یەرەکە: لەبەرانبەر هێرشەکان بێدەنگ نابین

یەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە دوو هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر ناوچەی شارپاژێر، شەهیدبوونی حەوت گەریلا و دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری کوردستانی ڕاگەیاندووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لەو هێرشانەدا دەستی سیخوڕی ناوخۆیی هەیە.

ئەمڕۆ فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر دوو هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی فاشیستی تورک دووجار لەسەر گوندەکانی سەربە شارۆچکەی ماوەتی ناوچەی شارباژێر هێرشی ئاسمانیی لە ڕێگای فڕۆکەی سیخوڕی بێفرۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی پێکهێناوە، هێرشی یەکەم لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە هەرێمی ئاسۆس ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر بە باخ و باخچەی گوندیان کەوتووە و بەشێک لە زەوی گوندەکە لە ناو ئاگردا سووتاوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە.

لە بەردەوامیدا لەسەر هێرشی دووەم هاتووە: لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنوری شارباژێر نزیک چیای “باڵۆسە”ـیان بوردوومان کرد، لەو هێرشە داگیرکارییەدا یەکینەیەکی هەڤاڵمان کە لە سەر ئەرک بوون، بوونە ئامانجی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا حەوت هەڤاڵمان لە گەڵ دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان شەهید بوون، کە دواتر ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە کاتێکی نیزیکدا ڕادەگەیێنین.

هەروەها هاتووە: ئەوە ماوەیەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی بەرفراوانی لەسەر ئەو ناوچانەی کە هێزەکانمان هەیە چڕ کردووەتەوە، لەو هەرێمانە کە تەنها گەریلاکانی “ی.ر.ک” و “پژاک” هەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بیانوی بێبنەما و نابەجێی هێرش دەکاتە سەر هێزەکانمان لە ناوچەی ئاسۆس، کە ئەوەش تەنها لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی کوردی ئازادە و پێشگرتنە لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی پارتەکەمان پژاک، چونکە هەموو کەس و لایەنێک بە ڕاشکاوی دەزانن کە لە هەرێمی شارۆچکەی ماوەت جودا لە گەریلاکنی ی.ر.ک و پژاک هێچ هێزێکی دیکە نیە و ئەو هێرشانەش بە ئامانجی ئاستەنگ کردنی خەبات و تێکۆشانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە بەشێکی دیکەش هاتووە: ئەو هێرشە دەڕەندانەی داگیرکەریانە لەسەر هێزەکانمان نیشانی دەدات، کە داگیرکەری دەوڵەتی تورک هەموو دەستکەوتی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیەش گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەبێت لەدژی ئەو هێرشانە خاوەن هەلوێستبن، هەروەها لەم کۆمەڵکوژییەی چیای باڵۆسە دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە، هەم گەلەکەمان و هەم هێزی بەرپرسیار لە ئەم ناوچانە دەبێت هەڵوێستیان دیار بکەن و ڕێگا بە کەسی سیخوڕ و بەکرێگیراو نەدەن، کە لە قۆناغێکی وەها هەستیار و مێژووییدا خزمەتی داگیرکەری بکەن.

لە کۆتاییشدا، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، جەختی کردووەتەوە؛ “وەکوو یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر ئەم هێرشە و هەبوونی سیخوڕان بێ دەنگ نابین و بێ وەڵامیان ناهێڵینەوە”.

ف.ق