ھەڵمەتی ژنان لە دژی داگیرکەری: بە دەنگ و ھێزی ژنان دەشکێنین داگیرکەران

گروپی هەڵمەتى ژنان لە دژی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و داواى بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەریی دەوڵەتى تورکیان کرد لە سەرتاسەری باشووری کوردستان.

گروپى هەڵمەتى ژنان لە دژی داگیرکەری رایانگەیاندووە، پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بڕیاری چوونەدەرەوەى سوپای تورکی داگیرکەری  دەرکردووە، بۆیە دەبێت بە خێرایى ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت.

داوا لە ژنانی ناو هەموو حیزبەکان، رێکخراوەکان،و پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسییەکان، حکومەتى هەرێم و عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن لە دژی ئەو داگیرکەری و کوشتارەى دەوڵەتى تورک بێدەنگ نەبن، چونکە بێدەنگی بەشداریکردنە لەو تاوان و داگیرکەرییانەى دەوڵەتى  تورک دا.

دەقی راگەیاندراوى گروپى هەڵمەتى ژنانی لە دژی داگیرکەر

 بەدەنگ و ھێزی ژنان دەشکێنین داگیرکەران

لەسەرناوی  ھەڵمەتی  ژنان لەدژی داگیرکەری تورکیا. تەواوی ھێرشەکانی سەرخاکی باشوری کوردستان بەتایبەتی ھێرشی  سەر کەرکوک و خواکورک  و  داگیرکردنی وڵاتەکەمان و وێرانکردنی گوندەکانمان و بۆردوومانکردنی خەڵکی گوندنشین لەلایەن سوپای تورکیای فاشیستەوە رسواو شەرمەزاردەکەین. سەرخۆشی لەھەموو خانەوادەی قوربانیان دەکەین و ھیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

وەک ھەموولایەک ئاگادارە  دەوڵەتی تورکیا  نزیکەی ١٠٠ ساڵ زیاترە وەک دوژمنێکی ستراتیژیی گەلی کورد بەردەوام داگیرکاری زۆر قوڵ و بەرفراوان لەسەر تەواوی کوردستان بەرێوە دەبات.

 دەوڵەتی تورکیا جگە لەداگیرکردنی باکوری کوردستان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵکوژی و سیاسەتی نکۆڵیکردن. بەردەوام ھەوڵی داگیرکردنی باشوری کوردستان و رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی داوە.

ھێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی عەفرین و جەرابلوس وھاوپەیمانێتیان لەگەڵ داعش و پشگیری تەواوەتیان لەسەر ھێرشکردنە سەر رۆژئاواوی کوردستان و  باکوری سوریا . ھاوکاریکردنی داعش لەکۆمەڵکوژییەکانی سەر شەنگال و جێگیرکردنی ھێز لە بەعشیقا و ھێرش و تۆپباران بۆ سەر چیاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان گوزارەی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیایە.

دیسان  لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە  بەردەوام سوپا و سەربازەکانی و دەزگای سیخوڕی و ھەواڵگریی جێگیر دەکات لە باشوری کوردستاندا. داگیرکارییە سەربازی و ئابووری و کولتوریەکانیان  لەسەر باشوری کوردستان  لە ئاستێکی زۆرمەترسیداردایە.

سەرەڕای ھەبوونی ٢٠ بنکە و بارەگای  سەربازی دەوڵەتی تورکیا لەباشوری کوردستان ، ماوەی ساڵێک  و سێ مانگ دەبێت بەردەوام  ھێرشی زەمینی و ھەوای دەکاتە سەر ھەرێمەکانی خواکورک و خنێرە و لێلکان و شێخزادە ، کە ئەمانە ھەمووی ھەرێمی برادۆستیان پێ دەگووترێت.

