کۆنفرانسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەوروپا: دەبێت پەکەکە لە لیستەکە دەربهێنرێت

لە پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر داگیرکەریی لەدژی ڕۆژئاوا کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو. دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی گالبرتیتە وتی: "دەبێت ئیتر بە چاوی تیرۆر سەیری پەکەکە نەکەین".

دانیشتنی کۆتایی کۆنفرانسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەورۆپا لەسەر بابەتی 'بەرپرسیارکردنی دەوڵەتی تورک' بوو.

ئەلفۆنسی: تورکیا کەوتووەتە قۆناغێکی دیکتاتۆرییەوە

پەرلەمانتاری پارتی سەوز فرانچۆیس ئالفۆنسی دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و وتی: "دۆزی کورد تا ئێستا پشتگوێ خراوە. دەبێت ئەوروپا تێبگات لەوەی کە تورکیا کەوتووەتە قۆناغێکی دیکتاتۆرییەوە. ئەردۆغان لە ناوخۆ زۆر لاواز بووە. ئێمە ئەمرۆ لاپەڕەیەک دەنووسین، بەڵام تا سەربەرزی کورد زۆر لاپەڕەی دیکە دەنووسرێنەوە".

دیپلۆماتی پێشوو و ڕاوێژکاری سیاسی پیتەر گالبرایتەر-ش وتی: "منیش لەو باوەڕەدام کە لە سنوورەکانی ئەردۆغان تیرۆریزم هەیە. لە هەرێمی کوردەکانەوە بەرەو تورکیاوە هیچ هێرشێک نەکرا. دەبێت ئێمە قبولی بکەین کە چەندین تیرۆریست لەو سنوورەدا تیپەڕین. ئەو کەسانە لە تورکیا پەڕیونەتەوە بۆ سووریا، لەدژی کورد شەڕیان کرد. هەموویان لە تورکیاوە دەهاتن".

گالبریتە ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوترێت کورد جگە لە چیاکان دۆستی دیکەیان نییە، بەڵام دۆستیان زۆرن. گالبرایتە وتی: ئیتر پێویستە بە چاوی تیرۆر سەیری پەکەکە نەکەین. پەکەکە راپەڕینێکە. ئەگەر پەکەکە ئۆپەراسیۆنەکانی لە تورکیا بوەستێنێت و لە تورکیا دانووستانی ئاشتی دەستپێبکات، دەبێت لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت".

دەرار: ئەردۆغان یارمەتیدەری داعشە

ریاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) باسی پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەلاتی سوریای کرد و وتی: "ئەو پرۆژەیە بەناوی برایەتی و بەناوی یەکێتی دروست کرا. کورد ئاڵایان هەڵگرت و ئەو خاکانەی لەدەستی داعشدا بوون، ڕزگاریان کرد. بەڵام تورکیا خیانەتی کرد. ئەردۆغان یارمەتی داعشی دا. ئەردۆغان دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تێڕوانینی عوسمانییەوە کۆنترۆلی ناوچەکە بکات. دەبێت تورکیا دانووستان لەگەڵ ئێمە قەبوڵ بکات. دەبێت ڕژێمی شامیش بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک دانووستان لەگەڵ ئێمەدا بکات. ئێمە سیستمێکی ناوەند دیموکراتیکی سەپاندنی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەرمان دەوێت. دەبێت ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان پشتیوانی خۆبەڕێوەبەری و قۆناغی بە دیموکراتبوون و خاوەنداری لە ئەرکی خۆی بکات. تێڕوانینمان بۆ سوریا بە شێوەیەکی ئازاد و ئاشتیانەیە".

لە عەفرین پاکتاوی نەژادی ئەنجامدرا

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی عەفرین شیراز حەمۆ باسی سیستمی پێش داگیرکردنی عەفرینی کرد و وتی: "ئەو خۆبەڕێوەبەرییە سەرۆک کۆماری تورکی بێزار کرد. تورکیا لە عەفرین وێرانکاریی ئەنجامدا و ئەوەشی بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد. ئەو هێزانەی لە عەفرین کوژران هەر ئەو هێزانە بوون لەدژی داعش تێدەکۆشان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش چەپڵەی بۆ لێدەدان".

حەمۆ ڕاشیگەیاند، دەوڵەتی تورک لە عەفرین پاکتاوی نەژادی ئەنجام داوە و ئاماری ڕفاندن، تیرۆر کردن، ئەشکەنجەدان، کۆچپێکردنی بەزۆر و تاڵانی ڕاگەیاند. حەمۆ وتی کە لەدژی دیکتاتۆری بەرخۆدانێک بەڕێوەدەچێت و دەبێت پشتگیریی ئەو بەرخۆدانە بکرێت.

رۆژنامەنووس جۆناتان سپیەر سیاسەتەکانی ڕووسیا و تورکیا و باکور-رۆژهەڵاتی سوریای هەلسەنگاند و وتی: "کاتێک مرۆڤ سەیری هەڵوێستی ڕووسیا دەکات، پشتگیرییەکەی بۆ ڕژێم بۆ هەرێمێکی بەرفراوانە لە بەرژەوەندیی خۆیدا. تورکیا بۆ ئەوەی لەگەل ڕووسیا باش بێت خاوەن بەرژەوەندییە. ڕووسیا وەڵامی بەشێک لە داواکارییەکانی ئەکترەکانی دیکە و کورد دەداتەوە. ئەردۆغان بە سیاسەتەکانی خۆی لە ڕۆژئاوا دوور کەوتووەتەوە و ڕووسیاش لەو چوارچێوەیەدا تورکیای لەخۆی نزیک کردوەتەوە".

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیش لە کۆنفرانسەکە قسەی کرد و باسی لە بارودۆخی ناوچەکە کرد.