هەپەگە: زیاتر لە ١٢ سەرباز و ئەندامی میتی کوژراون و برینداربوون

هەپەگە ڕایگەیاند: لە سنوری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و ئامەدی باکوری کوردستان گەریلاکان زنجیرە چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر ئەنجامداوە و لە ئاکامیدا ٩ سەرباز و ئەندامێکی میتی تورک کوژراون و تەرمی ٢ سەربازیش کەوتۆتە دەستی گەریلاکان.

لەو بارەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە بڵاوکراوی ڕاگەیاندوە و ئەم زانیاریانەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا کردوە:

"ئێوارەی دوێنێ گەریلاکان لە گردی شەهید ئافاتی سەر بە ناوچەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان یەکینەیەکی سووپای تورکیایان کردۆتە ئامانج و گورزی زۆر قورسیان لێداوە و لە ئاکامیدا، ٧ سەرباز کوژراون کە تەرمی ٢ سەربازیان کەوتۆتە دەستی گەریلاکان. هاوکات 4 مۆڵگەی سەربازیش خاپوور کراون. دوابەدوای چالاکییەکەی گەریلاکان ژمارەیەک هەلیکۆپتەری جەنگی ڕویان کردۆتە مەیدانی شەڕەکە و
ئەوانیش کراونەتە ئامانج و ناچار پاشەکشێ کراون".

"هەمان ڕۆژ لە ناوچەی چەلێی سەر بە جۆلەمێرگ، کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیا کە بەرەو سەربازگەکانی ئەو ناوچەیە دەچوو، لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش وێڕای کوژرانی ٢ سەرباز و برینداربوونی ٣ی دیکە زریپۆشێکش بە تەواوی لەناوبراوە. شەوی ڕابردووش، لە گردی کۆردینەی هەمان ناوچە دەستەیەک لە گەریلاکان لە سوپای تورکیان داوەتەوە و زیانی زۆریان لە دوژمن داوە، بەڵام ژمارەی کوژراو برینداران تا ئێستا نەزانراوە:

"لە ڕێککەوتی 23ی مانگی ڕابردووش، لە ئامەد ئۆتۆمبیلێکی ئەندامانی دەستگای سیخوڕی و هەواڵگری میتی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش ئەوەندەی ڕوونبووەتەوە ئەندامێکی میت  کوژراوە و ٣دیکەش برینداربوون".

بەگوێرەی هەپەگە لە سەرجەم ئەو چالاکیانەدا گەریلاکانی بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگات گەڕاونەتەوە شوێن و بارەگاکانی خۆیان.

لە بارەی هیرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەپەگە ڕایگەیاندووە: "١٤ی ئەم مانگە، لە هەرێمی زاپ بەهۆی بۆردومانەوە گەریلایەک شەهید بووە. هەروەها لە١٠ی ئەم مانگەوە بە بەردەوامی گوند و ناوچەکانی هەرێمەکانی گارا، حەفتانین، زاپ، زێ و خواکوڕک بە چڕی بۆردومان کراون و بەو هۆیەوە زیانیکی زۆر وەبەر ڕەز و باخی گوندنشینان کەوتووە".

 

هـ.هـ