یەکێک لە رێبازەکانی شەڕ: دەستدرێژی و لاقەکردن

لە ماوەی شەڕی ٤٠ ساڵەی کوردستاندا، چی گەریلا چی ژن و چی منداڵ، لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر. سزانەدانی بەرپرسانی دەوڵەت، ئەو هەڵوێستەی لە پشت دەستدرێژیەکانەوە هەیە، کردووە بە سیستم.

ئالپارسلان ئاکبوداک یەکێک لە پلەدارە سەربازیەکان، لە ١٥ی تەمموزدا لە ناوەندی شاری شرنەخ لە کاتژمێرەکانی شەودا، هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتە سەر کچە منداڵێکی ١٣ ساڵان. دوای ئەوەی ئەو کچە منداڵە هاوار دەکات، ئاکبوداک رادەکات، بەڵام دواتر دەستگیر دەکرێت. پارێزگار لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەوە رووداوی لاقەکردن نەبووە و بە قسەی پارێزگار، ناوبراو 'سەرخۆش بووە' و تەنها تۆمەتباری کرد بەوەی هەڵسوکەوتی نەشیاوی نواندووە و دەوروبەری خۆی ناراحەت کردووە' و بەم شێوەیە ویستی ئەو رووداوی لاقەکردنە بشارێتەوە.

دوای رووداوەکەی شرنەخ لە ناوچەی قوبینی شاری ئێلحیش لە ١٦ی تەمموز کەسێک بە ناوی (ئی. ئە) تەمەن ١٨ ساڵان کە دوای هەوڵی خۆکوشتن، رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئاشکرا بوو ئەفسەرێکی دەوڵەت بە ناوی (م. ع) دەستدرێژی کردووەتە سەری. لەسەر ئەو رووداوە ئەو ئەفسەرە دەستگیر کرا، بەڵام دوای وەرگرتنی وتەی، لە دادگا ئازاد کرا. ئەو ئەفسەرەش سزا نەدرا و لە وتەکانیدا وتبوو، گوایا 'سەرخۆش' بووە.

رووداوەکانی دەستدرێژی و لاقەکردن کە لەو ماوەیەدا روویداندا، نە یەکەم رووداو بوون و نە دوایین رووداویش بوون. لە کوردستان هەم لە کاتی شەڕ و هەم لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا، سوپا و جاشەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستدرێژی و لاقەکردنیان وەکو بەشێک لە سیاسەتی شەڕ بەکار هێناوە. خاڵی هاوبەشی ئەو رووداوانەش لەگەڵ دادگاکان مانەوەی دۆسیەکانە بە بێئەنجام و کۆتایی پێهاتنبانە بە بێ سزادان.

دۆسیەکەی شوکران ئەسەن

رووداوەکانی لاقەکردن و دەستدرێژی پارچەیەکی سیاسەتی شەڕی دژ بە ژنانی کوردە کە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوە دەبرێت و دۆسیەکەی شوکران ئەسەنیش نمونەکەیەتە زیندووی بەرچاوە کە لە ناو رای گشتیدا بڵاو بووەوە. لە ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٤ ژنێک بە ناوی شوکران ئەسەن بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەری، داوای یاسایی لەسەر ٤٠ سەرباز تۆمار کرابوو. داواکە لە دووهەمین دادگای سزا قوڕسەکانی مێردین تۆمار کرابوو. بەڵام بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی تۆمەتباران، رەوانەی ناوچەی سونگورلوی شاری چوروم کران. داواکە لە ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٦ لە دادگای سزا قورسەکانی سونگورلوی چوروم بەڕێوە دەچوو. دواجار دادگاییکردنی ئەو ٤٠ سەربازەی سوپا لە ساڵی ٢٠٠٨ بە بیانووی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک، دادگا بڕیاری ئازادکردنی تاوانبارانیدا.

