نەوەی نوێ لە دژی حکومەت گردبوونەوەیەکی رێکخست

ئەمڕۆ لایەنگرانی نەوەی نوێ لە دژی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان لە شاری سلێمانی ساز کرد. لە  دهۆک هەولێریش ڕێگریان لێکرا.

لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە هەر یەک لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک، هەولێر و هەڵەبجە  خۆپێشاندانی جەماوەری ساز دەدەن. ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان ساز کرد. ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانیش لە خۆپێشاندانەکانە ئامادەبوون. تیایدا داوای چاکسازیی ریشەیی و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتداریی ئێستا کرا. جەختیان لەوە دەکردەوە، کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست هەڵگرێت لە سیاسەتکردن لە بەرژەوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان.

هاوکات بڕیار بوو هەر ئەمڕۆ لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە خۆپێشاندانی لایەگرانی نەوەی نوێ بەڕێوە بچێت، بەڵام لە شارەکانی دهۆک و هەولێر هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان کرد لەوەی خۆپێشاندان بەڕێوە بچێت. هێزکی زۆریان لە مەیدانەکانی خۆپێشاندان بڵاوەپێکرد بوو، دەستیان  بەسەر بەشێک لە کامێرا و کەلوپەلی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا گرت.

لە شاری هەڵەبجەش بەبیانوی مەترسیی  بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای هەڵەبجە مۆڵەتی خۆپێشاندانی لەو شارە هەڵوەشاندەوە.

ژ.ت