پارتە کوردیەکانی کەرکوک دەبەسەرداگرتنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان ئیدانە دەکەن

پارت و لایەنە کوردییەکانی کەرکووک لەهەمبەر داگیرکردن ولابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی شارەکانی ئامەد، وان و مێردین-ی باکوری کوردستان هەڵوێستیان نیشاندا و ئەو بریارەی ئاکەپە وئەردۆغانیان بە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی دەزانن و بەتووندی ئیدانەیان کرد.

بەڕێوەبەری  یەکێک لە حزبە کوردیەکانی کەرکوک دەلێت: ئەو هێرشانەی ئیستا دەکرێتە سەرشارەوانیەکانی باکوری کوردستان کاردانەوەی ئەردۆغانە لەسەر ئەو شکستانەی رووبەرووی بۆتەوە.

شێخ سدیق ئەحمەد بەرپرسی حزبی شیوعی کوردستان-لە کەرکوک دەربارەی لەسەرکارلابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراتی بووە  ئیستاش حکومەتەکەی ئەردۆغان ئەو سەرۆک شارەوانیانەی لابردووە لە پۆستەکانیان ئەمەش پەک خستنی دیموکراسیە و پاشە کشەیە پرۆسەی دیموکراسی و پاشەکشەیە لە دانی مافی نەتەوەیی کورد و دورخستنەوەیان لە بەرێوەبردن."

هەروها دەربارەی هەڵوێستی حزبی شیوعی لەم بریارەی تورکیا دژی هەدەپە، شێخ سدیق ئەحمەد ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو حزبی شیوعی ئیدانەی لە کار لابردنی سەرۆک شارەوانیە کوردەکانی باکور دەکەین و دژی ئەم بریارە دەوستینەوە ، هەر سەرۆک شارەوانیەک بە دەنگی گەل هەڵبژێردڕابێ مافی خۆیەتی شارەوانیەکە بەرێوەبەرێ."

ئەو بریارەی ئاکەپە و ئەردۆغان دژی پرۆسەی دیموکراتیە

مامۆستا محەمەد نەسرەدین سکرتێری مەکۆی کەرکوک-ی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی لەکار لابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان کە بزوتنەوەیەکی جەماوەرین هەمیشە باوەرمان بەوە بووە کە بە ڕێگای دەنگدان و لەرێگای خەلکەوە بتوانین گۆڕانکاری و خزمەت بە خەلک بکەین دژی هەر بریار و هەنگاوێکین کە دژی ئیرادەی خەلک و پرۆسەی دەنگدان بێت، ئەوەی ئەمرۆ ئاکەپە و ئەردۆغان دەیکەن دژی ئیرادەی گەلی کوردستانە لە باکور، ئەو بریارەی ئاکەپە و ئەردۆگان دژی پرۆسەی دیموکراتیە کە تیدا سەرۆک شارەوانیەکان هەڵبژێردراون."

لابردنی سەرۆک شارەوانیەکان بارودۆخی تورکیا ئالۆزتر دەکات

هەروەها محەمەد نەسدەین ووتیشی: "ئەم بریارەی حکومەتەکەی ئاکەپە بە لابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیان ناکات لە تورکیا بەلکو بارودۆخی تورکیا ئالۆزتر دەکات."

لەکۆتایدا دەربارەی هەڵوێستی حزبەکەی مامۆستا محەمەد نەسرەدین ووتی: "ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان هەردەم لەگەل دیموکراسی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەل بووینە ، هەر هەنگاوێک ئاکەپە و ئەردۆگان بیکەن دژی ئیرادەی گەل و نوێنەرانی گەل کە لە پرۆسەیەکی دیموکراتی ‌هەلبژێردراون ئێمە بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە و دژی دەوەستینەوە."

ئەو هێرشانەی ئیستا دەکرێت کاردانەوەی ئەردۆغانە لەسەر ئەو شکستانەی رووبەرووی بۆتەوە

ئارام کەرکوکی ئەندامی دەستەی بەریوبەری بەرەی دیموکراتی گەل وبەرپرسی لقی حزبەکە لە شاری کەرکوک دەربارەی لەکار لابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە وەکو بەرەی دیموکراتی گەل بەتوندی ئیدانەی ئەو کودەتا سیاسیەی حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆگان دەکەین دژی سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپە، ئەو هێرشانەی ئیستا دەکرێتە سەر سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان ، ئەمەش کاردانەوەی ئەردۆگانە لەسەر ئەو شکستانەی رووبەرووی بۆتەوە چ لە رۆژئاوای کوردستان کە ئامانجەکانی نەهاتە دی و لە ئۆپراسێونی چنگ لە باشوری کوردستانیش شکستی هێنا ئیستاش ئەردۆگان شەری کورد لەناوخۆی تورکیا دەکات، هەمیشە دەنگی کورد لەکوێ هەبێ ئەردۆگان هەوڵی کپ کردنی دەدات."

ئەردۆغان دەیەوێت هەموو کێشەکان بەشەر چارەسەر بکات

هەروەها ئارام کەرکوکی ووتیشی: " ئەو دەستپێشخەریەی بەرێز ئۆجەلان کردی بۆ ئاشتی و چارەسەر کردنی کێشەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە لە جێگای ئەوەی ئەردۆگان هەوڵی ئاشتی بدات بەلام بەم هەنگاوانەی ئەوەی دووپات کردوە کە ئەردۆغان دەیەوێت هەموو کێشەکان بەشەر چارەسەر بکات."

ئەردۆغان دەیەوێت دوڵەتی عوسمانی کۆن بە بەرگێکی نۆێ زیندووبکاتەوە

لە کۆتایدا ئارام کەرکوکی ڕایگەیاند کە: "سیاسەتەکانی ئەردۆغان هەمان سیاسەتی رژێمی سەدام حوسێنە لە بەرامبەر کورد و بەهەمان شێوە دەستوەردەدات لە کاروباری ووڵاتانی دەوروبەر و هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکە فراوان بکاتەوە و دوڵەتی عوسمانی کۆن بە بەرگێکی نۆێ زیندووبکاتەوە."

ک-ش