ساڵی ٢٠٠٣ یلدرم تورکەی لە نووسینێکیدا لە رۆژنامەی رادیکالدا لە بارەی دۆسیەکەی شوکران ئەسەن و دۆسیەکانی لاقەکردن و دەستدرێژیکردن وتبووی:" ش.ئ و دایکی، دوو ژن لەو هەزار ژنەن کە لە کاتی دەستگیرکردنەکانی ئەو هەرێمە،  دەستدرێژیان کرایە سەر.  لە باشوری رۆژهەڵات (باکوری کوردستان) بە تایبەت لە ساڵەکانی ٩٠-٩٥ ئەو کەسانەی نازانن لە کاتی دەستگیرکردنەکان، دەستدرێژی و لاقەکردن بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە چووە، بەبیری دەخەینەوە. نمونەیەک؛ سەرپەل موسا چیتلی فەرماندەی قەرەقولی دێرک بە تاوانی دەستدرێژی کردنە سەر شوکران دادگایی دەکرا، بەڵام بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئازاد کرا."  

بە هۆی لاقەکردنەوە خەلات کرا

نووسەر و رۆژنامەنووس ئەڤرەنسەل سەڤا کارادا لە ساڵی ٢٠١٥ نووسینێکی نوسیبوو و لە بارەی داواکەی شوکران ئەسەن وتبووی:"فەرماندەی سەربازی موسا چیتلی کە لە ساڵەکانی ١٩٩٣-١٩٩٤ لە ناوچەی دێرکی مێردین بەرپرسی کوشتنی ١٣ کەسی دانیشتووی گوندەکانە کە بە بکەر نادیار ماوەتەوە، هاوکات بەرپرسە لە دۆسیەی لاقەکردنی شوکران ئەسەن لە کاتی دەستگیرکردنیدا و لە سەر ئەم داوایە دادگایی کرا، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی وتەی شاهیدەکان و راپۆرتی دادوەری پزیشکی، بە بیانووی 'نەبوونی بەڵگەی پێویست' ئازاد کرد و لە شورای باڵای سەربازی پلە سەربازیەکەی بەرز کرایەوە و لە ئامەد جێگیر کرا!"

لاقەکردن و دەستدرێژی لە کاتی دەستگیرکردندا

زۆربەی لاقەکردن و دەستدرێژیەکان لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا روویانداوە. ساڵی ١٩٩٢ لە ناوچەی نسێبینی شاری مێردین کەسێک بە ناوی کامیلە ع. (٥٠ ساڵان) بە ئیدیعای هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیر کرا. ئەو ژنە کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا وتەی لێوەردەگیرا، دەستدرێژیان کردە سەر. دواتر بە بیانووی لێکۆلینەوە، هێزە ئەمنیەکانیش دەستدرێژیان کردە سەر. کامیلە ع. بە هۆی خوێنبەربوون و دوای ئەشکەنجەدان بۆ ماوەی مانگێک، لە لایەن دادگاوە ئازاد کرا. ئەو داوایانەش کە بە هۆی لاقەکردنیەوە تۆمار کران، دیسان بێئەنجام کۆتاییان پێهات.

دیسان لە ناوچەی نسێبینی مێردین کەسێکی تر بە ناوی کامیلە چیغجی لە نێوان ساڵەکانی ٩١-٩١-٩٣، ٣ جار دەستگر دەکرێت، ئەشکەنجە دەدرێت و دەستدرێژی دەکرێتە سەری. چیغجی لە ساڵی ١٩٩٩ سەردانی نووسینگەی هاوکاری یاسایی لە دژی دەستدرێژی و لاقەکردن دەکات و لە دژی ئەو پۆلیسانەی دەستدرێژیان کردووەتە سەری، داوای یاسایی تۆمار دەکات. لە چوارچێوەی لێپرسینەوەکەدا داوای یاسایی لەسەر ئەفسەرێک و ٧ پۆلیس بە تۆمەتی 'ئەشکەنجە' و دەستدرێژی و لاقەکردن' تۆمار کرا و لە کۆتاییدا ئەو رووداوەش بە ئازادکردنی تاوانباران کۆتایی پێهات.

