کودەتایەکى بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراو

دەوڵەت و دەسەڵاتی نەژادپەرەست – ئایینپەرەست خۆی لەسەر بنەمای تەکپەرەستی راگرتووە و لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٥ەوە بە  بەردەوامی کودەتا ئەنجام دەدات. ملهوڕی و زۆردارییەکانیان لە داسەپاندنی قەیومەوە تاوەکو دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران بەردەوامیی هەیە.

هاوسەرۆکانى هەدەپە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا "بەرنامەى هەڵوێستی دیموکراتیک"یان ئاشکرا کردبوو و داوایان لە کۆمەڵگەى تورکیا کردبوو "تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوانە" ئەنجام بدەن. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانتاریی پەرلەمانتارانی هەدەپە لەیلا گیوڤەن و موسا فاریس ئۆگیولاری وەڵامی ئەو داوایەیان دایەوە. بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانتاریی پەرلەمانتارێکى جەهەپەش پەیامی "زیادەڕەوی مەکە"یان بە جەهەپە دا. سیاسەتی سەردانەواندن و پاکتاوی سیاسیی لە کەسایەتیی هەدەپەدا بەڕێوەدەبرێت و ئەو شێوازەش لە سیاسەت بووەتە سەرچاوەى بنەڕەتیی بەردەوامیدانی ئەو دەسەڵاتە.

کودەتای قەیوم

ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە ناوی "ئۆپراسیۆنی کەجەکە"ەوە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبات و لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس دەستگیرکراوان و زیندانیکراون. هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا بە بەدەستهێنانی ڕێژەى ١٣.٢ی دەنگەکان ئاکەپەى لەوە خست، کە بەتەنها خۆی بتوانێت لە دەسەڵاتدا بێت و بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت. ئەوە بووە هۆی ئەوە کە ئاکەپە سەرلەنوێ بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بدات. ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە لە ١ی تشرینی دووەەمی ٢٠١٥ لە کەشى شەڕ لە دژی کوردان و کۆمەڵکوژییە داسەپێنراوەکان بەسەر کورددا بەڕێوەچوو. هەدەپە لەو هەڵبژاردنەدا بەربەرستی هەڵبژاردنی تێپەڕاند وئاکەپەش لە دەسەڵاتدا مایەوە، بەڵام بە تەنها نا و بە هاوبەشەوە.

دەسەڵات دواى شەڕیی ناوخۆیی لە ناو دەسەڵات و دەوڵەتدا لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦دا بە پاساوی دۆخی نائاسایی، باری نائاسایی لە  ٢٠ی تەمموزدا راگەیاند. بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا تیادا سەرکەوتو نەبوو دەستی بە داسەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا کرد. داسەپاندنی قەیوم لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ەوە دەستیپێکرد و ئەوەش بووە گەورەترین کودەتا لە دژی دەستکەوتەکان و سەرکەوتنەکانى کوردان لە ناوچەکانەکانی خۆیان و لە شارەوانییەکاندا. قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی دەبەپەدا داسەپێنران. لەو چوارچێوەیەدا دەستگیرکرا بەسەر ٣ شارەوانیی گەورە شار، ١٠ شار، ٦٣ قەزا و ٢٢ ناوچە و بە گشتی ٩٥ شارەوانیی دەبەپەیان زەوتکرد. لە بریی هاوسەرۆک شارەوانییەکان کارمەندانی دەوڵەت خرانە سەرکار و داسەپێنران. هاوکات لەگەڵ داسەپاندنی قەیومەکاندا نزیکەى ١٥ هەزار کرێکار و فەرمانبەری کورد لە شارەوانییەکان و نزیکەى ٣٠٠ کوێخا و ئەنجوومەن لەسەر کارەکانیان دوورخرانەوە. ٩٣ هاوسەرۆک شارەوانی و سەدان ئەندامی ئەنجوومەنى شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنى گشتیی شارەکان دەستگیر و زیندانیکران. سزای زیندانیی درێژخایەن بەسەر ١٥ هاوسەرۆک شارەوانیدا سەپێنرا.