 لە ئەنجامی ئەم ھێرشانەدا لەلایەک زۆرترین ھێزی سەربازی ھاتووەتە ھەرێمەکە و لەلایەکی ترەوە بەردەوام تۆپبارانی ئەم ناوچانە دەکرێت، جگە لە زیانی گیانی، گوندنشینان روبەروی زۆرترین زیانی ماڵی بوونەتەوە.

 بێگوومان ئەم ھێرشانە مێژووەکەی کۆنە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە ھەتا رۆژی ئەمڕۆ ئەم ھێرشانە بەردەوامە و لە ١٥-٨-٢٠٠٠دا لە گوندی کەندەکۆڵ و لە  ئەنجامی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ٥٤ کەس بوونە قوربانی، کە زۆربەی زۆریان منداڵ بوون.

لە گوندەکانی بناری قەندیل بەدەیان ھاوڵاتی بەژن و منداڵەوە بەدەیان کەس بوونە قوربانی لە قوربانیەکانی گوندی زارگەلێ  و لێوژێ و کورتەک و بۆڵێ و ئێنزێ و خۆبیان و باڵەکایەتی، (دیسان لە ئەنجامی تۆپارانەکانیان لە ھەرێمی بەھدینان بەتایبەتی لەسنوری شێڵادزێ و ئامێدی و ئاکرێ وزاخۆ و دھۆک و لە ئەنجامدا شەھیدکردنی بە دەیان ھاوڵاتی لەو ھەرێمانەدا.

بەڵام جێگەی شانازیە خەڵکی شێلادزێ بەراپەرینی جەماوەری  سەربازانی تورکیان دەرکرد و زۆرترین بنکەی سەربازیان پێ چوڵ کردن.

 ئێستاش ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چۆڵکردنی گوندەکانی ھەرێمی برادۆست و  جێگیرکردنی بنکە و بارەگای سەربازییە لەم ھەرێمانەدا.

لە ساڵی پاردا بەئاشکرا ھاتنی سەربازی تورک بۆ ناو گوندی بەرمیزە و ھەوڵدانیان بۆ بە تورک کردن و داسەپاندنی جاشایەتی و نۆکەرایەتی لەسەر خەڵکی گووند  پەڵەیەکی تری رەشە بە ناوچەوانی حوکمەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ھێزی دەسەڵاتدار لەو ھەرێمەدا کە ھاوکاربوون .

 ئاشکرایە ئەم ھێرشانە  داگیرکەرییەکی قوڵ و مەترسیدارە. لەھەمانکاتدا  ھێرشەکانی سەر شاری کەرکوک و ھاتنی سەربازی تورکیا بۆ ناوشاری کەرکوک و جێگیرکردنی دام و دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیا لە شارەکە و ھاندانی زھنیەتی نەتەوەپەرستی لە نێوان دانیشتوانی شارەکەدا و سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران و ئەنجامدانی تەقینەوە لە شارەکەدا.

ئەمانەھەمووی  نیشانەی بەڕێوەبردنی داگیرکەرییەکی قوڵن لەسەر ھەموو باشوری کوردستان و ئێمە وەک گروپی ھەڵمەتی ژنان لەدژی داگیرکەری  بەدروشمی "نا بۆ داگیرکەری، نا بۆ دەستێوەردانی کەرکوک، بژی بەرخودان" دەستمان بەم ھەڵمەتە کردووە و  ناڕەزایی خۆمان دەردەبرین و بەھیچ جۆرێک داگیرکەری پەسەند ناکەین.

ھەموومان دەزانین گەلەکەمان خاوەنی زۆرترین قوربانییە لە بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر رژێمی بەعس و ئێستاش نابێت رێگە بدەین لەلایەن بەعسێکی ترەوە  داگیر بکرێت.

ئێمە وەک ژنان پشتگیریی بەرخودانی گەل و گەریلا و شۆڕشگێران دەکەین و ھاتوین  بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە ژنان و منداڵانی ئاوارە و زیان لێکەوتوانی ھێرشەکان.