'من هێشتان لەو جەهەنەمەدا دەژیم'

ئەرەن کەسکین سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبول کە پارێزەری کامیلە چیغجیە لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٠ راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە. کەسکین رایگەیاند، ئەو لاقەکردن و دەستدرێژیەی لە کوردستان ئەنجام دەدرێت، لە دژی ناسنامەی ژنانە.

چیغجی کە لەو کۆبوونەوەیەدا قسەی کردبوو، رایگەیاندبوو، بە جۆپ دەستدرێژیان کردووەتە سەر و وتبووی:"لە ماوەی ٢٠ رۆژی سەرەتادا پۆلیسەکان دەیان جار دەستدرێژیان کردە سەرم. تووشی خوێن بەربوون بووم، منیان رەوانەی نەخۆشخانە کرد. پزیشکەکە وتی "تەندروستی زۆر خراپە و رووبەرووی مردن بووەتەوە"، دوای جەهەنەمی ٣٣ رۆژە، من ئازاد کرام. نەشتەرگەریم بۆ کرا، بەڵام چەندین ساڵە لەو جەهەنەمەدا دەژیم."

بە شوودانی بە زۆر و خۆکوشتن

ئەم جارە ساڵی ١٩٩٥ لە ناوچەی میدیادی سەر بە مێردین لەسەر شکاتێک، هێزە سەربازیەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی کەسێک بە ناوی (فارس ئا.) ناوبراو لە ماڵ نەبووە، بۆیە هێزە سەربازیەکان باوکی ناوبراویان (مەجید ئا.) ی ٦٦ ساڵان و بووکەکەی بە ناوی (ش.ئ)یان دەستگیر کرد. (ش.ئ) کە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەستبەسەر بوو، لە بەر چاوی خەزووریەوە بە دەیان جار لە لایەن سەرباز و جاشەکانەوە دەستدرێژی کرایە سەر. (ش.ئ) کە دایکی ٣ منداڵ بوو دوای هەفتەیەک ئازاد کرا و دوای رۆژێک لە ئازادکردنی لە ٢٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٥ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. (مەجید ئ.) دوای بووکەکەی، ئەویش لە رووداوێکی خۆکوژیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەستدرێژی و لاقەکردن تەنها بۆ سەر ژنان سنووردار نەمایەوە، بەڵکو منداڵانیش بوون بە قوربانی دەستدرێژیەکانی پۆلیس و سەرباز و جاشەکانی دەوڵەتی تورک، تەنانەت ئێستاشی لەگەڵدا بێت. (ر.ک) ١٠ ساڵان لە گوندی ئەیولی سەر بە شارۆچکەی مەرمەری شاری ئامەد لە ساڵی ١٩٩٦ لە لایەن جاشێکەوە بە ناوی (س.ئ) دەستدرێژی کرایە سەر. لەگەڵ ئەوەی بەرپرسی قەرەقۆڵی ناوچەکە هەڕەشەیەکی زۆری لێکربوو، بەڵام کەسوکاری ئەو منداڵە ١٠ ساڵانە، داوای یاساییان تۆمار کرد. ئەو داوایەش وەکو داواکانی تر بە بیانووی 'نەبوونی بەڵگەی پێویست' داخرا و تاوانبارەکە ئازاد کرا. دوای داخستنی داواکە، ئەو کچە لە تەمەنی منداڵیدا بە زۆرەملێ لەو جاشەی دەستدرێژی کردبووە سەری، مارە کرا.