کودەتای ٤ی تشرینی دووەم

هەر دواى هەڵبژاردن راستەوخۆ بابەتی هەڵوەشاندنەوەى مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتارانی هەدەپە خرایە رۆژەڤەوە. ئاکەپە لە ١٢ی نیسانی ٢٠١٦دا بۆ کۆتایهێنان بە مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران پرۆژە پێشنیازێکی ئامادە کرد. کەمال قلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە ١٣ی نیسانی ٢٠١٦دا وتی "ئەوە لە دژی دەستووری بنەڕەتییە، بەڵام بەڵێ". ئەو کارە بەو شێوەیە لەلایەن هەندێک لایەنەوە رەوایی پێدرا. لە دەنگدانی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٦ لە ناو پەرلەمانی تورکیادا مافی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە سەندرایەوە. شەوی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ هاوسەرۆکانی هەدەپە فیگەن یوکسەک داغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و ٧ پەرلەمانتاری تری هەدەپە و دواتریش ١٢ پەرلەمانتاری تری هەدەپە دیلکران. هەر لەو قۆناغەدا نزیکەى ١٠ هەزار هەدەپەیی دەستگیرکران و سەدانجار هەڵکوترایە سەر بارەگاکانى هەدەپە. هەدەپە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٩دا راپۆرتێکى لەسەر کردەوەکانى قەیومەکان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قەیوم بەپێی ئامارەکان و زانیارییەکان و بە کردەوەکانى خۆیان هێرشن لە دژی تێگەیشتن و عەقڵییەتى خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی و ئازادیپارێز، دیموکراتیک – ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزیی ژنان، کە لەلایەن گەلی کوردەوە خوڵقێنراوە.

٣١ی ئادار و قۆناغی دواى ئەوە

هەڵبژاردنی شارەونییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ لە کەشێکى ئاڵۆز و ناسەقامگیر و بە سیاسیکراودا بەڕێوەچوو. لەلایەکەوە هەموو زیندانییەکان لە مانگرتندا بوون و مانگرتنی سەدان کەس بەردەوام بوو، لەلایەکی ترەوە قەیرانی ئابووری، هەوڵەکان بۆ شەڕکردن تاوەکو هەڵبژاردن لە کەشێکى قورس و دژواردا بەڕێوەبچێت لە گۆڕێدا بوو. هاوکات دەسەڵات هەموو ئامڕاز و کەرەستە ئایدۆلۆژییەکانى خۆی و پلانەکانى شەڕی تایبەتی بە شێوەیەکى ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە دژی گەلی کورد خستبووە کار.

هەڵبژادرنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداردا بە بەشداربوونێکى زۆری دەنگدەران بەڕێوەچوو. سەرباری هەموو ساختەکاری و فرتوفێڵەکان، گوشار و ملهوڕییەکان، هەدەپە توانیی ٣ گەورە شار، ٥ شار، ٤٥ قەزا و ١٢ ناوچە و بە گشتی ٦٢ شارەوانی بباتەوە. بەوەش هەزار و ٢٣٠ کەس بۆ ئەندامی ئەنجوومەنى شارەوانییەکان و ١٠١ ئەندامی ئەنجوومەنى گشتیی شارەوانییەکان لەسەر لیستی هەدەپە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردران.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا هەفتەیەک دواى هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار بە پاساوی ئەوەى بەپێی بڕیارى باری نائاسایی لەسەر کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵگەى دەستبەکاربوونی بە ٦ هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپە و ئەندامانی ئەنجوومەنى ئەو شارەوانییانە نەدا. لەو چوارچێوەیەدا بەڵگەى دەستبەکاربوونیان نەدا بە هاوسەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە لە رەزان، توشبا، ئارتەمێنت، چاڵدران، تەکمان و داغپنار. ئەو شارەوانییانەى هەدەپە رادەستی ئاکەپە کران.

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ رێگری لە ٢٦ شارەوانیی هەدەپە کرا، کە گەورە شارەوانییەکانی ئامەد و مێردینیشیان لە ناودا بوو، پۆلیس بازگە و خاڵی پشکنینی لە دەوری بینای شارەوانییەکان دانا.

ئەندامبوونی ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى هەدەپە یەک لە دواى یەک هەڵوەشێنرانەوە.

بۆ نمونە و وەک ئەوەى لە باخچەى منداڵانی شارەوانیی پیاس دا بینرا، هەڵیانکوتایە سەر دەزگا و رێکخراوە هاوشێوەکانى شارەوانییەکان و بە شێوەیەکى نایاسایی دەستیان بەسەردا گرتن.

بۆ نمونە وەک هێرشی جەستەیی بۆ سەر شارەوانیی گیادینی هەدەپە، هێرشی توندوتیژانە و پەلاماردانی نوێنەرە هەڵبژێردراەکانى گەل زیادیانکرد.

هەنگاو بە هەنگاو دەستکرا بە دژایەتیکردنی هاوسەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەى گشتیی هەدەپە و یەک بە یەک دەستگیرکران و زیندانیکران. ئەو دۆخە تاوەکو ئێستاش بە بەرفراوانى بەردەوامیی هەیە.  

