گەنجێکی کورد لەبەرئەوەی نەیویست بچێتە لیبیا کوژرا

لە ناوچەی مابەتای عەفرین کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، گەنجێکی کورد بەهۆی ئەوەی نەیویست بچێتە لیبیا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین – سوریا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی دوێنێ لە گوندی میرکانی ناوچەی مابەتای کانتۆنی عەفرین کە داگیرکراوە، تەرمی گەنجێک بەناوی محەمەد مستەفا یوسف کە تەمەنی ١٨ ساڵە لە نزیک ماڵەکەی بە دارگوێزێکەوە بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوەکە، خانەوادەی محەمەد مستەفا پێشتر بە ناچاری لە گوندی ‌حەج قاسمەوە بەرەو گوندی میرکان بەهۆی فشاری چەتەکانی لیوا سەمەرقەندەوە کۆچیان کردبوو.

بە پێی زانیاریەکان محەمەد مستەفا نەیویستووە لەگەڵ کەسێکی تر بە ناوی عەبدۆ شێخ کە خەڵکی گوندی ڕۆتایە بچنە لیبیا و لەگەڵ حکومەتی ویفاق بە پشتگیری تورکیا شەڕی لیبیا بکەن.

ف.ق