بە بۆنەی ٤٤هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون

دەستەیەک لە گەنجان بە بۆنەی ٤٤هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە بە دەم بانگەوازی "وەرن جەنگی ئازادییە" هاتن و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون.

دەستەیەک لە گەنجان وەک بەشێک لە هەڵمەتی 'وەرن جەنگی ئازادییە' بۆ بەشداریکردن لە بەرخودانی مێژوویی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دا بەشداری رێزەکانی پەکەکە بوون.

ئەو گەنجانە لە راگەیاندراوێکدا ڕایانگەیاند، بە بۆنەی ٤٤هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە بڕیاریان داوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن، تاوەکو بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە.

لە سەرەتای راگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەنجان سڵاویان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و بە ڕێز و منەتەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانیان کردەوە و ئەم راگەیاندراوەی خوارەوەیان پێشکەشکرد:

"پێویستە هێزە داگیرکەرەکان ئەوە بزانن، کە تواندنەوە، پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردن، تاڵانی و هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر گەلی کورد و خاک و جوگرافیای کوردستان بێ باج نابێت، هەموو ماڵێک، کە سوتێنراوە و کاولکراوە، هەموو وڵاتپارێزێکی کورد، کە کوژراوە، بۆ ئێمە دەبنە هۆکاری تۆڵەکردنەوە.

ئێمە لە جزیرەوە تا نسێبین، لە سوورەوە تا شرنەخ شەهیدە قارەمانەکانمان لەبیرنەکردووە، کە بە بەرخۆدانی خۆیان هەبوونی کوردیان پاراست و مێژوویان تۆمار کرد. ئێمە هەرگیز لە بیریان ناکەین، چونکە ئێمە قەرزداری ئەوانین. ئەگەر ئەمڕۆ ڕژێمی فاشیست گەیەندرابێتە لێواری رووخاندن و هەڵوەشانەوە، ئەوە دەرئەنجامی تێکۆشانی شەهیدانی قارەمانی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی چیاگەرەکان و زەریانەکان و ئاخینەکانە.

 گەریلاکان ئەمڕۆ بەو ڕۆحیەت و ئیرادەیەوە لە زاگرۆسەوە تا دێرسیم بەرخۆدان و شەڕ دەکەن و گورزی هەڵوەشێنەر لە ڕژێمی فاشیست دەدەن. ئێمە دەزانین بەرەی پێشی پێشەوەی تێکۆشان لە دژی ئەو ڕژێمە فاشیستییە، ناوچەکانی گەریلایە. ئەو ناوچانە، کە تێکۆشانی ئازادی بە چالاکانەترین شێوە تیایدا ئەنجام دەدرێت ناوچەکانی گەریلایە.

ئەو وانەیە، کە لە مێژووی ٤٣ ساڵەی پەکەکەوە بە دەستمان گەیشتووە، ئەوەیە، کە شۆڕش تاکە شت و رێگای پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوە و رووخاندنی  فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە. لەسەر بنەمای ئامانجی بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی رێبەرەکەمان، بە بۆنەی ٤٤هەمین ساڵی دامەزراندنی پەکەکەوە دەڵێین، بە ڕۆحی سەرکەوتن ئێمە دەبینە پەکەکە و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.

لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە بۆ شەڕکردن و شکستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی فاشیست و زاڵبوون بەسەر تێکۆشاندا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبین. ئێمە وەک بەشێک لە هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە"، کە هەڵمەتی دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی ئازادی و پاراستنی هەبوونمانە، داوا لە هەموو کەسێک دەکەین، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'وەرن جەنگی ئازادییە' بێن و ببن بە گەریلا".

ژ.ت