داواکە رەتکرایەوە

لە ساڵی ٢٠٠٣ گوڵبەهار گوندوز بەڕێوەبەری لقی ژنانی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک لە شاری ئەستەنبول، لە لایەن ٤ پۆلیسی مەدەنیەوە دەستگیر کرا، هەڵسوکەوتێکی نەشیاو و دەستدرێژی کرابووە سەری. لەگەڵ ئەوەی لە راپۆرتی پزیشکی دادوەریشدا ئاماژە بە نیشانەکانی دەستدرێژی و ئەشکەنجە درابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە هێزەکانی پۆلیس لێپرسینەوەیان دەستپێکرد و ناوبراو زیندانی کرا. پارێزەرانی گوندوز داواکەیان بەرز کردەوە بۆ سەرەوە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی ئاشکرا نیە کە هێزەکانی پۆلیس ئەو ئەشکەنجەیەیان کردووە یان نە، داواکە رەتکرایەوە.

دەستدرێژی و ئەشکەنجەدانی تەرمی گەریلا

دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەو دەستدرێژیانەی بۆ سەر کەسانی مەدەنی، هاوکات لە دژی تەرمی ژنە گەریلاکانیش هێرشێکی قێزەوەن ئەنجام دەدەن. بەرچاوترین رووداو لەم چوارچێوەیەدا، تەرمی شەهید ئەکین وان بوو. ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لە ناوچەی گمگمی شاری موش تەرمی شەهید ئەکین وان (کەوسەر ئەلتورک) گەریلای یەژا-ستار کەوتە دەستی دوژمن و رووت کرایەوە و وێنەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو کردەوە. لەسەر ئەم رووداوەش داوا تۆمار کرا، بەڵام هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنرا.

ئەم رووداوە یەکەمین رووداو نەبوو. ٢٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٥ شەهید راحیمە قەهرەمان کە یەکێک بوو لە ژنە فەرماندە سەرەتایەکانی پەکەکە، لەگەڵ هەڤاڵێکیدا لە شاخی جودی شەهید کرا، لاشەکەی شێوێندرا و ویستیان بە ئەشکەنجە دەستدرێژی بکەنە سەر لاشەکەی. دوای ناڕەزایەتی زۆری گەل، تەرمی شەهید راحیمە قەهرەمان لە شرنەخ بەخاک سپێردرا.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار کە بە ناونیشانی "رێبازی شەڕی قێزەوەنی دەوڵەتی تورک: ئەشکەنجەدانی تەرمەکان" ئەندریا وۆلف (رۆناهی) ژنە گەریلا کە خەڵکی ئەلمانیا بوو بە هەمان شێوەی ئەشکەنجەدان، شەهید کرا. بە پێی وتەی شاهدەکان، لە بەرواری ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ بە دیل گرا و بە ئەشکەنجەیەکی قێزەوەن شەهید کرا.

بە پێی دانپیدانانی قاسم ئیچاکان کە پلەدارێکی سەربازی سوپای تورک بوو، وازی لە ریزەکانی سوپا هێنابوو، وتبووی کە لە ناو ریزەکانی سوپای تورکیادا پلەیەکی باڵای هەبووە و لە ٢٧ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بەیانی، یەکەیەکی سەربازیان بە مەبەستی دەوریەی سەربازی دەرچوبوون و کەوتبوونە کەمینی پەکەکەوە. بە پێی قسەکانی ئەو پلەدارە، لەو کەمینەدا ٨ سەرباز و پلەدارێکی سوپا کوژرابوون، هاوکات دوو گەریلای پەکەکەش شەهید ببوون کە یەکێکیان ژن، ئەوی دی پیاو بووە، بە پێی دانپێیانانەکانی ئیچاکان، رۆژی دواتر یەکەی تیمە تایبەتەکان چوبوون بۆ شوێنی شەڕکە.

ئەو پلەدارە دەڵێت:" ئیمەش چووین بۆ شوێنی شەڕکە و هێزەکانی تیمە تایبەتەکانیش لەوێ بوون. کاتێک ئێمە چووین، پۆلیسێکی تیمە تایبەتەکان بە ناوی رەمەزان کە خەڵکی ئەدەنە بوو، لە پشت بەردێکی گەورە دەسترێژی دەکردە سەر تەرمی ژنە گەریلاکە."

ز.ش