کردەوە خراپەکانى قەیوم لە دوای ١٩ی ئاب

کردەوە خراپ و میزاجییەکانى قەیومە داسەپاوەکان دواى ١٩ی ئاب بووە رۆژەڤ. دواى ئەوەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتی، دەوڵەت شان ناداتە بەرچارەسەری و شەڕی بۆ خۆی کردووەتە بنەما، تەنها دواى رۆژێک لەو وتەیە، لە ٣ گەورە شاردا قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا داسەپێنرا.  وەزارەتی ناوخۆیش لە راگەیاندراوێکدا وتی، نزیکەى ٥٠٠ کەس لە ٢٩ شاردا دەستگیرکراون. سەرلەبەیانی دەرگای شارەوانییەکانیان شکاند و بازگەى پۆلیس و ئەو دیوارە کۆنکرێتییانە، کە دواى هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار لابران، سەرلەنوێ دانرانەوە. هاوکات ئینتەرنێتى ئەو ٣ شارە پێکەوە بڕدرا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخران.

چالاکییەکانیش قەدەغە کران

دواى ئەوەى قەیوم بەسەر ئەو ٣ گەورە شارەدا سەپێنران گەل چالاکیی ناڕەزایەتیی بەرفراوانیان ئەنجامدا. چالاکییەکان وەرسوڕان بۆ ناڕەزایەتیی تەواو و هەموو رۆژێک لە شوێنى دیاریکراودا چالاکییەکان بەڕیوەدەچوون و ناویان نا "ئێشکگریی دیموکراسی". دەسەڵاتی ئاکەپە ئەو چالاکییانەى پێ تەحەمول نەکرا و رێگای بە بەردەوامیی خۆپیشاندان و چالاکییەکان نەدا. بۆیە دەستیکرد بە دەستگیرکردنی چالاکوان و خۆپیشاندەران و لە ماوەى ١٨ رۆژی سەرەتای چالاکییەکاندا ٦٠٠ کەسی دەستگیرکرد. سەرباری ئەو گوشار و توندوتیژییانەى دەسەڵاتیش چالاکییەکان لەو ٣ گەورە شارەدا بۆ ماوەى ٥٣ بەردەوامییان هەبوو. کاتێک هێرش و دەستگیرکردنیش نەیتوانی رێگری لە بەردەوامیی چالاکییەکان بکات پارێزگارەکانى دەوڵەتى تورک بڕیاری قەدەغەکردنی تەواوەتیی چالاکییەکانى "ئێشکگریی دیموکراسی"یان دەرکرد و هەموو چالاکییەکانیان قەدەغە کرد.

پەتای جیهانیی کۆرۆنایش رێگریی لێنەکردن

بەو شێوەیە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و داسەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ەوە دەستیان پێکردەوە. دواى ئەوەی کە پەتای جیهانیی کۆرۆناش بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە و ژیان و هاتوچۆ و کار لە زۆربەى وڵاتانی جیهان راگیران و هەموان لە بیری خۆپارێزی بەرامبەر ئەو پەتایە بوون، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەبێ گوێدانە ئەو پەتا جیهانییەش بەردەوامبوو لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوان و داسەپاندنی قەیوم و لە ماوەى ئەو پەتا جیهانییەدا تاوەکو ئێستا دەستی بەسەر ١٣ شارەوانیی تری هەدەپەدا گرت و قەیومی بەسەر شارەوانییەکاندا داسەپاند. لەم دواییەدا هاوسەرۆک شارەوانییەکانی ئیدر یاشار ئاککوش و ئەیلەم چەلیک، هاوسەرۆک شارەوانییەکانى سێرت بێریڤان هێلین ئیشک و دارا تورهان، هاوسەرۆک شارەوانییەکانى مسرجێ باران ئاکگیول و ئەسمەر باران، هاوسەرۆک شارەوانیى هاوێل رەمەزان سارسیلماز و هاوسەرۆک شارەوانیی ڤارتینس جاسم بوداک دەستگیرکران. بینای ٥ شارەوانی گەمارۆدان و قەیومیان بەسەریاندا داسەپێنرا.

لە ٦٥ شارەوانیی هەدەپە تەنها ١٢ شارەوانییان ماوە

لەو ٦٥ شارەوانییەى هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا بە دەنگی گەل بەدەستهێنابوون قەیوم بەسەر ٤٥ یاندا سەپێنراوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ٦ شارەوانیشیان هەڵوەشانددووەتەوە و بەڵگەى دەستبەکاربوونیان بە هاوسەرۆک شارەوانییە براوەکان نەدا، ٢ هاوسەرۆک شارەوانیش لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە. ئێستا لەو ٦٥ شارەوانییە تەنها ١٢ شارەوانییان لە دەستی هەدەپەدا ماون. لە ناو شارەوانیی شارەکان، واتە ئەو شارانەی ناوەندی پارێزگان تەنها شارەوانی قەرس بە دەستی هەدەپەوە ماوە و دەستی بەسەر ئەوانی تریدا گیراوە. ٢٨ هاوسەرۆک شارەوانیش خرانە ژێر لێکۆڵینەوە و دادگایکردن. ٢١ هاوسەرۆک شارەوانیش زیندانی و دیلکرد.

