چالاکوانان و هونەرمەندانی کەرکوک: داواکارین چاوپێکەوتن لەگەل رێبەر ئۆجالان ئەنجام بدریت

چالاکوانان و هونەرمەندانی شاری کەرکوک داوا دەکەن دەستبەجێ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی ژیانی بەرێزیان.

ناڕەزاییەکانی گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاو دەبنەوە فراوانتر دەبێت و داوای زانیارییەکی دروست دەکەن لەسەر ژیانی ڕێبەر ئۆجالان، لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستانیش چالاکوانان و هونەرمەندان داوای دەستبەجێ چاوپێکەوتن لەگەل ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و ژیانی ڕێبەری گەلی کورد.

ئەو ڕەفتارانەی تورکیا ئەنجامی دەدات دژی یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤە

حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی لە شاری کەرکوک سەبارەت بە گۆشەگیری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی تەندروستی رێبەر ئۆجالان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "بەداخەوە لە میدیاکانی تورکیادا هەواڵی خراپی تەندروستی و بارودۆخی بەرێز ئۆجالان بڵاوبووتەوە و هیوادارم تەندروستی بەرێز ئۆجالان باش بێت، ئێمە زۆر نیگەرانین لەو ڕەفتارە نامرۆڤیەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات لەدژی بەرێز ئۆجالان کە کەسایەتیەکی کاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەراستە و سەرکردەیەکی کاریگەری بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردە و ئەو ڕەفتارانەی تورکیا کە لە دژی ئەنجامی دەدات دژی یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤە."

ئەوەی دەرحەق بەرێز ئۆجالان دەکرێت تا ئەو پەری دژە مافی مرۆڤە

هەروەها چالاکوان حەسەن حوسێن دەشڵێت: " ئەو دەوڵەتانەی کوردستان بەسەری دابەش بووە پێویستە بەشێوەیەک مامەلە بکەن کە کورد خاوەن کەیسە و خاکی ئەوانی داگیر نەکردووە و دوژمنایەتیان ناکات بەڵکو کورد تەنها مافی خۆی دەوێت و دەیەوێت بە ئاشتی بژێت، گەلی کورد و سەرکردایەتی ئازادیخوازی کورد لەپێناو ئازادی میلەتەکەیان قوربانی زۆریان داوە،

ئەوەی ئیستا دەرحەق بە بەرێز ئۆجالان دەدرێت تا ئەو پەری دژە مافی مرۆڤە وەکو هەموو چالاکوانانی هەرچوارپارچەی کوردستان منیش وەکو چالاکوانێكی کەرکوک داواکارم بەڕێگەیەکی یاسایی لەچوارچێوەی مافی مرۆڤ، ماف بدرێت بە چاوپێکەوتنی بەرێز ئۆجالان لەگەل پارێزەران و بنەماڵەکەی وە دڵنیایی بدەن بە جەماوەرو لایەنگرانی کە بەرێز ئۆجالان لەژیاندایە و تەندروستی باشە."

بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری زۆر گەورەی هەیە لەسەر شەقامی تورکی بەگشتی

لەکۆتایدا حەسە حوسێن ئاماژەی بەوەدا "ناکرێت بەو شێوەیەی دەوڵەتی تورک لەگەل بەرێز ئۆجالان مامەلە بکرێت چونکە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری زۆر گەورەی هەیە لەسەر شەقامی تورکی بەگشتی و لە باکوری کوردستان بەتایبەتی."

بەهیچ پێوەرێکی مرۆیی و ئەخلاقی مامەلە لەگەل ڕێبەر ئاپۆ نەکراوە

شێروان کەرکوکی هونەرمەندێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بەدۆخی رێبەر ئۆجالان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمیسیۆنەکانی ئەوروپا بۆ زیندانیانی سیاسی، بەهیچ پێوەرێکی مرۆیی و ئەخلاقی مامەڵە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نەکراوە وەکو زیندانکراوێکی سیاسی لەو ماوە درێژەی کە زیندانی کراوە، وێرای ئەوەی کە چەندین جار لەم ماوەیەدا پارێزەران و بنەماڵەی بەرێز ئۆجالان داوای بینین و چاوپێکەوتنیان کردووە بەڵام دەوڵەتی تورک چاوپێکەوتنی قەدەغە کردووە."

ئەم پروپاگەندەیەی تورکیا کاردانەوەی شکستەکانی دەوڵەتی تورکیا

سەبارەت بە کاریگەری رێبەر ئۆجالان لە چارەسەرکردنی کێشەکان، هونەرمەند شێروان کەرکوکی دەڵێت: "بەرێز ئۆجالان ڕێبەرێکی گەلی کوردە و ئەوە نکۆڵی لێ ناکرێت کە چ کاریگەرییەکی هەیە وە کلیلی چارەسەری دۆزی کورد بەتایبەتی لە باکوری کوردستان، خوانەخواستە بە نەمانی بەرێز ئۆجالان کێشەکە قوڵتر دەبێتەوە بۆ تورکیا، لەئیستادا لە چەند میدیایەکی تورکیا دەنگو بڵاوبۆتەوە کە رێبەر ئۆجالان تەندروستی باش نیە یان پەرژین بێت لەگیانی لەوانەیە لەژیان نەمابێت، ئەم پروپاگەندەیەی تورکیا کاردانەوەی شکستەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لەزانستی دبلۆماسی پی دەلێن(ناردنە دەروەی کێشەکان) کە لەرێگەی ناردنی کێشەکان بۆ دەرەوە حکومەتی تورکیا هەوڵی کەم کردنەوەی فشارەکانی سەری خۆی دەدات.

