هەزاران کەس لە ئامەد بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن کۆبوونەتەوە

هەزاران کەس بە دروشمی "لەیلا گیوڤەن شکۆمانە" بەرەو کۆبوونەوەکەى گۆڕەپانى ستاسیۆن دەڕۆن. چالاکییەکە بۆ پشتیوانیکردنە لە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن، کە ماوەى ٧٣ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مانگرتندایە.

 کۆبوونەوەکە لەسەر بانگەوازى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر گۆشەگیریى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکیەکانى مانگرتنە لە زیندانەکاندا، کە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن دەستیان پێکردووە.

 چالاکییەکە لە ژێر دروشمی "دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری" لە گۆڕەپانى دیموکراسیى ٥ی حوزەیران (ستاسیۆن) دەستێپێکردووە.

 لە بەری ناوچەى سووری ئامەد، ئۆفیس و باغلەرەوە گەل بەرەوە گۆڕەپان و شوێنى چالاکییەکە دەڕۆن و هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتى تورکیش دەورووبەری شوێنى چالاکییەکەیان گەمارۆداوە.

لە گۆڕەپانى چالاکییەکەدا پۆستەر و دروشمەکانى "دانوستان تاکە رێگایە بۆ ئاشتی و چارەسەری"، "لەیلا گیوڤەن مافدارە"، "نابێت حساب بۆ ورە و ئیرادەى گەل نەکریت، ورە و ئیرادەى گەل دەستبەسەر ناکرێت"، "بە دڵنیاییەوە لە دژی شەڕ و باری نائاسایى ئاشتى سەردەکەوێت"، "دادپەروەری بۆ هەموان، ئاشتی بۆ هەموان"، "دادپەروەری + ویژدان = مرۆڤایەتى" هەڵواسراون.

 سەدان کەس کە ئالاکانى هەدەپە و دەبەپەیان بە دەستەوە گەیشتووەنەتە گۆڕەپانى چالاکییەکە.

جەماوەری گەل لە مێردین، شرنەخ، ئێلح و شار و ناوچەکانى دەورووبەرەوە بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان گەیشتنە شوێنى چالاکییەکە و بە وتنەوەى دروشم چوونە گۆڕەپانى چالاکییەکە.

ئەوانەى گەیشتوونەتە گۆڕەپانى چالاکییەکە بە بەردەوامى دروشمەکانى "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "زیندانیانى ئازادیى شکۆ و کەرامەتمانن"، "لەیلا گیوڤەن شکۆمانە"، "بژی بەرخودانى لەیلا" دەڵێنەوە.

دەنگى دروشمەکان شەپۆل بە شارەکەدا دەدا و هاووڵاتییانیش لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکان بە تلیلی و چەپڵە پشتیوانى لە چالاکییەکە و وتنەوەى دروشمەکان دەکەنەوە.

ئەو هاووڵاتییە کۆچەرانەى لە ئێلحەوە چوون بۆ چالاکییەکە بە جلوبەرگی خۆجێى و ئاڵ و واڵیانەوە سەرنجێکى زۆریان بۆ سەر خۆیان راکێشاوە و گەل بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێ و تلیلی سڵاو لە چالاکییەکەى گیوڤەن دەکەن.

چالاکییە جەماوەرییەکە بە پێشکەشکردنى وتە لەلایەن پەرین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە و بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکى کەجەدە و محەمەد ئاسلان هاوسەرۆکى دەبەپە دەستیپێکردووە و چالاکییەکە بەردەوامە.

ر.م