 داوا دەکەین :

١- بەزووترین کات سوپای تورکیا بچێتە دەرەوەی باشوری کوردستان. لە خولی سێھەمی پەرلەماندا، پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا تەواوی سوپای داگیرکەری کوردستان لە باشوری کوردستان دەربکەوێت، بەتایبەتی سوپای تورکیا. پێویستە بە زووترین کات حوکمەت ئەم بڕیارە بخاتە واری کرداریەوە.

٢- لە پێناوی پوچەڵکردنەوەی ھێرشەکانی تورکیا و بونیاتنای ھێزێکی نەتەوەیی یەکگرتووی کورد، داوا لە ھەموو  پێشمەرگەکان دەکەین بەتایبەتی پێشمەرگە دێرینەکان و تەواوی خەڵکی خاوەن شەرەف و کەرامەت، کە وەرنە ریزی بەرخودانەوە و بەیەکڕیزی و بە یەکگرتوووییەوە چۆن بە یەکڕیزی بەرەنگاری ھێزی ھۆڤانەی داعش بوونەوە بەھەمان شێوە شانبەشانی گەریلا تێبکۆشن لە دژی داگیرکەرییەکانی تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان .

٣- پێویستە حوکمەتی ئێراق و حوکمەتی ھەرێم  بەئاشکرا ھەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن. بەفەرمی داوا لە تورکیا بکەن ھێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە، چونکە ھەموو بێدەنگییەک بەواتای ھاوکاریکردنە.

٤- داوا لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین، کە ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئەم ھێرشانە بەواتای دەستدرێژیکردنە بۆ سەر سەروەریی ئێراق و ھەرێمی کوردستان.

٥- داوا لە ھەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکەین بەتایبەتی ژنانی  پەرلەمانتار و رێکخراوەکانی ژنان و ژنانی ناو  پارت و لایەنە سیاسیەکان ھەڵوێستیان ھەبێت لە بەرامبەر ئەم ھێرشانەدا دەنگی ناڕەزاییەکان بڵند بکەنەوە .

٦- دوا لە خەڵکی برادۆست و تەواوی گوندنشینان دەکەین بە چالاکیی مەدەنی و دیموکراتیانە ناڕەزایی پیشان بدەن لە دژی ئەم ھێرشانە و بێدەنگی و زوڵم و کوشتن پەسەند نەکەن. لە شێوەی خەڵکی شێلادزێ تۆڵەی خۆتان بستێننەوەو دەنگ ھەڵبرن .

٧- داوا لە ھەموو کەسێکی نەتەوەیی و دیموکراتیخواز و نیشتمانپەروەر دەکەین چۆن لەماوەی رابردوودا ھەڵوێستان ھەبوو لە دژی داگیرکاری عەفرین و لەیدژی ھێرشی سەر شەنگال و کوبانی و دوزخورماتوو و کەرکوک، ئێستاش بە ھەموو چین و توێژەکانەوە رۆژنامەوان و رۆشنبیران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەرنە برادۆست و کەرکوک ھەموومان بۆ ئەوەی ببینە قەڵغانی زیندوو لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا  لە کەرکوک و خواکورک و تەواوی باشوری کوردستان .

سوپای تورکیا بۆ دەروە

بەدەنگ و ھێزی ژنان، ....... دەشکێنین داگیرکەران

لەکەرکوک  ھەتا قەندیل ...... ھەتا ماوین دەجەنگین

برادوست  خاکی کوردانە. .... نافرۆشرێت بەبێگانە

لە برادۆست بەبەرخودان، لە کەرکوک بەتێکۆشان، دەشکێنین داگیرکەران

لەخواکورک بەرخودانە........... خاین  سەرە مەرگیانە

لەبرادۆست بەرخودانە، ..... تورکیا خەرقی دۆڕانە

نابۆ ھەمووو جۆرە داگیرکاریەک

گروپی ھەڵمەتی ژنان لە دژی داگیرکەری

١٦-٦-٢٠١٩

ر.م