ڕێکخراوی سوسیالیستی ڕەش لە ئەمریکا سوپاسی گەلی کوردی کرد

دوای ئەوەی هاوڵاتیانی کورد لە سەرتاسەری جیهان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا نیشاندا، ڕێکخراوی سوسیالیستی ڕەش لە ئەمریکا بە تویتێک سوپاسی گەلی کوردی کرد.

لە ماوەی ڕابردودا گرتە ڤیدیۆیەک کە لە ویلایەتێکی ئەمریکا تۆمارکرابوو بڵاوکرایەوە کە تیایدا کەسێک لە ژێر ئەژنۆی پۆلیسێک بێ ڕەحمانە گیان لە دەست ئەدات، ئەمەش توڕەیی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و ئەو کردەوەیەیان بە کارێکی ڕەگەزپەرستی پێناسە کرد، ئەوەش بووە مایەی نیگەرانی هاوڵاتیانی ئەمریکا و تەواوی جیهان لە دژی ئەو کردەوەیە وەستانەوە.

لە وڵامی ئەو کردەوەیە گەلی ئەمریکا چالاکی یەک ملیۆنیان ئەنجامدا و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، زۆربەی ئەو چالاکیانەش بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی (black socialists in America) بەڕێوە چوو. گەلی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیا جیهانیەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئەمریکا نیشاندا و ئەو کردەوە قێزەونەی پۆلیسی ئەمریکایان شەرمەزار کرد.

لەبەرامبەر ئەو پاڵپشتیەی گەلی کورد بۆ خۆپیشاندەرانی ئەمەریکا، ڕێکخراوی سوسیالیستی ڕەش لە ئەمریکا سوپاسی هەڵوێستی گەلی کوردی کرد و پێیان وابوو گەلی کورد و گەلی ڕەش پێست ئەتوانن لە یەکتری تێبگەن، هاوکار و هەماهەنگ بن لە شەڕکردن بۆ ئازادی.

ز.ش