"بۆ خۆپاراستن لە کۆمەڵکوژی پێویستی بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە"
لەساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت : "پێویستە هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لەو خاکەی عیراق کە ململانیەی وڵاتانی لەسەر یەکلا دەکرێتەوە".
لەساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت : "پێویستە هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لەو خاکەی عیراق کە ململانیەی وڵاتانی لەسەر یەکلا دەکرێتەوە".
٣٤ ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لەساڵی ١٩٨٨ شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لەو هێرشەدا پێنج هەزار هاوڵاتی شەهیدبوون، لە ٣٤هەمین ساڵیادی ئەو کارەساتداە، چاودێران سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو هێرشەکانی ئێران و بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لەدووبارە کۆمەڵکوژکردنی کوردان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات
هیوا حەسەن رۆژنامەنووس و چاودێر و کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە باسی لە دوژمنانی کورد کرد و وتی: " دوژمنانی کورد بەردەوام لە دژایەتیکردنی کوردانداب. سەرەتا لە ٣٤هەمین ساڵیادی کیمیابارانکرنی هەڵەبجە، سەری رێز و نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی دەنوێنین، ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوینەتەوە، پێویستە ئەمرۆ لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لایەنە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەنگیان یەکبخەن، لەئیستاشدا دەبینین کە هەریەک لە تورکیا، ئێران و سوریا هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدەن و حکومەتی عیراقیش لە ڕێگەی یاساوە هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات، بۆیە پێویستە تەواوی کورد یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی کارەسات و کۆمەڵکوژی وەک هەڵەبجە دووبارە نەبێتەوە" .
هەروەها سەبارەت بە خۆ بەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لەتێوەگڵان لە ململانێکانی دەوڵەتانی هەرێمی و زلهێز، ئەو رۆژنامەنووسە ڕایگەیاند: " دوژمنانی کورد هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردیان داوە، لەئیستاشدا بەهۆی شەری روسیا و ئۆکڕانیا جیهان بەرەو جەنگێکی جیهانی دەبات، بۆیە پێویست کورد لە مامەڵەی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، دوور لە بەرژەوەندی حزبی و کەسی پێویستە لایەنە کوردییەکان لەدابەش کردنی جیهان ڕەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی گەلی کورد بکەن".
کورد پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە
لەکۆتایدا هیوا حەسەن سەبارەت بە گرنگی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قۆناغی نوێ، وتی: " لەئیستادا گۆڕانکارییەک بەڕیوەیە بەهۆی ململانێی وڵاتە زلهێزەکانەوە، کورد لە ئیستادا پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە و لەو کۆنگرەیەدا بڕیار بدرێت کە کورد بەچ ئاڕاستەیەک کار بکات لەم ململانێیە جیهانیە".
مووشەکبارانکردنی هەڕێمی کوردستان
محەمەد نەسڕەدین چاودێری ساسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە هێرشی چەند رۆژی ڕابردووی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی هێزی دژە ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "خاکی عێراق بۆتە شوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پێویست بوو هەرێمی کوردستان نەبێت بە بەشێک لەو خاکەی عیراق کە ململانێکانئ تێدا یەکلایی دەکرێتەوە، مووشەک بارانکردنی هەرێمی کوردستان ئەوە دەسەلمینێت کە نەمانتوانیوە هەرێمی کوردستان بپارێزین کە نەبێتە بەشێک لەململانێکان لەبەرئەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەوە ناگرێت کە خاکەکەی ببێتە بەشێک لە خاکی یەکلاکردنەوەی ململانێکان".
عێراق وڵاتێکی بێ سەروەرە
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی: " لە ئەمرۆدا عیراق وڵاتێکی بێ سەرەورە و ناتوانێت خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت، بۆیە بەرپرسانی هەرێمی پیویستە خاکی هەرێمی بپارێزن تا نەبێتە بەشێک لە یەکلاکردنەوەی ململانێکان" .
هەمان ئەو عەقلیەتەی کە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد ئیستا لەدژی کەرکوک بڕیاردەدات
لەکۆتاییدا سەبارەت بە ٣٤هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، محەمەد نەسڕەدین وتی: "ئەمرۆ لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بۆ ئێمەی کەرکوکی ئەم رۆژە تایبەتمەندی خۆی هەیە. لەبەر ئەوەی هەمان ئەو عەقلیەتەی کە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد، ئیستاد ئێمەی کەرکوکی درک بەهەمان عەقڵیەت دەکەین، کاتێک کە هەندێک بڕیار سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان دەدرێت لەلایەن هەندێک بڕیار بەدەستی حکومەتی فیدراڵی عیراق، هەمان عەقڵیەتی رژێمەکانی پێشووی عیراق، کە بەهەمان بیرکردنەوەی رژیمی بەعس بڕیار لەدژی شاری کەرکوک دەدەن".
ف.ق