تورکیا لەسەرئاستی دەرەوەو ناوەوە تووشی هەرەسهێنان و داروخان بووە

سەبارەت بەهۆکاری بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی میدیاکانی دەوڵەتی تورک لەسەر دۆخی تەندروستی ڕێبەر ئۆجالان، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، چونکە تورکیا لەسەرئاستی دەرەوەو ناوەوە تووشی هەرەسهێنان و داروخان بووە و حکومەتی تورکیا بەم کردەوانە هەوڵ دەدات فۆکسی خەلکی بۆ حکومەتەکی بگەرێتەوە."

بەرێز ئۆجالان کاریزمایەکی خاوەن ئایدلۆژیایە

لە کۆتایدا ئەو هونەرمەندە وتی، "من لێرەرەوە وەکو هونەرمەندێکی کەرکوک، داواکارم چاوپێکەوتنی بەرێز ئۆجالان ئەنجام بدرێت لەگەل پارێزەر و بنەماڵەکەی، و هیوای تەمەندرێژی بۆ ڕیبەر ئاپۆ دەخوازم، رێبەر ئاپۆ سەرکردەیەکی جیاوازە بۆ نموونە ئەو پاکێچی ئاشتییەی کە رێبەر ئۆجالان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە، لەو پاکێچەدا هەموو خاڵەکانی مافی گەلەکەی دەستنیشان کرد و تەنها ئازادی خۆی نەبێت چونکە رێبەر ئاپۆ خۆی بلاوە گرنگ نیە ئەوەندی دۆزی میللەتەکەی بەلاوە گرنگە، بەرێز ئۆجالان کاریزمایەکی خاوەن ئایدلۆژیایە لەدوای نەمانیشی ئایدلۆژیای لەگۆڕەپان دەمینێتەوە."

داوای دەستبەجێ ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکەین

لەکۆتایدا شێروان کەرکوکی رایگەیاند، "من وەکو هونەرمەندێکی شاری کەرکوک، دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی ئازادیخوازان و داوای دەستبەجێ ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکەم و واژووشمان کردووە بۆ ئازادی رێبەر ئۆجالان ، هەروەها داوا دەکەین دادگایەکی نێودەوڵەتی دادپەروەر لەسەر کەیسی ئازادی بەرێز ئۆجالان ئامادە بکرێت."

دەوڵەتی فاشستی تورک بەردەوام هەوڵدەدات فکر و هزری ئاپۆیی کۆت و بەند بکات

حەمەی شانۆ چالاکوان و هەنەرمەندی شانۆیی لەشاری کەرکوک، سەبارەت بەکاریگەری و فکری رێبەر ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " فکر و ئایدلۆژیای بەرێز ئۆجالان کاریگەری هەیە لە تەواوی جیهان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، فکری ئاپۆیی وەکو جێگرەوەیەکە بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەوڵەتی فاشستی تورک بەردەوام هەوڵدەدات فکر و هزری ئاپۆیی کۆت و بەند بکات و دەنگی کورد کپ بکات،  دەبین کە ماوەی ساڵێکە دەوڵەتی تورک بەهیچ شێوەیەک رێگەی نەداوە پارێزەران و بنەماڵە و رێکخراوە مرۆییەکان سەردانی بەرێز ئۆجالان بکەن."

هەڵوستی توند وجدیمان دەبێت

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەترسی سەر ژیانی رێبەر ئۆجالان حەمەی شانۆ ئاماژەی بەوەکرد، لەم ماوەیەدا لە میدیاکانی تورکیا هەواڵێک بڵابووەوە کە مەترسی لەسەر تەندروستی رێبەر ئاپۆ هەیە و مەترسی گیان لەدەستدانی هەیە، بەهیچ شێوەیەک ئەمە قەبوول ناکەین کە رێگە بەبینینی بەرێز ئۆجالان نەدرێت و هەڵوستی توند وجدیمان دەبێت لەبەرامبەر ئەو بابەتە."

کاردانەوەی ئەو شکستهێنانەیە کە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان تووشی بوونە

هەروەها ناوبراو وتیشی: "ئەو گوشارەی دەوڵەتی تورکی فاشست دەیخاتە سەر گەلی کورد و بەرێز ئۆجالان وەکو کاردانەوەی ئەو شکستهێنانەیە کە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان تووشی بوونە، کە دواین شکسهێنانیان لە شەری گارێ بوو."

ئازادی رێبەر ئۆجالان دەبێتە کلیلێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

لەکۆتایدا حەمەی شانۆ وتی: "من وەکو چالاکوانێک و هونەرمەندێک داوای ئازادکردنی رێبەری ئۆجالان دەکەم و ئیدانەی بێ هەڵوێستی بێ دەنگی ئەو رێکخراوانە دەکەم کە خۆیان بە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دادەنێن و لەئیستاشدا بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەی خراوەتە سەر رێبەری گەلی کورد بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، بێ دەنگ بوون لەبەرمبەر کەیسی کورد و گۆشەگیری سەر ڕێبەرەکەی شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەئیستاشدا ئازادی رێبەر ئۆجالان دەبێتە کلیلێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سارێژکردنی زامەکانی کورد."

ف.ق