هەپەگە: بە ڕێزەوە یادی فەرماندەی گەورە تێکۆشەر گەڤەر بەرز رادەگرین

هەپەگە رایگەیاند، تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) ئەندامی ئەنجوومەنى سەربازیی هەپەگە ساڵی رابردوو لە هێرشێکى ئاسمانی دا شەهیدبووە. راشیگەیاند "وەک هاوڕێیەکى پێشەنگ لە مێژووی تێکۆشانماندا جێگای خۆی کردووەتەوە".

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە هێر شێکى ئاسمانی لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٩ دا هەڤاڵ تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) شەهید بوو. هەپەگە لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:

"دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە ساڵی ٢٠١٩ەوە هێرشەکانى لەسەر بزووتنەوەکەمان و حیزبەکەمان زیاتر کردووە و هەوڵ دەدات بە بەڵێنی لەناوبردنی پەکەکە خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، بەڵام بەرامبەر بە بەرخودانی گەورەی گەریلای کوردستان تێکشکاوە.

لە سایەی بەرخودانی گەریلاکانى کوردستاندا ئۆپراسیۆنی داگیرکەری لە دژی باکوور و باشووری کوردستان پوچکرانەوە. سوپای تورکی داگیرکەر هەموو جارێک گورزی قورسی بەردەکەوێت و لە بەرامبەر رۆحی بەرخودان و فیدایی ئاپۆیدا خۆی پێ راناگیرێت و گورزی گەورەی مێژوویی بەردەکەوێت.

بێگومان ئەندازیاری ئەو بەرخودانە مێژووییەى دژ بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر شەهیدە قارەمانەکانمان، کە فیداییانە شەڕ دەکەن. یەکێک لەو قوربانیانەى بەخشیومانە، ئەوەیە کە هەڤاڵمان تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٩دا لە هێرشێکى ئاسمانی لە هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا شەهید بوو.

ناسنامەی هەڤاڵە شەهیدەکەمان بەمشێوەیەیە:

نازناو: تێکۆشەر گەڤەر

ناو و پاشناو: موسلح ئیکە

شوێنى لە دایکبوون: جۆلەمێرگ

ناوی دایک و باوک: مەحبوبە – ئەحمەد

کات و شوێنی شەهید بوون: ٢٠ی ئابی ٢٠١٩ / هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا

هەڤاڵمان تێکۆشەر لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری رێزەکانى تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بووە و ماوەیەکى دوور و درێژ لە گۆڕەپانەکانى شەڕدا تێکۆشاوە. هەڤاڵ تێکۆشەر بە بڕوایەکى گەورەی پەیوەستبوون بە گەل، بە حیزبمان، شەهیدان و رێبەر ئاپۆ هەموو ئەرکەکانى سەرکەوتوانە بە ئەنجام دەگەیاند و دوا ئەرکی ئەندامبوون بوو لە ئەنجوومەنى سەربازیی هەپەگە.

هەڤاڵ تێکۆشەر لە تێکۆشانی گەریلایی خۆیدا سەرەتا لە ناوچەى زاگرۆس دەستی بە تێکۆشان کرد و کارەکتەری دینمامیک و چالاکی خۆی بەرەو پێشبرد و لە گۆڕەپانی بۆتان و زۆر ناوچەى تردا شەڕیکردووە و تێکۆشاوە. هەڤاڵ تێکۆشەر لەو چالاکییانەدا، کە بەشداربووە بە رۆحێکى گەورەی هێرشبردن فەرماندەیی ژمارەیەکى زۆر لە چالاکییەکانی دژ بە دوژمن کردووە. هەڤاڵ تێکۆشەر زۆر جار بریندار بووە، بەڵام هەرگیز رێگای بە خۆی نەداوە لە هیچ کار و چالاکی و تێکۆشانێک دوا بکەوێت.

هەڤاڵ تێکۆشەر کە فەرماندەیەکى ژیر و تاکتیکزانێکى بەهێز بوو، بە چالاکییەکانی لە چوارچێوەیى بونیاتنانەوەى نوێ لە دژی هەوڵەکانى دوژمنی داگیرکەر کاریگەرییەکى گەورەی دروستکردبوو.

هەڤاڵ تێکۆشەر لە هەر گۆڕەپانێکدا بوو بێت، جەنگاوەر و میلیتانێکى دڵسۆزی رێبەر ئاپۆ بووە و لە قورسترین هەلومەرجەکانیشدا دەستبەرداری هێڵی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان نەبووە. هەڤاڵ تێکۆشەر بە هەڵوێستەکانى خۆی، بە جۆش و خرۆش و ورەی خۆی، یەک بە یەک گرنگیی بە شەڕڤانەکانى خۆی دەدا و ئەزمونى خۆی بۆ دەگواستنەوە.

سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژای ئیکە و هەمو گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین و پەیمان و بەڵێنی خۆمان دووبارە دەکەینەوە، کە ئێمە لە کەسایەتیی هەموو هەڤاڵانی شەهیدماندا، تێکۆشانمان بۆ ئازادی بگەیەنینە سەرفیرازی".

ژ.ت