بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی كەركوك: مەسعود و مەسرور بوونە هۆی لەدەستدانی پۆستی سەرۆكی زانكۆی كەركوك

رەوەندی مەلا مەحموود بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكەركوك رایگەیاند؛ دەبوو مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو ئێمە سەرۆكی زانكۆی كەركوك دیاری بكەین، بەڵام بەرپرسانی باڵای پەدەکە ڕێگریان کردووە.

رەوەندی مەلا مەحموود بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكەركوك رایگەیاند؛ دەبوو مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو ئێمە سەرۆكی زانكۆی كەركوك دیاری بكەین. یەكێك لەو بەربژێرانەش د. كامەران بوو كە یەكێكە لەو كەسانەی سیڤیەكەی شایستەی ئەوەیە ببێتە سەرۆكی زانكۆكە؛ لەبەر ئەوەی بەدرێژایی تەمەنی زانكۆكە هەر لەوێ و لەكەركوك ژیاوە و فەرمانەكەش لەئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە".

بەگوێرەی هەواڵێك كە لەماڵپەڕی شارپرێس بڵاوبووەتەوە؛ بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی راگەیاندووە؛ بەهۆی هەڵوێستەكانی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانیەوە، كورد پۆستی سەرۆكی زانكۆی كەركوكی لەدەست چوو. مەسرور بارزانی بە سەرۆكوەزیرانی عێراقی وتووە، بەهیچ شێوەیەك رازیی نابین كوردێك سەرۆكی زانكۆی كەركوك بێت".

مەلا مەحموود لە وتەكانیدا دەڵێت:"وەكو یەكێتی پێمانوابوو ئەگەر د.كامەرانیش نەبێت، دەتوانین د. عومەر ئینجە كە ئەویش وەكو د.كامەران خاوەن كەسایەتی ناسراوە و ماوەیەكیش جێگری سەرۆكی زانكۆ بووە، دیاری بكەین، بەڵام ئەمجارەش مەسرور بارزانی بەتەلەفۆن بەسەرۆكوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین كوردێك بكرێتە سەرۆكی زانكۆی كەركوك".

ف.ق