەڤاڵ دەروێش لە ژیانی تێکۆشەریی خۆیدا هەمیشە پێداگری لەسەر ئامانجی شۆڕش دەکرد و هەتا دوا هەناسەکانی ژیانیشی بەو پەڕی بریاردارییەوە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند. قۆناغێک شەهید دەروێش لەناو فێرگەکانی شۆڕشدا، له پەروەردە دابوو. لەسەر بنهمای پێشخستنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازادکردنی هەموو گەلانی بندەست خۆی ئامادە دەکرد. هەڤاڵی شەهید هەرچەندە ماوەیهكی زۆر کورت لەناو تێکۆشاندا بوو، بەڵام توانی لە کورتترین ماوەدا پەرە بە توانستی فکری و فیزیکی خۆی بدات و ببێتە پێشەنگی تێکۆشان.»
«هەر شەهیدبوونێک پێداگرترمان»
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی کەجەرە تیشکی خستهسەر فەلسەفەی شەهیدان لەناو بزووتنهوهی ئازادیخوازی گەلی کورد و گوتی، «ئێمە تەنها وەک لەدەستدانێک سهیری شەهیدبوونی هەڤاڵ دەروێش ناکەین. لە مێژووی بزووتنهوهی ئاپۆیی و تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورددا ئەوە نیشاندراوە كه ئەگەر بهدروستی سهیری شەهیدبوونی هەر هەڤاڵێک بكرێت، ئەوا ئەو شەهادەته پێوانێک لە ناو تێکۆشاندا دروست دەکات. هەڤاڵ دەروێش لە تێکۆشانیدا وەک گەنجێکی بوێر لە دژی زهنیەتی پیاوسالاری و پیرسالاری دەوەستایەوە. وەک گەنجێکی دلێر ڕق و کینەی لە بەرامبەر دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان هەبوو. شەهیدبوونی هەڤاڵ دەروێش ئاستی پێداگری و پێوانی لە ناو ئێمەدا بەرزکردەوە.»
«شەهادەتی هەڤاڵ دەروێش بۆ ئێمە وەک بزووتنهوهی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بهها و واتایەکی تایبەتی هەیە. شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵەمان وامان لێ دەکات کە هەتا كۆتایی پێداگری لەسەر ئامانجی تێکۆشانەکانمان بکەین و بڕیار بدەین کە به هێزێکی مەزنەوە لەسەر خەیاڵ و داخوازیی شەهید دەروێش تێکۆشان بکەین و سور بین لەسەر ئەنجامدانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.»
ڕوار گوتی، «زۆر بە ڕاشکاوی دهتوانم ئەوە بڵێم کە ئێمە شەهیدبوونی هەڤاڵ دەروێش وەک لەدەستدانی هەڤاڵێک نابینین، بهڵكوو زۆر بەڕوونی دەڵێین شەهیدبوونی هەڤاڵ دەروێش بۆ ئێمە بناغەی شۆرش و سەرکەوتنە. لەسەر ئەو بنهمایه ئەو پێوانەی کە هەڤاڵ دەروێش بۆ ئێمەی دانا ئێمە هەوڵدەدەین ئاستی کەسایەتی خۆمان بۆ ئەو ئاستە بەرز بکەینەوە و بەرەو سەرکەوتن بڕۆین.»
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆهات ڕوار پرسە و سەرەخۆشی خۆی و بزووتنهوهی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاگهیاند و گوتی، «بهناوی کۆمەڵهی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنهوهی ئازادیی کوردستان سەرخۆشی خۆمان لە سەرۆک ئاپۆ و خانهوادهی شەهید دەروێش و گەلی وڵاتپارێز و هەموو هەڤاڵان دەکەین. جارێکی دیکە بڕیار و پەیمانی خۆمان بە سەرۆک ئاپۆ و خانهوادهی شەهید دەروێش و گەلی کوردی وڵاتپارێز و هەموو ئەو هەڤاڵانەی لە تێکۆشاندان نوێ دەکەینەوە و دەڵێین، شەهید نامرێت و شەهیدان سەرمەشقی کاروانی تێکۆشانی شۆڕشگێرانن.»
s.m