٣٥٠ سکاڵا بۆ لێسەندنەوەى پارێز بەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە

لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تاوەکو ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠ دا ٣٤٦ سکاڵا بۆ لێسەندنەوەى مافی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران ئامادە کراون و پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراون. لەو ژمارەیە ٣٢٠ سکاڵایان لە دژی پەرلەمانتارەکانی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)یە.  لە ١١ی ئادار و لە کاتی دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا لە تورکیا و لەو کاتەوە تاوەکو ئیستا سکاڵایەکى تریش لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە براوەتە پەرلەمانى تورکیا. دوایین سکاڵاش لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٠ دا لە دژی ١٩ پەرلەمانتاری هەدەپە تۆمار کراون و رادەستی پەرلەمان کراون، کە ناوی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە، ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپەیان لە ناودایە. ٣١ سکاڵایان لەو چوارچێوەیەدا پێشکەشی پەرلەمان کردووە.

بە ئاماژەى باخچەلی ٤ی حوزەیران دەستیپێکرد

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ خۆیان بە هەل و دەرفەت زانی و بەکاریانهێنا. لەو چوارچێوەیەدا باخچەلی لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٠دا وتبووی "بۆ ئەوەى هەوری گێژاو و مۆتەکەى سەر ژیانی سیاسی بڵاوەی پێ کرێت، دەبێت وەڵامی چاوەڕوانییەکانی پەیوەندیدار بە کۆتایهێنان بە مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتارەکان بدرێتەوە و کۆتایی بە مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتارەکان بهێنرێت".

ئاکەپە وەڵامی ئەرێنی و باشی بەو لێدوانەى باخچەلی دایەوە. دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی ئاکەپە لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوونەوە. رۆژێک دواى ئەوە کۆبوونەوەیە لاپەڕەیەکى تر بە مێژووی سیاسیی تورکیا زیادیکرد و ئەویش ئەوە بوو، کە دەکرێت وەک کودەتا پێناسە بکرێت. لەو چوارچێوەدا رۆژی ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ مافی پاریزبەندیی پەرلەمانتارانی هەدەپە لەیلا گیوڤەن و موسا فاریس ئۆگیولاری و پەرلەمانتارێکى جەهەپە بە ناوی ئەنیس بەربەر ئۆغڵو هەڵوەشێنرانەوە.

قۆناغی دیلکردن

موسا فاریس ئۆگیولای پەرلمانتاری هەدەپەى ئامەد ئێوارەی دوێنێ و لە کاتێکدا لە ئامەدەوە دەچوو بۆ ئەنقەرە لەسەر رێگای رحا لە بنکەى سەربازیی پیرینچلیک دەستگیرکرا. بۆ پشکنینی تەندروستی رەوانەى نەخۆشخانەیان کرد و دواتر بردیان بۆ لقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد و زیندانییانکرد.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ هەر ئێوارەی دوێنێ لەلایەن ژمارەیەکى زۆر لە پۆلیسەوە لە ماڵەکەى خۆیدا دەستگیرکرا. گیوڤەن بەهۆی ئەوەى گوایە ٢ مانگ لە ماوەى زیندانیکردنەکەى ماوە دەستگیرکراوە و دواى پشکنینی تەندروستی رەوانەى دادگای ئامەدیان کرد و زیندانیکرا.

دەستەى بەرێوەبەریی ناوەندیی هەدەپە لەو بارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە دژی ئەو هێرشانە، ئێمە هەوڵەکانمان بۆ ئافراندنی داهاتوویەکى دیموکراتیک لە تورکیا درێژە پێدەدەین. ئەو هێرشانە تەنها پێداگری و خواستی ئێمە بۆ تێکۆشان گەورەتر و بەهێزتر دەکات. بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشکارییە بۆ سەرمان ناتوانێت ئێمە لە سەنگەری دیموکراتیک دوور بخاتەوە. ئێمە سەرمان دانەنەواند، بە دڵنیایەوە سەریش دانانەوێنین. کودەتا چییەکان دەبێت بڕۆن، ئەوە ئێمەین کە دەمێنینەوە!".

****

* بۆ ئەم راپۆرتە سوود لە راپۆرتەکانى ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA)، ژن نیوز (JINNEWS)، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) و پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە - HDP) وەرگیراوە.

ژ.ت